چۆن لەڕۆژئاوای كوردستان شكست بە ئەردۆغان هێنرا؟



 

بەشێك لە توێژەرانی سیاسی ئەو هۆكارانە ئاشكرا دەكەن كە بوونەهۆی ئەوەی ئەمریكا و ڕووسیا و ئێران و سووریا شكست بە پلانی هێرشەكەی ئەردۆغان بهێنن بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و چۆنیش بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان لە ئەو بەشەی كوردستان تێكهەڵچوون.

سینان سیدای، توێژەری كاروباری توركیا لە پەیمانگەی FDD ی ئەمریكایی لە واشنتن بۆ بەرنامەی واشنتن ئۆنلاینی ئاژانسی نۆڕس پرێس دەڵێت “كاتی دەستپێكردنی پەرەسەندنەكانی توركیا دژی ڕۆژئاوا ئەمجارە جیاوازبوو لە جارەكانی پێشووی”.

دەشڵێت “دوو لایەنی سەرەكی لە هێرشەكانی توركیا ناڕازی بوون، یەكەمیان ڕووسیایە، كە هەوڵ دەدات سەقامگیری لە سووریا هەبێت تا بتوانێت چاوی لەسەر جەنگی ئۆكراین بێت”.

ئاشكراشیكرد “لایەنی دووهەم ئەمریكایە، ئەو نزیكەی هەزار سەربازی لەگەڵ سووریای دیموكرات لە جەنگی دژی داعشدان ڕۆژانە، بۆیە واشنتن نایەوێت پەرەسەندنی توركیا هەبێت، چونكە هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا لەم دواییە لەنزیك هێزەكانی ئەمریكادا بووە، ئەمریكا بۆ ئەوە ئامادە نییە، بۆیە هەر پێشڕەوییەكی سەربازی توركیا بەرەو سووریا لەلایەن ئەمریكاوە وەك گرفت سەیری دەكرێـت”.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، لە هەمان كاتدا ئەمریكا نایەوێت توركیا لە خۆی دووربخاتەوە، چونكە لە پرسی ئۆكراین هێندێك هاوكاری بۆ ئەمریكا و خۆرئاوا كردووە بەتایبەت لە پرسی هەناردەكردنی دانەوێڵەدا.

هاوكات مەحمود ئەفەندی توێژەر لە كاروباری ڕووسی لە مۆسكۆ دەڵێت “هاوپەیمانی توركی و ڕووسی ئابوورییە، ئەوە ڕێگری ڕووسیایە، كە ڕێگە لە هێرشەكانی توركیا بگرێت، تاكە مەرجی مۆسكۆ بۆ ئەنقەرە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی، گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی سووریایە كە دەستی بەسەردادەگرێت بۆ حكومەتی دیمەشق”.

ڕوونیشیكردەوە، لێكتێگەیشتنی توركی ڕووسی هەیە لەسەر ئەم بابەتە، ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نییە، بەڵكو بۆ گەمارۆدانیەتی لە ڕێگای ئۆپەراسیۆنی سەربازی و دوایی ڕادەستكردنەوەی بە سوپای سووریا.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، نزیكبوونەوە لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا هەیە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی جیۆسیاسی لە ناوچەكەدا، سەقامگیری پەیوەندی نێوانیان بەرژەوەندییەكی دوولایەنەیە.

ئەفەندی دەڵێت “توركیا خوازیاری بوونیەتی بە دەوڵەتێكی خاوەن ئابووری گەورە لەسەر بنەمای غازی ڕووسی و بەردەوامی وەبەرهێنان و پیشەسازی، بۆیە هەوڵی سەقامگیری ناوخۆیی دەدات ئەویش لە ڕێگای ئاشتەوایی لەگەڵ دیمەشق بۆ گەشەی ئابووری، بۆ ئەوەش تاكە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكانی باكوری خۆرئاوایەتی و جێگیركردنی گرووپە چەكدارە سوورییەكانی سەر بەخۆیەتی”.

لەبارەی پەیوەندی هەسەدە و دیمەشقەوە غەسان یوسف توێژەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت “ناكۆكی نێوان دیمەشق و هەسەدە ناكۆكی ناو یەك ماڵن، پێویستە چارەسەر بكرێن”.

دەشڵێت “پێویستە گفتوگۆی نێوانیان كارابكرێتەوە، بەتایبەت چەند جارێك ئەمریكا پشتی لە هەسەدە كرد و توركیا هەمیشە ڕەوشەكە دەقۆزێتەوە”.

ڕاشیگەیاند، پێویستە ڕێككەوتن بكرێت، سوپای سووریا بچێتەوە ناوچەكانی هەسەدە، هەسەدە دامودەزگەكانی دەوڵەت چۆڵ بكات، داهاتەكان دابەش بكەن، چارەسەری یەكەم بۆ وەستانەوە بەڕووی توركیا گەڕانەوەیە بۆ باوەشی دەوڵەتی سووریا، دەبێت گفتووگۆی تەواو هەبێت.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، بە بێ هەڵوێستی ڕووسیا و ئێران، توركیا ناتوانرێت بە تەنها بە دیمەشق ڕابگیردرێت.

ئامێری كشتوكاڵی بە قەرز دەدرێتە جوتیاران
پێشت ئامێری كشتوكاڵی بە قەرز دەدرێتە جوتیاران
سلێمانی.. بەهۆی لێچوونی غازەوە هۆڵێكی وەرزشی داخرا
دواتر سلێمانی.. بەهۆی لێچوونی غازەوە هۆڵێكی وەرزشی داخرا
ەیوەندیدار