ئەمڕۆ یەكشەممە له ڕێوڕەسمێكی تایبەت، یادداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت، واژوو دەكرێت.
یادداشتەكەی نێوان وەزارەت و كۆمپانیاكە، بۆ دابینكردنی ئامێر و كەلوپەلی كشتوكاڵییە بە شێوەی قەرزی درێژخایەن بۆ جوتیارانی هەرێم، تاوەكو جوتیاران بارگرانییان نەكەوێتە سەر شان لە پڕۆژە كشتوكاڵییەكانیان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، ئەم هەنگاوە كە لەسەر ئاستی فەرمانگە كشتوكاڵییەكانی هەرێمی كوردستان و لە ماوەی ڕابردوو هەڵێنراوە، یەكێك لە ئامانجی سەرەكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لە هێڵە گشتییەكانی كابینەدا باسی لێوە كراوە. وەك چۆن لە خاڵی شەشەمی ئاستی “خزمەتگوزاری” كارنامەكەدا هاتووە: “كار دەكەین بۆ ڕەخساندنی بواری كار بۆ كەرتی تایبەت و فراوانكردنی وەبەرهێنان لە بوارەكانی وەك پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، تاكو بەم هۆیەوە دەرفەتی كار زیاد بكرێن و یاساكانی كار بە جۆرێك رێك بخرێن كە دەرفەتی كار بۆ گەنجانی هەرێم زیاتر بكرێت”.
ڕاشیگەیاند “هەر لە كارنامەی كابینەی نۆیەم دا و لە ئاستی ئابووری و دارایی، باس لەوە كراوە كە كار دەكرێت بۆ “فراوانكردنی و فرەڕەهەندكردنی ئابووریی هەرێم” كە تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت بەڵكو پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بدرێت و كشتوكاڵ بكرێتە بوارێكی سەرەكیی گرنگیدانی حكومەت و لەم پێناوەشدا حكومەت بەڵێنی داوە “كار دەكەین بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی بە ئامراز و ئامێری پێشكەوتوو و فراوانكردنی جۆریی و چەندیی بەرهەم بە پێی بنەما زانستییەكان”.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمە به مەبەستی پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان تا زیاتر پەرە بە كارەكانیان بدەن و نەوەك تەنیا پێویستی نێوخۆیی بەرهەم بهێنن، بەڵكو هەناردەی دەرەوەی وڵاتیشی بكەن.