هاووڵاتیانی عەرەب، لە هەڵەبجە، جێ بە جوتیارانی کورد لێژ دەکەن



بەشێک لە خانووە پلاستیكییەكانی هەڵەبجە بە هاووڵاتیانی عەرەب دەفرۆشرێن، ئەوەش زیانی زۆری بە جووتیارانی سنوورەكە گەیاندووە و داوا لە حكومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ دەكەن بە هانایانەوە بچن، لەكاتێكدا ئەو هاووڵاتییە عەرەبانە بەرهەمی خانووە پلاستیكییەكان بۆ بازاڕەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ڕەوانە دەكەن.

ماوەی چەند ساڵێكە خانووە پلاستیكییەكان لە هەرێم زیادیان كردووە و بە درێژایی وەرزەكانی ساڵ جووتیاران بەرووبوومە كشتوكاڵییەكانیانی تێدا بەرهەمدەهێنن.

لە هەڵەبجە، زیاتر لە ٤٦۷ خانووی پلاستیكی هەن، ئێستا زیاتر لە نیوەیان لەماوەی شەش مانگدا خستویانەتە سەرفرۆشتن و زیاتر لە ٢٥%یان فروشراون، کە دیارترین کریارانیشیان هاووڵاتیانی عەرەبن.

لەو بارەیەوە بەختیار قادر، ئەندامی ڕێكخراوی جووتیارانی ئەفرێنەری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوو ساڵە زەنگی كارەساتی مایەپووچبوونی پڕۆژە كشتوكاڵییە كانمان لێداوە بەداخەوە كەس گوێ لە جووتیاران ناگرێت، ئێستا كەسانی بە ڕەگەز عەرەب خانووە پلاستیكییەكان دەكڕن و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بەرەو باشووری عێراق دەنێرن.

دەشڵێت، داوامان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی كشتوكاڵ، پارێزگاری هەڵەبجە دەكەین، بەهانای جوتیارانی سنوورەكەوەبێن، بۆ ئەوەی كێڵگە كشتوكاڵییەكانیش هاوشێوەی خانووە پلاستیكییەكانیان لێ نەیەت و خەڵكێكی زیاتر بێكار نەبن و بە بازاڕكردن بۆ بەرهەمی جووتیاران بكرێت.

ئاماژە بەوەش دەكات، دەمانەوێت خزمەت بە كەرتی كشتوكاڵ بكەین، یەكێك لە جومگە سەرەكییەكانی ئابووری هەر وڵاتێك كشتوكاڵە، بەڵام لە هەرێم گرنگییەكی ئەوتۆی پێنادرێت، جوتیار توانای نییە ئەو باجە زۆرە بدات كە حكومەت دایناوە.

دەشڵێت، لە هەڵەبجە، زیاتر لە ٤٦۷ خانووی پلاستیكی هەن، ئێستا زیاتر لە نیوەیان، لەماوەی شەش مانگدا خستویانەتە سەرفرۆشتن و زیاتر لە 25%یان فروشراون.

باس لەوەش دەكات، ئەو كۆمپانیایانەی كەتۆو و بابەتەكانی دیكەی كشتوكاڵ دەهێنن، بە نرخی خەیاڵی دەیدەن بە جووتیاران و هیچ چاودێرییەك نییە لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە، ئەوەش بارگرانییەكی زۆری بۆ جووتیاران دروستكردووە، ئەگەر ئەو بازاڕی ئازادە نەبێت و چاودێری هەبێت ئەو كات نرخەكان بەجۆرێك دەبن لە بەرژەوەندی جووتیاران و فرۆشیاران و كڕیارانیش دەبێت بۆ نموونە كیلۆیەك تەماتە ٢٠٠دینار لەسەر ئێمەی جووتیار دەكەوێت و دەیخەینە بازاڕەوە بە ٣٠٠ دینار و فرۆشیارانیش بە ٥٠٠دینار دەیدەن بە هاووڵاتییان، بەڵام ئێستا كیلۆیەك تەماتە ٤٠٠دینار لەسەر ئێمەی جووتیار دەكەوێت و بە ١٠٠٠دینار دەفرۆشرێت بە هاووڵاتیان.

هاوكات، ستار مەحمود، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، فرۆشتنی كۆشكە پلاستیكییەكان ئاساییە و هەر كەسێك بیفرۆشێت یان بیكڕێت ئێمە ناتوانین ڕێگری لێبكەین، ئەو كەسانەی كۆشكە پلاستیكییەكان دەفرۆشن ڕەنگە خۆیان توانای كاركردنیان نەمابێت تێیاندا.

لەبارەی گرانبوونی پێداویستییە كشتوكاڵییەكانەوە بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە دەڵێت، ئاماژەی بە ئەوەشكرد، دوو هۆكار بۆ گرانبوونی بابەتە كشتوكاڵییەكان هەن یەكەمیان ئەوەیە كە ئەو پارەیەی كە پێش ساڵی2014 حكومەت بۆ پاڵشتی كشتوكاڵی دابینیدەكرد و بۆ كڕینی (پەینی كیمیایی، قڕكەرە كشتوكاڵییەكان، تۆو ی باوەڕپێكراو، بنەتۆو، ئامێرو كەلوپەلی دیكە)، خەرجدەكرا ئەوە كاریگەری زۆر باشی هەبوو بۆ جوتیاران و پەنایان بۆ بازاڕ نەدەبرد، بەڵام ئێستا ئەو پاڵپشتییە نەماوە و سەرجەم پێداویستییە كشنوكاڵییەكانی جوتیاران لە بازاڕدان و بازاڕیش كێبڕكێ‌ و قۆرخكاری تێدایە.

دەشڵێت، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە كە ماوەی دوو ساڵە نرخی دۆلار لەبەرزبوونەوەدایە ئەوە كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەلە كشتوكاڵییەكان هەیە، چونكە لەدەرەوە هاوردە دەكرێن.

دەشڵێت، هۆكاری دووەم ئەوەیە كە ماوەی دوو ساڵە نرخی دۆلار لەبەرزبوونەوەدایە ئەوە كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەلە كشتوكاڵییەكان هەیە، چونكە لەدەرەوە هاوردە دەكرێن.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بڕیاریدا باج لەسەر چەند بابەتێكی كشتوكاڵی هەڵبگرێت و گرنگی زیاتر بە بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ بدرێت، سەبارەت بەو بڕیارە بەختیار قادر وتی؛ بڕیارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ سوودی بۆ جوتیاران نەبووە، ئێمە دەمانەوێت تێچووی پێداویستییە كشتوكاڵییەكانمان لەسەر كەمبكرێتەوە، چونكە كۆمپانیاكان بە ویستی خۆیان نرخ دادەنێن، بەداخەوە وەزارەتی كشتوكاڵ بودجەی تایبەت بەخۆی نییە هەتا بتوانێت هاوكاری جووتیاران بكات.

مین و پاشماوەکانی جەنگ.. ژیانی عێراقییەکانی دژوار کردووە
پێشت مین و پاشماوەکانی جەنگ.. ژیانی عێراقییەکانی دژوار کردووە
سوێد دژی توركیا وەستایەوە
دواتر سوێد دژی توركیا وەستایەوە
ەیوەندیدار