سلێمانی.. تەنها ٥٠٪ی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە نەخۆشخانەکاندا ماون



بەهۆی ئەوەی شایستەی داراییان پێنەدراوە كۆمپانیاكانی دابینكردنی دەرمان لە سنووری سلێمانی بایكۆتی كارەكەیان كرد و ڕایانگەیاند، چیتر ناتوانن لە دابینكردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەكانی دیكەی سلێمانی بەردەوامبن.

لەو بارەیەوە تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، تەنها ٥٠٪ی دەرمان لە نەخۆشخانەکاندا ماون، زیاتر لە ١٨ ملیار دیناری کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستیيە پزیشکییەکان قەرزدارە.

ئەمڕۆ کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و چاککردنەوەی ئامێرەکان لەبەردەم نەخۆشخانەی هیوا گردبوونەوە،ڕایانگەیاند بەهۆی پێنەدانی پارەکانیانەوە ناتوانن بەردەوام بن لە دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی.

ژیوار عەبدولڕەحمان، نوێنەری كۆمپانیاكانی دەرمان لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “نزیكەی سێ‌ ساڵە ئەو شایستەیەیان بۆ دابین نەكراوە، ئەگەریش دابین كرابێت تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك بووە و ڕێژەكەشی ئەوەندە كەمە بە بەراورد بەو بڕەی خەرجمان كردووە هیچ نییە”.

دەشڵێت، چەند كۆمپانیایەك تەنانەت توانای دابینكردنی مووچەی كارمەندەكانیشیان نییە، بۆیە داواكارین زۆر بەزوویی شایستە داراییەكانمان پێبدرێت.

هاوکات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی پاڵپشتی بۆ کۆمپانیاکان دەربڕی، داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم کرد، تا شایستە داراییەکانیان بۆ دابین بکەن.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، تەندروستی سلێمانی زیاتر لە ١٨ ملیار دیناری کۆمپانیاکان بۆ پارەی دەرمان، پێداویستی پزیشکی و چاککردنەوەی ئامێرەکان قەرزدارە، ساڵی ڕابردوو تەنها ٣٠ بۆ ٣٥٪ی پارەی پێویست بۆ نەخۆشخانەکان خەرجکراوە، ئێستاش ٥٠٪ی دەرمان لە نەخۆشخانەکان ماوە.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی، پارێزگای سلێمانی ساڵی ڕابردوو ڕووبەڕووی هەمان قەیران بووەوە، کێشەی نەبوونی دەرمان بەرۆکی زۆرێک لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە گرتەوە، لیژنەیەکیش لە ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ چارەسەری کێشەکە پێکهێندرا، تەندروستی سلێمانیش پێشنیاری کرد، تا پارەی دەرمان نەخرێتە سەر داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی، لیژنەکەش بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیدا، بەڵام چارەسەرنەکراوە.

گرفتی نەمان و كەمی دەرمان و بایكۆتی كۆمپانیاكانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و حكومەتیش شایستە داراییەكان دابین ناكات، ئەوەش مەترسی بۆ سەر ژیانی چەندین نەخۆش بەتایبەت نەخۆشانی شێرپەنجە دروستدەكات.

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە بەشێكی سەرەكین لە حكوومەتی ئێستای عێراق
پێشت نێچیرڤان بارزانی: ئێمە بەشێكی سەرەكین لە حكوومەتی ئێستای عێراق
مەسرور بارزانی: ڕێككەوتنەكەمان بۆ هەموو عێراق گرنگە
دواتر مەسرور بارزانی: ڕێككەوتنەكەمان بۆ هەموو عێراق گرنگە
ەیوەندیدار