مین و پاشماوەکانی جەنگ.. ژیانی عێراقییەکانی دژوار کردووە



عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا زۆرترین شەڕی کردووە و شەڕی تێدا ئەنجامدراوە، کە یەک بە یەکی ئەم جەنگانە، بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری هەبووە لەسەر دۆخی ئابوری و سیاسی و تەندروستی.

 

ئەم وڵاتە بە هۆی جەنگە زۆر و یەک لەدوای یەکەکانی گیرۆدەی سەدان و هەزاران ماددە و پێکهاتە لە پاشماوەکانی جەنگە .

 

لە ئامارێکی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ئاشکرا بووە، لە ئەنجامی تەقینەوەی پاشماوەکانی جەنگ لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ٥١٩ منداڵ برینداربوون.

 

سەرچاوەیەک لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دەڵێت؛ “نزیکەی شەش هەزار کیلۆمەتر زەوی بە ماددە و پاشماوەکانی جەنگ پیس بووە”.

 

دەشڵێت “نزیکەی ٢ هەزار و ٨ سەد، کیلۆمەتر زەوی پیس بوو بەم پاشماوەیانە لابراون و پاککراونەتەوە، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا وەک خۆیانن لە کاتێکدا نزیکەی هەشت ملیۆن و نیو هاوڵاتی عێراقی تێیاندا نیشتەجێن، و ڕۆژانە مەترسی لەسەریان دروست دەکەن”.

 

ئاماژە بەوەش دەکات کە “زۆربەیان مەڕدار و زبڵ کۆکەرەوەن کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەم پاشماوەیانە نییە”.

 

ئەو سەرچاوەیە کە پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتویەتی؛ نزیکەی چوار هەزار حاڵەتی کەمئەندامی یان گیان لەدەستدان بەهۆی پاشماوەکانی جەنگ تۆمارکراوە لە لەسەروەختی لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوێت تا ئێستا، کە (١٥٠٠ لەو حاڵەتە تۆمارکراوانە هی هاووڵاتیانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵن).

 

لای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق، ئەمیر عەلی ئەلحەسون، بە پێگەی(ئێرث نیوز)ی ڕاگەیاندووە، وەزارەتی ژینگە گرنگییەکی زۆر بە چارەسەرکردنی فایلی پاشماوەی جەنگ دەدات، بەتایبەتی کە پاشماوەی جەنگی نوێ هەیە و هەندێکیان نزیکن لە شوێنی نیشتەجێبوونی شارەکان بە تایبەت دوای داگیرکردنی ژمارەیەک شار و ناوچە لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، جگە لە پاشماوەی جەنگ لە نزیک کەرتی سنووری و ناوچە بیابانییەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرنامەیەکی تایبەتمان هەیە لە وەزارەتی ژینگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی جەنگ، هەوڵێکی هاوبەش لە نێوان تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەت و تیمەکانی وەزارەتی بەرگری و تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێگەی بەرگری شارستانییەوە هەیە، ئەمە جگە لە کاری هاوبەش لەگەڵ زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان لەم بوارەدا.

 

وتەبێژی وەزارەتی ژینگە دووپاتیکردەوە کە “عێراق پێویستی بە ماوەیەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی دواجار مەلەفی پاشماوەی جەنگ یەکلایی بکرێتەوە، وەزیری نوێیش تیمێکی تەکنیکی تایبەتمەندی نوێی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم مەلەفە، بەو پێیەی یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی کارەکانی وەزارەت و حکومەتی نوێ بەگشتی”.

 

ئەمیر عەلی ئەلحەسون دەشڵێت، “لەگەڵ وەرزی بارانبارین و دابارینی بەخوڕدا، ڕەنگە هەندێک پاشماوەی جەنگ لە ناوچەکان بەرەو ناوچەی نیشتەجێبوون و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان پاڵ ڕابماڵرێن، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان وریا بن و دووربکەونەوە لە هەر ناوچەیەک کە پاشماوەکانی جەنگی تێدایە بە تایبەت منی و تەقەمەنییەکان “.

