غەسان عێدانی ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكان لە پەرلەمانی عیراق، هۆشداریی دەدات لە پابەندنەبوونی كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت بە بڕیاری كەمكردنەوەی نرخەكان كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەیوەندییەكانەوە دەرچووە و دەڵێت، سزای دارایی بەسەر ئەو كۆمپانیایانەدا دەسەپێنرێت كە پابەندنابن.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، عێدانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكان لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەی خۆی سازدەكات، بۆ تاوتوێكردنی دۆسێ ئەو كۆمپانیایانەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان جێبەجێنەكردووە بۆ كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێت”، ئاماژەی بە ڕەوانەكردنی ئاگادارنامەش كرد بۆ ئەو كۆمپانیایانەی بڕیاریی كەمكردنەوەی نرخییان جێبەجێنەكردووە.
بە وتەی ئەندامەكەی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكان لە پەرلەمانی عیراق:”زۆربەی كۆمپانیاكان خۆشخاڵییان دەربڕی بەرامبەر بە بڕیاری كەمكردنەوەی نرخەكان، بەو پێیەی بەسەر بەكاربەراندا سەپێنراوە، نەك كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت، بۆیە سزای دارایی گەورە بەسەر هەموو ئەو كۆمپانیایانەدا دەسەپێنرێت كە پابەند نابن بە كەمكردنەوەی نرخی مانگانەی ئینتەرنێت”.
غەسانی دەڵێت:”ئەو سزایانەی بەسەر كۆمپانیا پابەندنەبووەكاندا دەسەپێنرێن، دەگاتە ئاستی ڕاگرتنی كارەكانیان لەنێو عیراق”.
ئەمڕوۆ پێنج شەممە، 1ی كانوونی یەكەمی 2022، ژمارەیەك لە بریكاریی كۆمپانیاكانی دابینكردنی ئینتەرنێت لە زۆربەی پارێزگاكان، ڕایانگەیاندبوو كە نرخی ئینتەرنێتیان كەمنەكردۆتەوە، بەو هۆیەی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە نرخەكە كەمنەكراوەتەوە.