مەسرور بارزانی: ڕێككەوتنەكەمان بۆ هەموو عێراق گرنگە



 

ئەمڕۆ سێ شەممە 3ی نیسانی 2023 رێككەوتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە واژۆكرا.

مەسرور بارزانی لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایگەیاند “ئەم ڕێككەوتنە، ڕێككەوتنێكی گرنگە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، دەتوانێت ببێتە بنەمایەك بۆ بودجە و هەتا یاسای نەوت و غازیش، ئەگەر بە شێوەیەكی ڕێكوپێك جێبەجێ بكرێت، ئەمە وەكوو بنەمایەك بەكار بێت”.

دەشڵێت “بێگومان دوای وەستاندنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، زیان تەنیا بە خەڵكی هەرێمی كوردستان نەكەوتووە، بەڵكوو زیان بە هەموو خەڵكی عێراق كەوتووە. ئێستا ئەو شێوازە بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، دەبێتە داهاتێكی زیاتر بۆ هەموو عێراق و هەموومان دەتوانین تێیدا سوودمەند بین”.

مەسرور بارزانی هەروەها رایگەیاند “لێرەوە دەمەوێت هەموو لایەك دڵنیا بكەمەوە كە لە سەرەتاوە ئێمە خوازیاری گەیشتن بە رێككەوتنێكی باش لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بووین، بەبێ ئەوەی ئێمە واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خۆمان بێنین، بەڵكوو ئەم ڕێككەوتنە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستانە لەسەر بنەمای دەستوور و ئەو یاسا بەركارانەی هەن”.

راشیگەیاند “سووپاسی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەم، كە بە راستی وەكوو سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق كە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراقی بە خەڵكی هەرێمی كوردستانیشەوە لەبەرچاو گرتووە و لەژێر چاودێرییان ئەم ڕێككەوتنە كراوە. هیوادارم و دڵنیاشم كە سوودی بۆ هەموو خەڵكی عێراق دەبێت”.

سلێمانی.. تەنها ٥٠٪ی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە نەخۆشخانەکاندا ماون
پێشت سلێمانی.. تەنها ٥٠٪ی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە نەخۆشخانەکاندا ماون
ڕاگیرانی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی توركی بۆ سلێمانی درێژكرایەوە
دواتر ڕاگیرانی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی توركی بۆ سلێمانی درێژكرایەوە
ەیوەندیدار