کەی قەیرانی غاز لە سلێمانی تەواودەبێت؟



لە سلێمانی قەیرانی غازە، نوێنەری کارگەکانی غازیش دەڵێت قەیرانەکە قوڵتر دەبێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانیش دەڵێت لە دوو ڕۆژی هاتوودا کێشەکە چارەسەردەبێت.

هاووڵاتیان بەهۆی کەمی غاز پەیوەندی بەردەوام بە بریکارەکان و خاوەن کارگەکانەوە دەکەن، کۆچەر تاهیر، نوێنەری خاوەن کارگەکانی غاز لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، کەمی غاز خەریکە لە قەیران دەردەچێت و ئێستا بووەتە (قاتی غاز).

کارگەکان بەهۆی نەناردنی غاز لە کۆمپانیای دانەغازەوە، کێشەیان بۆ دروستبووە، لە یەک بۆ ١١ی ئەم مانگە کەمتر لە سێ کارگەی غاز کاریان کردووە، کارگە هەیە ١٥ ڕۆژە کارکردنی وەستاوە، لەماوەی ئەم ٢٣ ڕۆژەدا ڕۆژانە دوو بۆ سێ کارگە کاریان کردووە.

لە ڕۆژی ٢٠ مانگی ڕابردووەوە کۆمپانیای دانەغاز، کە ئەرکی بەرهەمهێنانی غازە، سەرقاڵی چاکسازییە لەو کاتەشەوە قەیرانی غاز لە سلێمانی سەریهەڵداوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمپانیاکە پێش چاکسازی، کارگەکانی غازی ئاگاداردەکردەوە، غازی پێویستی بۆ دەناردن تا لە کۆگاکانیاندا هەڵیبگرن و قەیرانی غاز سەرهەڵنەدات، سەرباری ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا کارەکانی کۆمپانیاکە تەواودەبوو.

بەڵام ئەمساڵ بەپێی وتەکانی کۆچەر تاهیر، نە خاوەن کارگەکان ئاگادارکراونەتەوە، نە غازی پێویست نێردراوە و ئەوە ٢٣ ڕۆژە هێشتا چاکسازیی کۆمپانیاکە تەواونەبووە.

ئەوەشدەخاتەڕوو، بەهۆی ئەم قەیرانە خاوەن کارگەکان زیانی زۆریان کردووە، خاوەن کارگە هەیە پێنج بۆ شەش ملیۆن دینار زیانی کردووە، چونکە کارگە هەیە ١٣ ڕۆژ کاری نەکردووە.

نوێنەری خاوەن کارگەکان ناڕازییە، دەڵێت “پێشتر کە باسی ئەزمەی غازمان دەکرد، بەرپرسەکان پێیان دەوتین عەمباری غازمان لە ڕێگای پیرەمەگرون و عەربەت هەیە، ئێستا کە قەیرانە کوا ئەو عەبارانە بۆ نایدەن بە هاووڵاتیان”.

دلێر زەینەدین، جێگری بەڕێوەبەری گشتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لەبارەی ئەو کێشەیەوە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، چاکسازییەکانی کۆمپانیای دانەغاز کەمێک درێژەی کێشاوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا هیچ کێشەیەکی کەمی غاز نییە، تا ئێستا هیچ هاووڵاتیەک کێشەی کەمی غازی نییە، بەڵام کۆتایی بە کێشەکە هاتووە.

ڕایگەیاند “ئەوە سێ ڕۆژە وردە وردە بەرهەم زیادی کردووە و لە دوو ڕۆژی داهاتووشدا کێشەکە بە تەواوی چارەسەردەبێت، لە بەیانی و دوو بەیانییەوە هەموو شتێک دەچێتەوە شوێنی خۆی”.

لە هەفتەی ڕابردوودا وەزارەتی کارەبا لەبارەی چاکسازییەکانی کۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە چاکسازییەکانی کۆمپانیاکە کۆتایی دێت و ئاستی بەرهەمهێنانی غاز دەچێتەوە شوێنی خۆی.

 

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بودجە پەیامێکی بڵاوکردەوە
پێشت نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بودجە پەیامێکی بڵاوکردەوە
پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراقدا بە رێژەی ١٢،٦٧ جێگیرکرا
دواتر پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراقدا بە رێژەی ١٢،٦٧ جێگیرکرا
ەیوەندیدار