بێکاری …. مۆتەکەی گەشەی ئابوری هەرێم



عیماد مەحمود

بێکاری چیە؟ به کێ دەوترێ بێکار؟

ئەم دیاردەیە بەوە پێناس دەکرێت، هەرکەسێک بە شوێن کاردا بگەڕێت ، حەزی لەکار بێت ، توانای کاری هەبێت، بەو نرخە ڕازی بێت کە لەبازاڕدا هەبێت، گەر بەو مەرجانە کاری دەست نەکەوت، ئەوا پێی دەوترێت بێکار.

ئەم دیاردەیە، هەموو ووڵاتانی دونیا ،بە پێی جیاوازی گەشەی ئابوری ووڵاتەکانیان ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبنەوە، واتە هیچ ووڵاتێک لێی بەدەر نیەو نابێ، مێژووی سەرهەڵدانی بۆ سەرەتای دەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی دەگەڕێتەوە.

ڕێژەی ستاندارت بۆ ئەم دیاردەیە چەندە؟

ئەوەی که تەواوی ئابوریناسان لەسەری کۆکن %5 ، واتە گەر ئەو ڕێژەی تێپەڕاند حاڵەتەکە ناسروشتیە، دەبێ ڕێی لێ بگیرێت.

هۆکارەکانی زیادبوونی ئەم دیاردەیە له هەرێم کورستان چیە؟

زیاد لە هۆکارێکمان هەیە بۆ تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە؛
— یەک له هۆکارە سەرەکیەکان بێ کاری شاراوەیە، لە نێو دامو دەزگاکانی میریدا، بینیمان لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، حکومەتی، هەرێمی کورستان بە دەیان هەزار لە هێزی کاری لە نێو فەرمانگە و دامودەزگاکان، کەڵەکردو دامەزراند، بە شێوەیەکی نا زانستی هەڕەمەکی، دامەزراند بە پێی خواستی کەسەکان بۆ شوێنەکان ، نەوەک پێداویستی شوێن بۆ کەسەکان، ئیدی ئەمە بوو بە سەرەتایەکی پڕ مەترسیدار بۆ زیادبوونی دیاردەی بێکاری و گورز وەشاندن لە هێزی کاری ڕاستەقینەو سامانی مرۆی و به فیڕۆدانی سامانی گشتی ووڵات، وای کرد لە هەرێمێکی بچووکی شەش ملوێن کەسیدا، ١٫٢٩٥٫٠٠٠
موچە خۆری هەبێت، واتە ڕێژەی ٪٢٢ دانیشتوانی هەرێم موچە خۆر بێت، بە بەراورد بە ووڵاتێکی زلهێزی ئەمریکا، تەنها ٪٦ شەشی موچە خۆری دەوڵەتن، واتە ٪٩٤ لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن.

–کەڵەکە بوونی ژمارەی دەرچووانی زانکۆو پەیمانگاو خوێندنە پیشەییەکان، نەڕەخساندنی هەلی کار بۆیان له گرنگترین هۆکارە زیندوەکانی ئەم دیاردەیە، ئامارە نافەرمیەکان ئاماژە بە کەڵەکەبوونی ئەم هێزەی دەستی کار دەدەن بۆ نزیک ٤٠٠٫٠٠٠ هەزار لە دەستی کار لە نێو ئەم جینەدا، واتە ساڵانە زیاد لە ٣٥ هەزار دەرچوو هەیە، هاوکات ، حکومەت لە ساڵانی ٢٠١٢ دامەزراندنی ڕاگرتووە،

— بێ متمانەیی سەرمایەی ناوخۆیە، لە بە وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان، به هۆکارێکی پڕ مەترسیداری ئەم دیاردەیە ئەژمار دەکرێت، کە هۆکار بووە، بۆ کەمبوونەوەی دەرفەتی کار، کاتێک سەرمایەدار متمانەی بە ژینگەو دۆخی سیاسی ووڵاتی خۆی نەکات ،بێگومان بە شوێن بازاڕو جێگایەکی سەلامەتر دەگەڕێت ، تا سەرمایەکەی وەگەڕ بخات . ئەوەی دەبینرێت ، سەرمایەدار لە ووڵاتی ئێمە لەبری پشتیوانی هاندان بەربەستی بۆ دروست دەکرێت،
ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی هەلی کارو کەمی داهاتی بەکاربەر دەبێت.

