پەرلەمان دەنگی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەداو دواخرا



بڕیار بوو کاتژمێری 3 ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و یەکێك لە خاڵەکانی کارنامەکەشی دەنگدان دەبێت لەسەر پرۆژە یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، بەڵام پەرلەمانتارێكی كورد ڕايگەیاند، دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە دواخراوە بۆ سبەینێ.

بڕیاربوو ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو دەنگی لەسەر پرۆژە یاساکە بدرێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ دوو شەممە دواخرا و ئەمڕۆش جارێکی تر دواخرایەوە.

کاروان یار وەیس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، بەهۆی کێشەی سیاسسیەوە دەنگدان لەسەر هەڵەبجە دواخراوە، چونکە هەندێک لە فراکسیۆنەکان داوا دەکەن تەلەعفەریش بکرێتە پارێزگا.

لە کاتی پەسەندکردنی پرۆژە یاساکەدا، هەڵەبجە دەبێتە نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق و لە هەموو ڕووییەکی دارایی و کارگێڕییەوە وەك پارێزگایەکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

ڕۆژی 13ی ئاداری ڕابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی  کرد.

مانگی ڕابردووش د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، داوای کرد پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی پرۆژەکەدا.

كورد هەڕەشەی كشانەوە لە بەغدا دەكات
پێت كورد هەڕەشەی كشانەوە لە بەغدا دەكات
بڕیارێكی دیكە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە عێراقەوە دەدرێت
دوات بڕیارێكی دیكە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە عێراقەوە دەدرێت
پەیوەندیدار