هەرێم وەڵامی بەغدا دەداتەوە



وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا لەبارەی كەیسی ئاوارەكانەوە وەڵامی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەداتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەڵێت “هەرێمی كوردستان چەندین ساڵە میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دەوروبەر دەكات و سەرەڕای بارودۆخی سەخت و قەیرانی داراییش، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی سەرەكیی میوانداریكردنی دەیان كەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرتووە و لەڕووی ئابوورییەوە تێچوونێكی زۆر كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان”.

دەشڵێت “لای هەمووان ئاشكرایە ئەو سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەرە، لە ترسی زۆرداری و تیرۆر و سیاسەتی تایفەگەری و نەبوونی ئاسایش ، ناوچەكانیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بەشی زۆریان لە كەمپەكان نیشتەجێ بوونە”.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات “حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سینگفراوانییەوە ، هەوڵی یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی ئاوارەكانی داوە و ئەزموونێكی سەركەوتووی لە میوانداریی ئاوارەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە خستووەتە ڕوو، هەروەها هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش ، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ، باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ژیانی ئاوارەكان و خەڵكی ناوچەكە”.

راشیگەیاند “لەگەڵ ئەوەشدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان لە ئارادایە و ئەو چاوەڕوانییە هەیە كێشەی ئاوارەكان و گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ ناوچەكانیان چارەسەر بكرێت.”

روونیشیكردەوە “جێگەی داخە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا لەبری ئاماژەدان بە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێككەوتنی شنگال، كەوتووەتە موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی قسەی نابەرپرسانە و بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی. ئەم جۆرە دنیابینی و لێدوانانە شاردنەوەی خواستی ئاوارەكان و پەردەپۆشكردنی ڕاستیەكانە و، بە هیچ شێوەیەك خزمەتی دۆخی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان ناكات”.

دەشڵێت “هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم ، بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵە لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال. بەداخەوە هەتا ئێستا ، بەناوی ئاوەدانكردنەوە ، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت.
ئەگەر وەزیری كۆچ و كۆچبەران و هاوئاوازەكانی هێندە ڕاستگۆن و پەرۆشی ژیانی ئاوارەكانن با بێن كار بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال بكەن، ئەو كات هەم ئاوەدانكردنەوە ئاسانتر دەبێت و هەمیش ئەو ئاوەدانكردنەوەیە لە خزمەتی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان دەبێت”.

زیانەكانی گەستنی سەگ لەسەر منداڵ چین؟
پێت زیانەكانی گەستنی سەگ لەسەر منداڵ چین؟
پارێزگای هەولێر: شكانی بۆری ئیفراز سێ‌ كۆتایی دێت
دوات پارێزگای هەولێر: شكانی بۆری ئیفراز سێ‌ كۆتایی دێت
پەیوەندیدر