پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراقدا بە رێژەی ١٢،٦٧ جێگیرکرا



قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینارە و پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەکەدا، بە ١٢،٦٧ جێگیرکرا کە دەکاتە ١٦ تریلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار و مانگانە یەک تریلیۆن و ٣٨٤ ملیار دینارە.

لە رۆژی ھەشتی ئەم مانگەوە تا بەرەبەیانی رۆژی دووشممە ١٢ – ٦ – ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای گفتوگویەکی دوور و درێژ پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتیی کە ٦٧ ماددە لەخۆ دەگرێت بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥، پەسەند کە تیایدا ھەریەک لە ماددەکانی ١٢-١٣-١٤کە تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان، زۆرترین گفتوگۆ و مشتومڕی لەنێوان لایەنەکان دروستکرد کە بەھۆیەوە چەند جارێک دانیشتنەکە ھەڵگیراوە و دواتر دەستی پێکراوەیەوە و بە گشتیی ٦٣ی ماددە پەسەندکران و چوار ماددەیش لادران.

لە سەرەتادا ھەریەک لە ماددەکانی (١، ٣، ٥، ٦، ٧ و ٨) پەسەندکران و دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا و ماددەی چوارەمیش لەناو پڕۆژەیاساکە لادرا و پاشان دانیشتنەکە بۆ کاتژمێر یەکی رۆژی ھەینی بە کراوەیی بەجێھێڵدرا.

 

لە ماددەی یەکەمی پرۆژەیاساکەدا کە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندکرا، داھاتی بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٣ بە بڕی ١٣٤ تریلیۆن و ٥٥٢ ملیار و ٩١٩ ملیۆن و ٦٣ ھەزار دینار خەمڵێندراوە، لە کاتێکدا قەبارەی بوودجە بریتییە لە ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینار، بەم پێیەش بڕی ٦٤ تریلیۆن و ٣٥٧ ملیار و ٤٥٤ ملیۆن و ٥٧٢ ھەزار دینار کورتھێنان ھەیە.

 

ھاوکات نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار جێگیرکراوە کە کۆی ھەناردەی رۆژانەی نەوتیش سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیلە و لەو ژمارەیەش ٤٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانەی ھەرێمی کوردستانی تیادایە و ھەر لە ھەمان ماددەدا، بەھای ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ ھەزار دیناری عێراقی جێگیرکراوە.

 

بەھۆی ناکۆکییەکان و رێکنەکەوتنی لایەنەکان، دانیشتنەکەی رۆژی ھەینی دواخرا بۆ کاتژمێر شەشی ئێوارەی ھەمان رۆژ و دواتر دەست بە دانیشتنەکە کرا و ماددەکانی (٢، ٩، ١٠، ١١، ١٢، ١٣، ١٨، ١٩، ٢٠، ٢١، ٢٣ و ٢٤) پەسەندکران و دەنگدان لەسەر ماددەکانی (١٤، ١٥، ١٦ و ١٧) دواخرا و، ھەریەک لە ماددەکانی چوار و ٢٢ لە پڕۆژەیاساکە لادران، دواتریش سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی دانیشتنەکەی بە کراوەیی بۆ رۆژی شەممە ھەڵگرت.

ھەریەک لە ماددەکانی ١٢، ١٣ و ١٤ کە تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان، ناکۆکی خستە نێوان لایەنە سیاسییەکان، ھەرچەندە ماددەی ١٢ کە تایبەتە بە پشکی ھەرێمی کوردستان بە زوویی دەنگی لەسەردرا و پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا بە ١٢،٦٧ جێگیرکرا و بەم پێیەش قەبارەی بوودجەی عێراق کە ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزارە، پشکی ھەرێمی کوردستان، ١٦ تریلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینارە کە دەکاتە یەک تریلیۆن و ٣٨٤ ملیار دیناری مانگانە.

