سەرۆک کۆمار و سەرۆکی هەرێم: هێرشەکەی کۆرمۆر ئیدانە دەکەین



سەرۆک کۆمار و سەرۆکی هەرێم هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆریان ئیدانە کرد و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆك کۆمار د.لەتیف ڕەشید پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لە بەسەردانێک لە بەغدایە.

سەرۆکایەتی کۆمار ڕایگەیاند، سەرۆک کۆمار لە دیدارەکەدا جەختیکردەوە لەسەر پێویستی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری، کە پایەیەکی سەرەکی پێشکەوتنی وڵاتە لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابوری و خزمەتگوزاری و بژێوی هاووڵاتیان.

سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستوور و یاسا و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو هاووڵاتیان.

جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەردوولا، کە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان و کارکردن لەسەر پرۆژەکانی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان لە وڵاتدا.
سەرۆك کۆمار پشتیوانی خۆی بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی بەردەوامیی هاریکاری و هاوئاهەنگی کرد لە ئاستە جیاوازەکان بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندا.
هاوکات سەرۆك کۆمار و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆریان لە پارێزگای سلێمانی ئیدانە کرد و جەختیانکردەوە، کە ئەو جۆرە تاوانانە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانین و هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.
لەلای خۆیەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم خواست و ئیرادەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم بابەتەکان، بەشێوەیەك دادپەروەری و شەفافیەت بەدیبهێنێت و ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا بەرقەرار بکات.

 

تێلێگرام تایبەتمەندی نوێ بۆ بەرنامەکەی زیاد دەکات
پێشت تێلێگرام تایبەتمەندی نوێ بۆ بەرنامەکەی زیاد دەکات
عێراق لە پلەی یەکەمی هاوردەکردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تورکیایە
دواتر عێراق لە پلەی یەکەمی هاوردەکردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تورکیایە
ەیوەندیدار