ژنێکی بەتەمەنی ئۆکراینی دەیەوێت لە جەنگێکی دیکەش ڕزگاری بێت



ژنێکی بەتەمەنی ئۆکراینی، کە لە دووەم جەنگی جیهاندا ڕزگاریی بووە و بەهۆی بارودۆخی دژواری شەڕی نێوان ڕووسیاو وڵاتەکەی تا لە مەرگ دەربازی بێت دەیان کیلۆمەتر بەپێ دەبڕێت و بووەتە باسی گەرمی رۆژ.

 

لیدیا ستێپانێڤنا لۆمیکۆڤسکا، ناچار بوو لە شارەکەی خۆی لە ئۆشێریتین هەڵبێت و بە تەنیا 10 کیلۆمەتر بە پێ بڕوات تا بگاتە ئەو ناوچانەی کە بەدەست هێزەکانی ئۆکراینن.

 

لیدیا ستێپانێڤنا لۆمیکۆڤسکا و خێزانەکەی هەفتەی ڕابردوو بڕیاریاندا شارۆچکەی ئۆشێرێتین بەجێبهێڵن، کە دەکەوێتە هێڵی پێشەوەی نێوان هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکراین لە ناوچەی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵات، کە تەنها یەک کیلۆمەتر لە نۆڤۆلیکساندریڤکاوە دوورە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا چوونەتە ناو شارۆچکەکە و شەڕ و پێکدادان چڕتر بووەوە.

 

لۆمیکۆڤسکا لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن پۆلیسی نیشتمانیی هەرێمی دۆنێتسکەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: لە خەو هەڵسام و بینیم لە هەموو شوێنێکەوە دەنگی فیشەک و تەقینەوە دێت، ئەمەش زۆر ترسناک بوو.

لەناو پشێوی هەڵاتن لە شەڕەکەدا، لۆمیکۆڤسکا – کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەهۆی پارچەی تەقەمەنیەوە بریندار بوو بوو، لە کوڕەکەی و هاوسەرەکەی هەڵدەبڕێ، لەکاتێکدا ئەندامانی خێزانەکەی ڕێگاکانی پشتەوەیان گرتەبەر، بەڵام ئەم ژنە بەساڵاچووە ناچاربوو لەسەر ڕێگای سەرەکی بمێنێتەوە .

 

بەپێی تۆمارە ڤیدیۆییەکە، لۆمیکۆڤسکا پشتی بە داردەستێک وەک گۆچان بەستووە و ناچار بووە بە درێژایی ڕۆژ بەبێ ئاو و خواردن بڕوات تا بگاتە هێڵەکانی ئۆکراین.

 

ئەو ژنە بەساڵاچووە باسی لەوەشکردووە، دووجار کەوتووە و ناچار بووە بوەستێت تا لە هەندێک شوێن پشوو بدات.

 

ئەو دەگێڕێتەوە: “هاوسەنگیم لەدەستدا و لە ناوەڕاستی شوێنێکی پر گژوگیادا کەوتمە سەر زەوی، ماوەیەک خەوتم، پاشان لە خەو هەڵسام و بەردەوام بووم لە ڕۆیشتن، دواتر جارێکی دیکە کەوتم، بەڵام دواتر هەستام و بەخۆمم وت؛ دەبێت ورەبەمە بەرخۆم و لەم جەنگەش دەرباز بم.

 

ئەو خانمە بەساڵاچووە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “من لە جەنگی جیهانی دووەم  ڕزگارم بووە، ناچارم بۆ مانەوە لەم شەڕەش بجەنگم، شەڕی پێشوو بەم شێوەیە نەبوو، من ئەو شەڕەم بینی و یەک ماڵیش نەسووتا، بەڵام ئێستا هەموو شتێک دەسوتێت.

 

هاوکات وتەبێژی پۆلیسی نیشتمانی ئۆکراین بە وەکالەت لە ناوچەی دۆنێتسک، بەناوی پاڤلۆ دیچێنکۆ، ڕایگەیاند: کاتێک سەربازانی ئۆکراین بینییان کە ژنێکی بەتەمەن بە درێژایی ڕێگاکەدا دەڕوات، بەهانایەوە چوون و ڕادەستی “فریشتە سپییەکان، کرا کە ” گروپێکی پۆلیس و هاووڵاتیانی دانیشتووی ناوچە جیاوازەکانن تا بیبەنە پەناگەیەک و پەیوەندییش بە کەسوکارەکەیەوە کرا کە سەلامەتەو لای ئەوانە.”

لە دوایین پێشهاتی ئەم چیرۆکەشدا، ئۆلێ هۆرۆخۆڤسکی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مۆنۆبانک، یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی ئۆکراین، لە تێلێگرام ڕایگەیاند؛ بانکەکەیان خانوویەک بۆ ئەو خانمە دەکڕێت.

 

ئۆکراین لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، ترسی ئەوەی هەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا مۆسکۆ هێرشێکی گەورە ئەنجام بدات.

 

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئۆکراین، ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، دیسانەوە بانگەوازی لە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی کرد، کە خێرا بن لە دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتر بۆ وڵاتەکەی، هەروەها دەست بە دانوستانە فەرمییەکان بکەنەوە بۆ پەیوەستبوونی کیێڤ بە یەکێتی ئەوروپا و پەیوەندیکردنی بە ناتۆوە.

 

لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢، ڕووسیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە ئۆکراین دەستپێکرد و تادێت بەرەکانی جەنگ فراوانتر دەبن و دەیان و سەدان لێکەوەتەی ئابوری و سەربازی دەرهاویشتەی ئەو ئۆپەراسیۆنەن.

 

سەرچاوە: ئەلجەزیرە – ئەسۆشیەیتد پرێس

ئەنجامی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی کارەبا لە ئاگرەکەی قەیسەری هەولێر ڕاگەیەندرا
پێشت ئەنجامی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی کارەبا لە ئاگرەکەی قەیسەری هەولێر ڕاگەیەندرا
ناوەڕۆکی دیدارەکەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئێران ئاشکرا کرا
دواتر ناوەڕۆکی دیدارەکەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئێران ئاشکرا کرا
ەیوەندیدار