 

لە ماددەی ١٣ی پڕۆژەیاساکەدا کە تایبەتە بە داھاتە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بڕگەی یەکەمدا ئاماژە بەوەکراوە کە باجی دارایی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٢ دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم یەکلایی دەکرێتەوە، ھاوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت کە رۆژانە بڕی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆیەوە ھەناردە بکات و لە ئەگەری نەناردنی نەوت لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکییەوە یان ھەر دەروازەیەکی دیکەی فەرمی کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیاری دەکات، ئەوا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندە بە رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتە بە حکوومەتی فیدراڵ و بەکارھێنانی لە ناوخۆدا، ھەروەھا وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ پابەندکراوە بە ناردنی مانگانەی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.

 

ماددەی ١٤ زۆرترین ناکۆکی و مشتومڕیی نێوان لایەنەکانی لەسەر بوو

 

وەک لە بڕگەی یەکەمی ماددەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە گشت داھاتی نەوتی فرۆشراوی کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەژمارێکی بانکییدا کۆدەکرێنەوە ‌و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سەرپشک دەکرێت بە خەرجکردنی ئەو داھاتە ‌و لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە چاودێری دەکرێت و گشت ئەو ھەژمارانەی دیکە دادەخرێن کە بۆ ئەم مەبەستە کراونەتەوە، ھاوکات لە بڕگەی دووەمی ھەمان ماددەدا تیشکخراوەتە سەر ئەوەی کە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیی بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وردبینی لە ژمارەکان دەکەن و چاودێری ئەو گرێبەستانەش دەکرێت کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بەم بوارە واژووکراون لەبارەی دەرھێنان و گواستنەوە ‌و ھەناردەکردنی نەوتەوە، ئەوەشخراوەتەڕوو کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵدەستێت بە پێداچوونەوەی مانگانە و پاشان ئەنجامەکان رەوانەی بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق دەکات.

 

جگە لە چەند بڕگەیەکی پەیوەست بە وردبینی و پێکھێنانی لیژنەی ھاوبەش بۆ پێداچوونەوە بە بابەتەکانی پێشووی نەوت و گاز، ئاماژە بەوەشکراوە کە لە چوونە واری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، بڕگەکانی ئەم ماددەیە (١، ٢، ٣، ٤، ٥) جێبەجێ دەکرێن و تا دەرچوونی یاسای نەوت و گاز کاری پێدەکرێت.

 

شەوی دواتر، جارێکی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستی پێکرد و دەنگ لەسەر ماددەی ١٨ درا و دواتر دەنگ لەسەر ماددەی ٢٥ تا ٤١ درا و پاشان ماددەی ٤٢دا کە تایبەت بوو بە زیادکردنی باج لەسەر بەنزین، غاز و نەوتی رەش، ناکۆکی و مشتومڕی لەنێوان لایەنەکان دروست بوو ھەر بۆیەش سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران جارێکی دیکە کۆبوونەوەکەی بۆ دوێنێ یەکشەممە ھەڵگرت و بەرەبەیانی ئەمڕۆش جارێکی دیکە دانیشتنەکان دەستی پێکردەوە و پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣- ٢٠٢٤ – ٢٠٢٥ پەسەندکرا.

 

پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ھەر سێ ساڵ، ٦٧ ماددە لەخۆدەگرێت کە ٦٣ ماددەیان بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکران، ھەروەھا ماددەکانی چوار، ٢٢، ٤٢ و ٦٤ لادران.

 

ھەروەھا پێشنیازی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بە رێژەی ١٢ لەسەدا لە پارەی زیادەی نرخی فرۆشتنی نەوت خرایە دەنگدانەوە، بەڵام دەنگی پێویستی نەھێنا و رەتکرایەوە.

