ئەسەد ڕیسەكەی ئەردۆغانی كردەوە بە خووری



ئەردۆغان هەڕەشەی هێرشدەكاتەوە و دژبەرانی جەنگیش هۆشداری دەدەن

وەزیری دەرەوەی سووریا لە وەڵامی ڕۆژنامەوانێكدا تەواوی ڕیسەكەی ئەردۆغانی كردەوە بەخووری كاتێك ڕایگەیاند، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا ئاساییناكەنەوە، تا كۆتاییهاتنی داگیركاری توركیا لە باكووری سووریا، ئەوە وەك وەڵامێكی تووندی شۆكهێنەر بۆ كاربەدەستانی باڵای دەوڵەتی توركیا لێكدرایەوە، كاتێك بانگەشەی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سووریا و توركیا و ڕووسیایان لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەكرد.

فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەمیر حووسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمەشق لە وەڵامی ڕۆژنامەوانێكدا لەبارەی ئەگەری كۆبوونەوەی كاربەدەستانی باڵای دیمەشق و ئەنقەرە و بانگەشەكانی كاربەدەستانی توركیادا ڕایگەیاند، دیمەشق پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە ئاساییناكاتەوە تا كۆتایی بەداگیركاری توركیا لە باكووری سووریا نەهێندرێت.

لە هەمان كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ئەوە كرد، وڵاتەكەی دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان بووە.

عەبدوڵڵاهیان ڕوونیكردەوە “كاتێك زانیومانە ئەنقەرە بە نیازی هێرشی زەمینییە، هەوڵەكانمان بۆ ڕێگری لە هێرشی زەمینی سەر باكووری سووریا خستەگەڕ، ئێمە بووینە هۆكاری ڕاگیرانی هێرشەكانی توركیا، ئێستاش خۆشحاڵین كە گفتووگۆ جێگەی شەڕ دەگرێتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان”.

ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات كاربەدەستانی باڵای توركیا لە دوای كۆبوونەوەی بەرگری و هەواڵگری توركیا و ڕووسیا و سووریا لە مۆسكۆ بانگەشەی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و دواتریش ئەسەد و ئەردۆغانیان كرد.

مێدیای توركیا لە زاری كاربەدەستێكی توركەوە بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتەكە، ئەگەری بەهێزە لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا بكرێـت.

شرۆڤەكاران ئەم وەڵامەی دیمەشق بە ئەنقەرە بە وەڵامێكی شۆكهێنەر دەزانن، چونكە ئەردۆغان خوازیارە هەرچۆنێك بێت پێش هەڵبژاردنەكانی حوزەیران گورزێك لە كورد بوەشێنێت، چونكە دوای بێهیوابوونی لە ڕازیبوونی ئەمریكا و ڕووسیا بە هێرشی سەر ڕۆژئاوا، پەنای بۆ ئەسەد برد.

ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا جارێكی دیكە هەڕەشەی لە ڕۆژئاوای كوردستان كردەوە.

كاڵن دەڵێت “ئەگەری هێرشی سەر باكووری سووریا كراوەیە هەموو كاتێك، بە ئاستی مەترسییەكانەوە پەیوەستە”.

بە ڕای چاودێران ئەم لێدوانەی كاڵن دەرئەنجامی بێهیوابوونی ئەنقەرەیە بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ دیمەشق و وەشاندنی گورزێك لە كورد لە ڕێگەی ئەسەدەوە.

بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا لە چەند لێدوانێكدا ڕایگەیاندووە، پێش هەڵبژاردنەكان لەگەڵ ئەردۆغاندا كۆنابێتەوە، چونكە ئەردۆغان خوازیاری دەستكەوتی هەڵبژاردنە.

توركیا ئەزموونی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان بە مەترسی بۆخۆی دەزانێت، چونكە تادێت پێگەی ئەمریكاش تێیدا بەهێزتردەبێت.

هاوكات تادێت گووشارەكان زیاتر دەبن بۆ ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا لە باكووری سووریا، لە ئەو چوارچێوەیەدا وەزیرانی دەرەوەی میسر و عەرەبستانی سعودیە لە كۆبوونەوەیەكدا لە ڕِیاز، دژایەتی خۆیان بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لەخاكی سووریا ڕاگەیاند.

لای خۆیەوە مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەستخۆشی لە وەزیرانی دەرەوەی میسر و سعودیە كرد بۆ دژایەتییان بەرامبەر لەشكركێشی توركیا بۆ سەر باكووری سووریا.

لە سلێمانی ئارایشتگایەك داخرا
پێشت لە سلێمانی ئارایشتگایەك داخرا
431 پێشێلكاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراون
دواتر 431 پێشێلكاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراون
ەیوەندیدار