مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی: داوا لە پارتی دەکەین کێشەی بارەگاکانی بە یاسا چارەسەر بکات



مەڵبەندی ڕێکخستنی دووی یەکێتی ڕایگەیاند، ئەو لایەنەی کە ڕێگای کەرکوك-هەولێری داخستووە هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانە و دەشڵێت: داوا لە حكومەتی لۆكاڵی كەركوك و هێزەكانی سوپا و پارتیش دەكەین ئەم بابەتە بە یاسا و دەستور چارەسەر بکەن بۆئەوەی “چیتر هاوڵاتیانمان نەبنە قوربانی موزایەدە پێشوەختەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن”.

ماوەی دوو ڕۆژە ژمارەیەك لە لایەنگرانی عەسائیبی ئەهلی حەق و چەند لایەنێکی دیکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوك ناڕەزاییان دەستپێکردووە و ڕێگەی کەرکوك-هەولێریشیان داخستووە.

ئەمڕۆش مەڵبەندی ڕێکخستنی یەکێتی لە کەرکوك ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ئەو دۆخە بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

لەگەڵ نزیكبوونەوەی خیانەتی گەورەی 31ی ئاب و تای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ، پارتی بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو خیانەتە گەورەی دەرحەق بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كردی ، چەند ڕۆژێكە لە كەركوك، بەبیانوی وەرگرتنەوەی بارەگاكەیان، جەنجاڵیەكی زۆریان بۆ كار و كەسابەتی هاوڵاتیانی كەركوك دروستكردووە.

لێرەوە دەمانەوێت، ئەو ڕاستیانەی بۆ هەموولایەك بخەینەڕوو: ئەو لایەنانەی ئێستا ڕێگای سەرەكی كەركوك – هەولێر، داخستووە، دۆستەكانی پارتین ، هەندێكیان لە هەولێر دانیشتوون و هەندێكیشیان لە بەغدا هاوپەیمانی پرۆسەی سیاسیی ئەون .

پارتی لە حكومەتی عێراق جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی هەیە ، لە ئەنجومەنی نوێنەران جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەرپرسیارێتی لیژنەكانی پەرلەمانی هەیە، بەڵام لەم دۆسێیە، خۆیان حەشارداوە و بێدەنگییان هەڵبژاردوە كەچی لەسەر وەرگرتنی پشك و پۆست، شەڕیانە. بێ ئەوەی باسكی سیاسیی خۆیان بۆ گەڕانەوەی دەستوری و دیموكراتیانەی بارەگاكانیان بخەنەگەڕ كە ئەوە مافێكی فرە حزبی و دیموكراتیی و دەستورییە و هێچ پێویستی بە هاندانی نەتەوەیی و گرژی نێوان پێكهاتەكان نییە.

ئەم هەنگاوەی پارتیی بۆ كەركوكییەكان نامۆ نییە و لە ڕابردووشدا كێشە و گرفتی زۆری هەمەچەشنیان درووستكردووە.

بۆیە ئەم ڕووداوەی ئێستا ڕوودەدەن، كە هاوكاتە لەگەڵ خیانەتی 31ـی ئاب، بۆ لە بیر بردنەوەی ئەو مێژووە تاڵەیە بەسەر میللتەكەمان هاتووە، كەشفكردنی دەستیانە، كە تا دوێنێ بانگەوازی ئەوەیان دەكرد بە شكۆو و بەئاڵای كوردستانەوە دەگەڕێنەوە كەچی ئێستا ناتوانن بەرگری لە بیانیەكەی خۆشیان بكەن .

ئێمە وەك مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و هەستیاری دۆخی كەركوك، هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخەكە دەدەین و داوا لە حكومەتی لۆكاڵی كەركوك و هێزەكانی سوپا و داوا لە پارتیش دەكەین ئەم بابەتە بە یاسا و دەستور نەك بە جەمسەرگیری گرژی، چارەسەر بكەن تاكو چیتر هاوڵاتیانمان نەبنە قوربانی موزایەدە پێشوەختەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن و هەموو لایەكیش كەشی پێویست بۆ دیموكراسیی و خەباتی مەدەنی مەیسەر بكەن.

مەڵبەندی دووی ڕێكخستنی كەركوكی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

29/8/2023

گەنجێک کە ئیشی گەیاندنی خواردنی دەکرد کوژرا
پێشت گەنجێک کە ئیشی گەیاندنی خواردنی دەکرد کوژرا
سەربازێکی هێزە تایبەتەکانی فەڕەنسا لە عێراق کوژرا
دواتر سەربازێکی هێزە تایبەتەکانی فەڕەنسا لە عێراق کوژرا
ەیوەندیدار