 

هاوکات شارەزای بواری ژینگە، عەلی ئەللامی ئاشکرایکرد، زیاتر لە ١٢٠٠ کم سنووری عێراق لەگەڵ ئێران بە مین و پاشماوەی جەنگی پیسبووە، جەختیش لەسەر پێویستیی هەوڵی زیاتر دەکاتەوە بۆ ڕزگاربوون لەو پاشماوانە.

 

ئەللامی ڕاگەیاندووە، پاشماوەی جەنگ مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ژینگە، بەتایبەتی کە عێراق بە یەکێک لە وڵاتانی پیسبوو دادەنرێت بەهۆی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگەوە، ئەم بابەتە پێویستی بە هەوڵی ڕاستەقینە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیییەکان لەسەر ژیان و تەندروستی مرۆڤ.

 

ئەللامی ئاماژەی بەوەدا کە “چارەسەرکردنی فایلی پاشماوەی جەنگ لە عێراق پێویستی بە هەوڵێکی گەورەی نێودەوڵەتی هەیە، بەو پێیەی توانا ناوخۆییەکانی عێراق بەس نین بۆ چارەسەرکردنی خێرای ئەم بابەتە، هەروەک چۆن ڕووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی تیشکدەر و ئەوانی دیکە بەهۆی پاشماوەی جەنگەوە پێویستی بە کاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکانە لەم بوارەدا، بەو پێیەی ئەم بابەتە هەڕەشەیەو ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاریگەرییە زۆر خراپەکانی دەربکەون.

 

ئەو شارەزایە لە بواری ژینگەدا دەشڵێت، بەپێی زانیاری و ئامارەکان زیاتر لە (١٤٠٠) کیلۆمەتر لە ناوچەی سنووری عێراق و ئێران بە پاشماوەی جەنگ پیس بووە، کە خۆی لە مەترسی پیسبوونی تیشکدەر بە یۆرانیۆم، مین، پاشماوەی مووشەک، بۆمب و کەرەستەی دیکەی جەنگی دەبینێتەوە و کارکردن بۆ لابردنی ئەم پاشماوانەش بەڕاشکاوی پێویستی بە ساڵانێکی زۆرە، بۆیە هەرچی زووە دەبێت دەست بە هەنگاوی جددی بکرێت.

 

 

جێی باسە، ڕووبەری ١٢٠٠ کیلۆمەتر لە سنووری عێراق و ئێران بە مین و بۆمب پیس بووە، ئەمە جگە لەوەی ٩٠ ناوچەی پیسبووی تیشکدەر لە باشووری وڵات هەن، بەهۆی ماددەی یۆرانیۆمەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە دژی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، بەکارهات، جگە لە پاشماوەکانی داعش لەو پارێزگایانەی کە کۆنترۆڵی کردبوو، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤دا.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی موشەکەکانی جەنگ لە عێراقدا، بە ٥٠ ملیۆن دانە خەمڵیندراوە، لە کاتێکدا لەکۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاترە کە ٤٠ ملیۆن کەسە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، کە بەریوەبەرایەتی چالاکییەکانی کاروباری مین لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگە پلانێکی گەورەی ئامادەکردووە کە لە ساڵی ٢٠١٨ دەستبەکاربوون و  تا ٢٠٢٨ درێژدەبێتەوە بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی مین دژی تاک.

 

نرخی 100 دۆلار 160 هەزار دیناری تێپەڕاند
پێشت نرخی 100 دۆلار 160 هەزار دیناری تێپەڕاند
هاووڵاتیانی عەرەب، لە هەڵەبجە، جێ بە جوتیارانی کورد  لێژ دەکەن
دواتر هاووڵاتیانی عەرەب، لە هەڵەبجە، جێ بە جوتیارانی کورد لێژ دەکەن
ەیوەندیدار