گۆشتفرۆشێک: خەڵک دێنە لامان بایی  دوو هەزار دووگ دەکڕن



نزیکەی ٥٠ ڕۆژ بەسەر بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا نرخی گۆشتی سوور دانەبەزیوە، گۆشتفرۆشێکیش دەڵێت، “لە بێ پارەییدا خەڵک دێنە لامان بایی  دوو هەزار دووگ دەکڕن”.

ئاسۆ عوسمان، وتەبێژی قەسابەکانی سلێمانی تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک لەبارەی نرخی گۆشتی سوور-ەوە ڕایگەیاند، “تا ئێستا نرخەکان وەک خۆیەتی، بەڵام دەنگۆیەک هەیە و دەڵێن ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، سبەینێ دەگاتە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی ئەو کاتە ئەگەری دابەزینی  نرخی ئاژەڵ هەیە”.

حکومەتی هەرێم ڕۆژی ٢٧ی ئازار، کۆمەڵێک بڕیاری پەسەندکرد، یەکێکیان کەمکردنەوەی باجی هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بوو بە ڕێژەی ٪٥٠.

لەو بارەیەوە ئاسۆ عوسمان وتی، “تا ئێستا کاریگەری نەکردووەتە سەر دابەزینی نرخی گۆشت، هەر کاتێک ئاژەڵێکی زۆر لە سووریا  و ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کرا، بەڵام لە هەولێرەوە هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نەکرێت، ئەو کاتە نرخی ئاژەڵ دادەبەزێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو دوینێش نرخی کیلۆیەک ئاژەڵ (بەرخ) بە نۆ هەزار و ٤٠٠ دینار بووە، ئەمڕۆ کراوە بە هەشت هەزار و ٧٠٠، پێدەچێت ئەمە کاریگەری ئەو ژمارە زۆرەی ئاژەڵ بێت کە لە سووریاوە هاوردە کراوە.

سەبارەت بە خواستی خەڵک بۆ کڕینی گۆشتی سوور بەو نرخە بەرزە، وتی، “بازاڕمان کەمی کردووە، خەڵک دێن، تەنها نرخ دەپرسن کە پێیان دەڵێین دەڕۆن و نایکڕن، خەڵک هاتووە لە بێ پارەییدا بای دوو هەزار دووگی کڕیوە”.

وتیشی، جاران ڕۆژێک ١٠ ئاژەڵمان سەر دەبڕی، ئێستا لە ڕۆژێکدا پێنج ئاژەڵیش ساغ نابێتەوە، ئەگەر خەڵک بارودۆخی باش بێت پەنا بۆ گۆشتی بەستوو نابات.

وێڕای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی کەمکردنەوەی باجی هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو، تا ئێستا نرخی گۆشت دانەبەزیوە، لە بازاڕی سلێمانی لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٥ هەزار دینار دەفرۆشرێت.

گەردەلوولێکی موگناتیسی باکوری نیوەگۆی زەوی گرتووەتەوە
پێشت گەردەلوولێکی موگناتیسی باکوری نیوەگۆی زەوی گرتووەتەوە
ئەوەی کە پێدەکەنێت هێشتا هەواڵە ترسناکەکەی نەبیستووە!
دواتر ئەوەی کە پێدەکەنێت هێشتا هەواڵە ترسناکەکەی نەبیستووە!
پەیوەندیدار