–شانبەشانی ئەو هۆکارانەی پێشوو بێ توانای ئاستی زانستی و گەشەی زانکۆو پەیمانگاو خوێندنە پیشەییەکانە، کە لە ئاست پێشبین و خواستی دۆخەکەدا نیین بۆ وەبەرهێنان لە سەرمای تواناو هزری کەسیدا، واتە نەیانتوانیووە تاکێکی چالاکی بەرهەمهێنی پڕ لە وزە پێشکەش بە کۆمەڵگەو ئابوری بازاڕ بکەن، بۆ پشت ڕاکردنەوەی ئەمەش، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان باشترین نمونەیە، کە زیاد لە ٢٥٠٠ کرێکارو پسپۆری بیانی کاری تێدا دەکات.
هەر ئەوەش هۆکاری هاتنی کرێکاری بیانی بووە بۆ هەرێم و زیاتر تەنگی بە دەستی کاری ناوخۆ هەڵچنیووە.

ئامارو داتاکانی عێراق و هەرێم بۆ بێکاری 

وەزارەتی پلاندانی عێراق لە ١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ بە فەرمی ژمارەی دانیشتوانی عێراقی خستە ڕوو کە ٤٠٫١٥٠٫٠٠٠ چل ملوێن و سەدو پەنجا هەزار کەسە،
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە زیادبوونی ڕێژەی بێکاری عێراقی کردووە، بۆ ٪١٦٫٣٧ کە ئەم ڕێژەیە ئاماژەیە بۆ تێپەڕاندنی ڕێژەی ستانداردی جیهانی بۆ سێ هێندەو نیو، کە زۆر مەترسی دارە،
هاوکات جیاوازی کردووە لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکە ، لە نێوان تەمەنی پڕ لە وزەی کار ،
بۆ ڕەگەزی نێر ڕێژەکە لە نێوان ٪١٣
ستانداردی جیهانی سەدا ١٠ یە
بۆ ڕەگەزی مێ ٪٣٠٫٥٩
ستانداردی جیهانی بۆ ڕەگەزی مێی لاو ٪٨

ئەگەر بەراوردی ئامارەی ناو براو بکەین بە ساڵانی پێشو لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ – تا ئەم بەروارە دەبینین ڕێژەکان زۆر زیادی کردووە . کە زۆر جێی مەترسی و جێی سەر سوڕمانە،
١٩٩٢ ٪٨٫٩
٢٠٠٢ ٪٩٫٤
٢٠١٠ ٪٨٫٣٤
٢٠١٦ ٪١١
تێبینی دەکەین سەرەڕای خراپی دۆخی ئابوری و سیاسی عێراق لەو بەروارانەدا، ڕێژەی بێکاری نیو هێندە بووە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بێ باکی و خەمساردی دەسەڵاتی سیاسی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە،

هاوکات ڕێخراوی کاری نێو دەوڵەتی ڕوپێوێکی بۆ ڕێژەی بێکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە لە مانگی ٤ی ٢٠٢٢، وەک نموزج لە ١٦٫٦٠٠ خێزان وەری گرتووە، ئاماژە بە زیاد بوونی ڕێژەی بێکاری لە عێراق ٪١٦ و هەرێم ٪١٨ دەکات.

