وردەکاری ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بڵاوکرایەوە



شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، لە شەوی سێشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ و هەورەتریشقە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش نزمدەبنەوە.

محەمەد کەلار، شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و هاتنی بڕێکی زۆر شێ لەدەریای سورەوە پێشبینی دەکات لە شەوی سێشەمە 2023/4/11 بارانبارینی بەخوڕ و هەورە تریشقە بەشێوەی ناوبەناو سەڕانسەری ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوه.

دەشڵێت:”چەقی کاریگەری ئەم شەپۆلە دەکەوێتە ڕۆژی چوارشەمەوه 12ی4ی2023 بەتایبەتیش ئێوارەی چوارشەمه تا نیوەڕۆی پێنجشەمە ، کە پێشـبینی دەکەم زۆر ترین بڕی بارانبارین لەو کاتەدا ببارێت لەسەرجەم شارەکانی کوردستان، هەندێک جار لەماوەیەکی زۆر کورت دا ئەگەری زۆرترین ڕێژەی باران هەیە.

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی هۆشداری دەدات و دەڵێت:” هۆشداری توند دەدەم لە ئەگەری هاتنی لافاوی کتوڕی زۆر لە دۆڵ و نزماییەکان لەگەڵ بەرزبونی ئاستی ئاوو لەسەنتەری شارەکان بەتایبەتیش [ سلێمانی، هەولێر، گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران ، سۆران، هەڵەبجه] لەم شوێنانە ئەگەری بڕێکی زۆر باران هەیە لەئەنجامی نزمبونی پەستان بۆخوار 1005Hpa و دروستبونی هەوری زەبەلاحی سۆپەرسێل لەگەڵ بارینی تەرزە ، بەگشتی لەهەموو شارەکان بارانی بەخوڕ دەبارێت لەزۆربەی چەم و دۆڵەکانیش ئەگەری لافاوو هەیە”.

“لەپێش دەستپێکی بارانبارین و هەندێک جار لەکاتی باراندا خێرای با چالاک دەبێت بەڕێژەی 40 کیلۆمەتر لەسەعاتێکدا، لەو حاڵەتەدا ئەگەری باوباران هەیە، پلەکانی گەرماش بەڕێژەی 5 تاکوو 8 پلە سلیزی ڕوو لە نزمبونەوه دەکات و کاریگەری شەپۆلەکه لەئێوارەی هەینی 2023/4/14 کۆتایی پێدێت”. محەمەد کەلاری وادەڵێت.

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی، هۆشداری هاتنی لافاودەدات و دەڵێت:” لەڕۆژی چوارشەممە بەهیچ جۆرێک نزیکی ئەوو شوێنانە مەبنەوه کە دۆڵ و نزماین و لەکاتی گەشتنی هەورە بروسکە کەلوپەلی کارەبایی بکوژێننەوە تا هەورە بروسکە کۆتایی پێدێت ، لەئێستاشەوه داوام لە تیمەکانی بەرگری شارستانی ئەوەیە هەستن بە کردنەوەی سەرە مەنهۆڵی ئاوەڕۆکان و کردنەوەی ڕێڕەوی ئاوی باراناو، بۆئەوەی لەسەنتەری شار هیچ کۆبونەوەی ئاو یان بەرزبونی ئاستی ئاوو ڕونەدات”.

پێشبینی بڕی بارانبارین لە شەوی سێشەمە تا ئێوارەی هەینی
هەولێر و دەوروبەری 65 بۆ 89 ملیم
دهۆک و دەوروبەری 55 بۆ 75 ملیم
سلێمانی و دەوروبەری 75 بۆ 88 ملیم
کەرکوک و دەوروبەری 68 بۆ 78 ملیم
هەڵەبجه و دەوروبەری 80 بۆ 100 ملم
ئیدارەی سۆران و دەوروبەری 90 بۆ 112 ملم
ئیدارەی گەرمیان و دەوروبەری 75 بۆ 90 ملم
ئیدارەی ڕاپەڕین و دەوروبەری 90 بۆ 125 ملم

چەند تێبینیەک :
یەکەم: هۆکاری دواخستنی ڕاپۆرتی ئەم شەپۆلە بەهێزە بەهۆی گۆڕانکارییە خێرایەکانی کەش هەوا بوه چونکە ئێمە ئێستا لەوەرزی بەهارداین و زۆرترین گۆڕانکاری ڕودەدات بۆیە تائێستاش ناجێگیری لەڕوی بەهێزی و لاوازی و ڕێژەکان هەیە.

دووەم: پێویست بەترس و دڵەڕاوکێ ناکات پشت بەخودا بارانی بەڕەحمەت و بێ زیان دەبێت تەنیا داوام ئەوەیە تیمەکان ئامادەکاری پێشوەختە بکەن.

حاکم قادر: سەركۆنەی ھەر كارێكی تێكدەرانە دەكەین ببێتە ھۆی تێكچوونی باری ئارامی ھاووڵاتییانمان
پێشت حاکم قادر: سەركۆنەی ھەر كارێكی تێكدەرانە دەكەین ببێتە ھۆی تێكچوونی باری ئارامی ھاووڵاتییانمان
راگەیەندراوێک لە وەزارەتی داراییەوە لە بارەی دابەشکردنی مووچە
دواتر راگەیەندراوێک لە وەزارەتی داراییەوە لە بارەی دابەشکردنی مووچە
ەیوەندیدار