لە هەولێر جارێكی دیكە نرخی بەنزین بەرزبووەوە



بەهۆی دەنگۆی هاتنی بەنزینی 450 دیناری لەبەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان نرخی بەنزینی بازرگانی ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بە وتەی شارەزایانی بوارەكەش، بازرگانان بەنزینی كەم هاوردە دەكەن بەهۆی ئەوەی دەترسن لەوەی بەنزینەكەی عێراق بێت و زەرەر بكەن.

پەیامنێری (خەڵك) لە هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەك شەممە 30ی تەمموز، جارێكی دیكە نرخی بەنزین ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و ئێستا نرخی لیترێك بەنزینی جۆری نۆرماڵ بە 1075 دینارە و محەسەن بە 1250 دینارە و سوپەر بە 1400 دینارە.

ڕاشیگەیاند، ئەو بەنزینەی هەیە لە بەنزینخانەكان بازرگانیە و بەهۆی گەرماوە خواست لەسەر بەنزین زیادی كردووە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی نرخەكەی گرانتر ببێت.

لای خۆشیەوە، پەیامنێری (خەڵك) لە سلێمانی ڕایگەیاند، كە نرخی بەنزین لە سلێمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرزبووەوە و ئێستا لیترێك بەنزینی نۆماڵ بە 900 دینارە و موحەسەن بە 1100 دینارە و سوپەر بە 1250 دینارە.

لە ئێستادا بەنزینی 750 دیناری حكومەتی هەرێم لە هەولێر بۆ شۆفێران بەردەستە، بەڵام بەهۆی كەمی بڕەكەیەوە هەموو شۆفێرێك ناتوانێت دەستی بكەوێت و هاوكات ماوەیەكیشە ئەو بەنزینە حكومییە لە سلێمانی نەماوە.

بەهۆی جێبەجێ‌ كردنی یاسای بودجەی عێراق و ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا، بڕیارە عێراق سووتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت وەك شارەكانی دیكە، كە نرخی لیترێك بەنزین 450 دینارە، بەڵام تا ئێستا ئەو بەنزینەی عێراق نەگەیشتووە، هەروەك چۆن تا ئێستا بودجە و مووچە نەگەیشتۆتە هەرێم.

پلاسخارت گەیشتە تاران
پێشت پلاسخارت گەیشتە تاران
تەقینەوەیەک لە پاکستان کوژرانی ٤٠ کەس و برینداربوونی دەیانی تری لێکەوتەوە
دواتر تەقینەوەیەک لە پاکستان کوژرانی ٤٠ کەس و برینداربوونی دەیانی تری لێکەوتەوە
ەیوەندیدار