 

یەکێک لەو خاڵانەی کە جیاوازی خستووەتە نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکەی نێو پەرلەمان، بریتییە لە جیاوازی بوودجە و مووچەی سەربازانی عێراقی، حەشدی شەعبی و ھێزی پێشمەرگە لە پڕۆژەیاساکە بە جۆرێک کۆی بوودجەی سوپای عێراق بریتییە لە ٩ تریلیۆن و ٧٦٣ ملیار و ٧١٠ ملیۆن و ٦٢٥ ھەزار دینار لەو بوودجەیەش بڕی ٧ تریلیۆن و ٦٨٠ ملیار و ٦١٤ ملیۆن و ٤٩٣ ھەزار دینار بۆ مووچە و، یەک تریلیۆن و ٩١٣ ملیار و ٧٢٩ ملیۆن و ٢١٠ ھەزار دینار بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی.

 

ھاوکات کۆی بوودجەی حەشدی شەعبی بریتییە لە ٣ تریلیۆن و ٧٥٣ ملیار و ٧٠٣ ملیۆن و ٢٩٠ ھەزار دینار کە بڕی ٣ تریلیۆن و ٥٩٧ ملیار و ٤٠٣ ملیۆن و ٢٩٠ ھەزار دینار بۆ مووچە و بڕی ١٦٤ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنییە.

 

ھەروەھا ھیچ بڕە بوودجەیەک بۆ ھێزی پێشمەرگە دیارینەکراوە، تەنیا ٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار بۆ مووچە دیاریکراوە.

 

یەکێکی دیکە لە جیاوازییەکانی بریتییە لە ژمارە و دامەزراندن بەجۆرێک ژمارەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بریتییە لە ٢٣٨ ھەزار و ٧٥ کەس، ھەروەھا دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نوێ بۆ حەشدی شەعبی بە گوژمەی ١٠ ملیار دینار، ھەروەھا ژمارەی ھێزەکانی سوپای عێراقیش بریتییە لە ٤٥٣ ھەزار و ٩٥١ کەس و، ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگەش بریتییە لە ١٢٠ ھەزار کەس.

 

ھاوکات کەمترین مووچەی ھێزەکانی سوپای عێراق بریتییە لە یەک ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دینار، کەمترین مووچەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بریتییە لە یەک ملیۆن و ٥٠ ھەزار دینار و، کەمترین مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە بریتییە لە ٥٠١ ھەزار دینار.

پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەدا:
​​​​​​​
بە پێی ھەردوو بڕگەی یەکەم و دووەم لە ماددەی ١٢ ی یاسای بوودجەی عێراق کۆی گشتیی تەرخانکراویی شایستەی دارایییەکانی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەگاتە ١٦ تریلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار کە لەم بڕە پارەیەدا، بڕی ٨٨٧ ملیار دیناری مانگانە بۆ ٦٨١ ھەزار و ٩٧٩ فەرمانبەر دیاریکراوە، ھەروەھا ١١٢ ملیار دیناری مانگانە وەک خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.

 

ھەروەھا لەناو خشتەی خەرجییەکاندا بڕی دوو تریلیۆن و ٨٧٣ ملیار دیناری دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بۆ پێداویستییەکانی کاڵا، پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری، چاککردنەوەی مەوجودات، یارمەتییەکان و خەرجییەکانی دیکە. ھاوکات بڕی دوو تریلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان و، بڕی ٢٧٦ ملیار و ٥٥٠ ملیۆن دینار وەک پشکی ھەرێمی کوردستان لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە.

 

ھاوکات داھاتی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە بڕی یەک تریلیۆن و ٥٦٠ ملیار دینار بۆ ساڵێک خەمڵێندراوە و بەو پێیەش بڕی ٧٨٠ ملیار دینار وەک سەدا ٥٠ی داھاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.

کەی قەیرانی غاز لە سلێمانی تەواودەبێت؟
پێشت کەی قەیرانی غاز لە سلێمانی تەواودەبێت؟
واشنتۆن ٥٠ ڕێکخراوی خستە لیستی ڕەشەوە
دواتر واشنتۆن ٥٠ ڕێکخراوی خستە لیستی ڕەشەوە
ەیوەندیدار