لەناو بزووتنەوە ناڕەزایی دژی چوونیان بۆ پەرلەمان سەریهەڵدا



دوای ئەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بڕیاریدا كورسییە بەتاڵەكانی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان پڕبكاتەوە، سەركردەیەكی بزووتنەوە دەستلەكاركێشانەوەی لە حزبەكەی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بڕیاری دا بە پڕکردنەوەی کورسیە بەتاڵەکانی لیستی بەرەو ئیسڵاح و وەك خۆیان دەڵێن: “ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان و دوورنەکەوتنەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی لە بەشداری سیاسی هەرێمی کوردستانە”.

سەعد عەبدوڵا گوڵپی، ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوو کاندیدی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەبنە ئەندام پەرلەمانی کوردستان، ئەوانیش عەبدوڵا حەسەن وەرتی ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی و لەیلا عەلی عەبدولعەزیز.

لای خۆشیەوە، حەسەن شکور کەرکوکی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکان بزووتنەوەی ئیسلامی لە بەیاننامەیەكدا دژایەتی خۆی بۆ بەشداری حزبەكەی لە پڕۆسەی سیاسی كوردستان ڕاگەیاند و وەك هەڵوێستێك بڕیاریدا دەستلەكار بكێشێتەوە.

حەسەن شكور ڕایگەیاند، ماوەی یاسایی پارلەمان تەواو بووە و ناکرێت لەم بێ یاساییدا بەشداری بکرێت و بخرێتە دۆخێکی خراپی مامەڵە کردنەوە، بۆیە ئەبێت حزب خۆی ئاقڵ و ژێرانە لە قۆناغی ئێستای سیاسەت و جەماوەری بوونی بڕوانێت و بزانێت چۆن مومامەرەسی سیاسەتی خۆی ئەکات.

دەشڵێت: “وەک ئەندامێکی شورا و سەرکردایەتی بزووتنەوە لە باڵی حاجی عرفانی مامۆستا مەلا عەلی دەکشێمەوە و چیتر بەشداری کاری حزب و سیاسی ناکەم لەگەڵیان و خۆم بە دور دەگرم لە ئیش و کاریان و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیم پێیانەوە نەماوە لەم ساتەوە”.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

بەناوی خوای گەورە
ئاشکرا بابەتی پارلەمان لە ئێستادا بابەتێکی هەستیار و گرنگە، بۆ کاری سیاسی و ئەدای حزب بەتایبەتی لە دۆخێکداین کە ماوەی یاسایی پارلەمان تەواو بووە و ناکرێت لەم بێ یاساییدا بەشداری بکرێت و بخرێتە دۆخێکی خراپی مامەڵە کردنەوە، بۆیە ئەبێت حزب خۆی ئاقڵ و ژێرانە لە قۆناغی ئێستای سیاسەت و جەماوەری بوونی بڕوانێت و بزانێت چۆن مومامەرەسی سیاسەتی خۆی ئەکات.

من هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرمدا ، لەگەڵ مەڵبەند و ئۆرگان و کادیرانی بزووتنەوە کە لە ئێستادا بەشداری پارلەمانی ماوە بەسەرچوو نەکەین و بەرتوڕەی جەماوەری و خەڵکی دۆست و دڵسۆزی موسڵمان نەکەوین، لەم بارەیەوە زۆر کارمکرد، بەڵام بە داخەوە بە گوێم نەكرا و قسەی من بەهەند وەرنەگیرا، تەنها مەبەست لە بەشداریکردن خراپکردنی دۆخێکی ترە بۆ بزووتنەوە و ئەندامانی بزووتنەوە.

بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنم وەک ئەندامێکی شورا و سەرکردایەتی بزووتنەوە لە باڵی حاجی عرفانی مامۆستا مەلا عەلی دەکشێمەوە و چیتر بەشداری کاری حزب و سیاسی ناکەم لەگەڵیان و خۆم بە دور دەگرم لە ئیش و کاریان و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیم پێیانەوە نەماوە لەم ساتەوە.

حسن شکور کەرکوکی
ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکان بزووتنەوەی ئیسلامی
14/3/2023

ڕووداوێكی هاتووچۆ 7 قوربانی لێكەوتەوە
پێشت ڕووداوێكی هاتووچۆ 7 قوربانی لێكەوتەوە
نرخی دۆلار ڕووی لە 130 هەزار دینارە
دواتر نرخی دۆلار ڕووی لە 130 هەزار دینارە
ەیوەندیدار