هاوکات جیاوازی لە نێوان ڕێژەی بێکاری لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم دەکات، کە شاری دهۆک لەم ڕێژەیە بەرزترین ڕێژەیەو سلێمانی کەمترینە بە بەراورد بە پارێزگاکانی دی ،
پارێزگای دهۆک ٪٢٤٫٦٥
پارێزگای هەولێر ٪١٧٫٧
پارێزگای سلێمانی ٪١١٫٩

سەرەڕای بەرزی لە ڕادەبەدەری ڕێژەی بێکاری ئاشکرا، تێبینی ئەوە دەکەین هیچ حسابێک بۆ بێکاری شاراوە نەکراوە، لە کاتێکدا ئامارە نافەرمیەکان ئاماژە بەوە دەکەن ، لە بێکاری شاراوەدا لە هەرێمی کوردستان ، لە هەر پێنچ کەسێک چواری بێکارە، لە هەر سێ گەنچ و لاوێک دوانیان بێ کارە.

دیارترین جۆرەکانی بێکاری لەهەرێم

-بێکاری شاراوە. باوترین و مەترسیداترین جۆری بێکاریە، لە هەرێم ئەم جۆرەیان بەوە دەناسرێت، بەفیڕۆدانی توانای بەشێکە لە هێزی کار، لە پرۆسەی بەرهەمێناندا،
ئەم جۆرەیان خرابترین لێکەوتەی لەسەر ئابوری هەرێم بە جێ هێشتووە، کە هۆکاری سەرەکی بە فیڕۆدانی زۆرترین سەرمایەی مرۆییە لە وزەی هێزی کارو بە فیڕۆدانی سامانی مادی نیشتیماندا،
ئەم حاڵەتە بە گەورەترین هەڵەی مێژوویی ئیدارەدانی هەرێم ئەژمێرت، بۆ سیاسی و کاربەدەستان، کە بەشێوەی ناڕێک وهەرەمەکی دەیان هەزار لە هێزی کاریان بێ کار کرد.
– بێ کاری ئاشکرا جۆری دووەمی بێکاریە لە کوردستان کە بە چەندین شێوازی جۆربەجۆر خۆی دەبینێتەوە، بێگومان زیاتر لە یەک هۆکاری دەرکەوتنی ئەم جۆرەی بێکاری هەیە، لە گرنگترینیان ، ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ بوو، کەوای کرد، بەشە بوجەی هەرێم لە بەغداوە ڕاگیراو ئەوەش هۆکاری ڕاگرتنی پرۆژەکانی لێکەوتەوەو بەشێک لە کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکان مایە پووج بوونی خۆیان ڕاگەیاند، هاوشان داهاتی تاک بۆ ئاستێکی لاواز دابەزی ، موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا نە دەدرا، ئەمانە هۆکار بوون. کە ڕێژەی پارە لە بازاڕ کەم بکات، دواجار کاری لەسەر جموجۆڵی بازرگانی و کەمبونەوەی ڕێژەی کاری ئاشکرا کرد بە ئێستاشەوە.

بێکاری و لێکەوتەکانی 

-لێکەوتەی کۆمەڵایەتی؛ له سەرەتادا لێکەوتەکان کەسین، کەسەکە بەردەوام هەست بە نا ئارامی ، دڵەڕاوکێ دەکات، ئەم حاڵەتە هەر بەوەوە ناوەستێت بارگاوی دەبێت بە خێزان و پاشان کۆمەڵگەشەوە، بە ئاسانی دیاردەکانی تاوان زیاد دەبن دیاردەی کەم بوونەوەی هاوسەرگیری و زیاد بوونی ڕێژەی جیابوونەوەی لێ دەکەوێتەوە.

– لێکەوتەی سیاسی؛ زۆر جار زیادبوونی ڕێژەی بێکاری هۆکار دەبێت بۆ نا ئارامی سیاسی و تێکچوونی دۆخی ئاسایش و ئارامی ووڵات، چونکە تاک هەست بە بێ بەشی و کەنارگیری خۆی دەکات لە ووڵات و نیشتیمان . ئەم جۆرە نا ئـومێدیە کەسیە سەر دەکێشت بۆ یاخی بوون، ڕوو بەڕووبوونەوەی کاربە دەستان و سیاسیەکان، باشترین نمونە شۆڕشی بەهار عەرەبی ساڵانی ڕابوردوو بوو،

