پێشبینییەکان بە ئاڕاستەی بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دینارن بەرامبەر دۆلار



مانگی ئاداری ڕابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، کە دۆلار بە نرخی فەرمی نوێ بەرامبەر بەدینار دەفرۆشێت و ئاماژەی بەوەدابوو، کە نرخی کڕینی یەک دۆلار لە وەزارەتی دارایی، بە ھەزار و ٣٠٠ دینار دیاریی کراوە و فرۆشتنی یەک دۆلار بە بانکەکان لە ڕێگای سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە بە ھەزار و ٣١٠ دینار دیاریی کراوە، ھەروەھا فرۆشتنی یەک دۆلار لە بانکەکاندا بە ھەزار و ٣٢٠ دینار دیاریی کراوە.

دوای ئەوە بەردەوام بەهای دینار لە گۆڕانكارییدایە و لە ٢٤ كاتژمێری رابردووشدا بۆ یەكەمجار نرخی پێوانەیی تۆمار كرد بەراورد بە ٦ مانگی رابردوودا و بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی لەنێوان ١٤٢- ١٤٣هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت.

وتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات، سەرەڕای ئەوەی كە حكوومەتی عێراق ڕۆژانە بڕێكی زۆر دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام خەڵكێك هەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی دڵەڕاوكێ دروست دەكات.

كەیفی خۆشناو، وتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر بۆ ئاژانسی (ئانادۆڵو) وتی: “ئەگەرچی حكوومەتی عێراقی بڕیاریداوە كە بەهای هەر ١٠٠ دۆلارێك ١٣٢ هەزار دیناری عێراقی بێت و لەم چوارچێوەیەشدا ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری دەخاتە بازاڕ، بەڵام خەڵكێك هەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی دڵەڕاوكێ لە بازاڕ دروست دەكات، بەڵام چارەنووسی ١٠٠ دۆلار، هەر ١٣٢ هەزار دیناری عێراقییە”.

كەیفی خۆشناو پێشبینی ئەوەش دەكات، كە دوای جەژنی ڕەمەزان بەهای دینار بەرزتر بێتەوە و بگاتە ئەو بەهایەی، كە حكوومەتی عێراق دیاریی كردووە و لەمبارەیەوە وتی: “تا حكوومەتی عێراق لەسەر بڕیارەكەی خۆی بەردەوام بێت ئەوا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە و پێشبینی دەكرێت دوای جەژن بەهای دینار تەواو بەرزبێتەوە و بگاتە ئەو ئاستەی، كە حكوومەتی عێراق دیاریی كردووە”.

هاوكات كاسبكارێكی بازاڕی دراوی هەولێر هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار بۆ گرتنەبەری چەند رێكارێكی حكوومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە و ئاماژە بەوەش دەكات، كە بەرزبوونەوەی بەهای دینار كاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕ بە گشتی دروست دەكات.

كاسبكار لە بازاڕی دراو، سەعدی عەلی وتی: “لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، بەهای دینار كەمێك بەرزبووەوەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە حكوومەتی عێراق چەند رێكارێكی گرتووەتەبەر و بڕیاریداوە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبێتەوە و ئەمەش پێویستی بە كاتە، بەڵام وەك دەبینین خەڵك زیاتر بۆ خستنەڕووی دۆلار هاتووەتە بازاڕ، ئەمەش وایكردووە پڕۆسەی بەرزبوونەوەی بەهای دینار خێراتر بێت”.

سەعدی عەلی وتیشی: “ئەم گۆڕانكارییە كاریگەری لەسەر كۆی بازاڕ دروست كردووە، چونكە بە گشتی كڕین و فرۆشتن لە بازاڕ بە دۆلارە هەر بۆیەش وەك دەبینین كاریگەری تەواوی لەسەر بازاڕ هەیە”.

بە پێشبینی سەعدی عەلی بەهای هەر ١٠٠ دۆلارێك دەگاتە خوار ١٤٠ هەزار دیناری عێراقی و لەمبارەیەوە گوتی: “نزیكەی حەوت مانگ دەبێت بەهای دینار نەگەیشتووەتە ئەم شوێنە، پێشبینی دەكەین كە بەهای هەر ١٠٠ دۆلارێك بگاتە ژێر ١٤٠ هەزار دینار، چونكە ئەوەی ئێستا تێبینمان كردووە، خستنەڕووی دۆلار زیاترە لە خواست، هەر بۆیەش ئەمە وایكردووە كە بەهای دینار بەرزبێتەوە”.

بانكی ناوەندیی عێراق لە ٢٠ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٠ بڕیاری دا، بەھای ھەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی لە ١١٨ ھەزار دیناری عێراقییەوە بەرزبكاتەوە بۆ ١٤٦ ھەزار دینار ئەو بڕیارەش ھەرچەندە بووە ھۆی زیادبوونی داھاتی ناوخۆ، بەڵام لە ھەمانكاتدا نرخی زۆربەی خۆراك و كەلوپەلی لە بازاڕەكاندا بەرزكردەوە و دڵەڕاوكێی لە بۆرسەی بازاڕی شارەكاندا دروست كردووە.

سەعدی پیرە: نەوتمان فرۆشت و قەرزارین
پێشت سەعدی پیرە: نەوتمان فرۆشت و قەرزارین
جارێكی دیكە دۆلار بەرزبووەوە
دواتر جارێكی دیكە دۆلار بەرزبووەوە
ەیوەندیدار