-لێکەوتەی ئابوری ، کار بە یەکێک له بنەما سەرەکیەکانی بەرهەمهێنان دەژمێرێت، کاتێک ئەم هێزە چالاک نابێت، کەواتە بەرهەم لە ئاستێکی باش نابێت، هاوکات ئەم هێزە کە پێکهێنەری سەرەکی کۆمەڵگەن لە ڕووی هێزو ژمارەوە کە بێکار دەبن ، مانای وایە بێ داهاتیش دەبن، ئەوەش هاوسەنگی خواست و خستنەڕو ناڕێک دەکات ،جوڵە بازرگانیەکان کەم دەکاتەوە،بەوەش ڕێژەی بێکاری زیاد دەکات،.

ڕێگاکانی چارەسەری ئەم دیاردەیە لە هەرێمدا

ڕێگاکانی جارەسەری ئەم دیاردیە بە پێی جۆرەکانی دەگۆڕێت.

لە بێکاری شاراوەدا هەروەک ئاماژەمان پێدا سەرڕێژییە لە هێزی کار لە نێو فەرمانگەکانی میریدا، بۆ بەرگرتن لەم حاڵەتە، پێویستە حکومەتی هەرێم بە خێرای بیر لە ڕێکخستنەوەی میلاک بکاتەوە، ئەو فەرمانگەو وەزارەتانەی سەرڕێژی فەرمانبەریان هەیە بگوازرێنەوە بۆ ئەو جێگایانەی کە کورتهێنانیان هەیە.
-بۆ جارەسەری بێکاری ئاشکرا،
هانی جوتیاران بدرێت بگەڕێنەوە گوندەکان و ئاوەدان بکرێنەوە.
هانی وەبەرهێنانی سەرمایەیی ناوخۆی بدرێت ، تا سەرمایەکانیان لە ناوخۆدا بخەنە گەڕ ،ژیان و سامانیان پارێزراو بێت.
-هانی وەبەرهێنانی دەرەکی بدرێت ، بە تایبەت ئەوانەی خاوەنی براندی گەورەن لە بواری پیشەسازیدا.
– دەرکردنی یاسای کار، پارێزگاری لە مافی کرێکاران بکرێت، هەر لەو یاسادا، میری ناجار بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هێزی کار بکرێت.
-گرنگی زیاتر بە زاکۆو پەیمانگاو خوێندنە پیشەییەکان بدرێت ، تا وەبەرهێنان لە سەرمایەی هزری مرۆڤ بکرێت،
-بە پێی یاسا ڕێ لە هاتنی کرێکاری نا پێویست بگیرێت.

دەرئەنجام

دەگەین بەو ڕاستیەی کە دیاردەکە، مەترسیدارو کوشندەیە، بۆ چارەسەری بەرنامەو پلانی زانستی کۆنکرێتی پێویستە، بڕیاری سیاسی و یەکلا کەرەوەی دەوێت، لە ڕێگەیە ڕاوێژ بە پسۆرانی ناوخۆ ، دەرەکی پلانەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی دیاردەکە، دەست نیشان بکرێت، گەر بەزووی ئەو هەنگاوانە نەگیرێتە بەر بەڕووی چارەسەریدا ، بێ گومان لێکترازانی کۆمەڵایەتی و لاوازی گەشەی ئابوری لە چەند ساڵی ئایندەدا ، چەند هێندە دەبێت، دواتر سەر دەکێشێت ، بۆ کۆتای هێنان بە ئەزمون و دەسەڵاتی حوکمڕانی کوردی .

*ئابوریناس

قەیرانەكان و بێدەنگی سەدر حكومەتەكەی سودانی بەکوێ دەگەیەنێت
پێشت قەیرانەكان و بێدەنگی سەدر حكومەتەكەی سودانی بەکوێ دەگەیەنێت
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ژێر دەریایی دێتە ناو جەنگی ڕووسیاو ئۆکراین
دواتر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ژێر دەریایی دێتە ناو جەنگی ڕووسیاو ئۆکراین