هەرێمی كوردستان لە دوای هەنارەوە سێو و ترێ‌ و هەنگوینیش هەناردە دەكات



 

هەرێمی كوردستان لە دوای برەودان بە هەناردەكردنی هەنار و گەیاندنی بە بازاڕی وڵاتان، سێو و ترێ‌ و هەنگوینیش هەناردە دەكات.

لەو بارەیەوە، جەلیل ساڵحی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەكردنی هەنار لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە:”هەناردەكردنی هەنار بە دەستپێشخەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بووە و تیمی سەرۆكی حكومەت، بە كارەكە هەستاون، لە ئێستادا كەرتی دووەمی كارەكەمان تەواوكردووە، له ‌كەرتی سێیەم و كۆتایین، كە كۆتا قۆناغە لە هەناردەكردنی هەنار و توانیومانە بچینە نێو بازاڕەكانی ئیمارات و لە هایپەرماركێتەكانی ئەو وڵاتە هەناری كوردستان دەست دەكەوێت. هەروەها لە وڵاتانی بەحرێن و سعوودیەش هەیە، لە كۆتا قۆناغدا پێشبینی دەكەین بچینە وڵاتی قەتەریشەوە. لە ئێستادا بە سەدان تۆن هەنار هەناردە كراوە، ئەوەی گرنگە كردنەوەی ڕێڕەوی هەناردەكەیە كە وایكردووە چەندین جووتیار پەیوەندی بە ئێمەوە‌ بكەن و هەندێكیشیان خۆیان سەردانی ئیماراتیان كردووە بەو نیازەی بەروبوومی خۆیان ببەنە وڵاتانی كەنداو.”

بە وتەی جەلیل ساڵحی:”ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی لەنێوان كوردستان و ئیمارات هەبووە، بووەتە بنەمایەك بۆ پەیوەندیی ئابووری و هەناردەكردن، ئەمەش ئاسانكارییەكی زۆری كردووە.”

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەكردنی هەنار جەختیشی كردەوە كە نووسینگەی سەرۆكوەزیران و حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاریی هەر كەسێك دەكات كە نیازی هەناردەكردنی بەرووبوومی كشتوكاڵی بۆ وڵاتانی كەنداو هەیە.

هەروەها لەبارەی بەشی دووەمی پڕۆژەكەشەوە جەلیل ساڵحی وتی:”بەشی دووەمی كارەكانمان كە ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، بریتییە لە دامەزراندنی دامەزراوەیەك بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی كە لە داهاتوویە‌كی نزیكدا ئەم دامەزراوە دادەمەزرێت و لە ماوەی ساڵێك بۆ دووساڵ ئامادە دەكرێت، تا بەدەر لە هەناردەكردنی هەنار، بتوانین بەروبوومی كشتوكاڵی تری كوردستان بۆ وڵاتانی كەنداو هەناردە بكەین، بەهەمان شێوە بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزانەی سەرۆكوەزیران بناغەیەكی بەهێزی بۆ درووستكردووە، دەتوانین كاری تەكنیكی و هەناردەكردن لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا دەستپێبكەین، بۆ ئەوەی بەدەر لە وڵاتانی كەنداو، هەناردە بۆ وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و بەریتانیاش بكەین.”

جگە لە هەنار، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ هەناردەكردنی بەرهەمەكانی سێو، ترێ و هەنگوین. هەروەها پلانی پاڵپشتیكردنی جووتیاران و زەمینە خۆشكردن بۆ هەناردەكردنی بەرهەمەكانیان بۆ بازاڕەكانی دەرەوە فراوانتر دەكرێت. لە قۆناغی داهاتووشدا جگە لە بازاڕەكانی ئیمارات، هەناری كوردستان بۆ بازاڕەكانی سعودیە و بەحرێن و وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا هەناردە دەكرێن.

لەبارەی كرانەوەی دەرگای بازاڕی وڵاتان بەڕووی بەرهەمەكانی كوردستان و نیاز و پلانی حكومەت و چۆنیەتیی فراوانكردنی ئەو بازاڕە لە وڵاتاندا، جەلیل ساڵحی، ئاماژەی بەوەكرد:”ئێستا توێژینەوە بۆ ئەوە دەكەین كە لەمساڵدا بەدەر لەهەنار، سێ بەرهەمی تر لە داهاتوویەكی نزیكدا، كە وەرز و كاتی لێكردنەوەی بەروبوومەكانیان دێت هەناردە بكەین. لەگەڵ ئەوەی توێژینەوەكان لە ئێستادا توێژینەوەی سەرەتایین و كۆتا ئەنجام نین، بەڵام ترێ، هەنگوین و سێو بەگشتی خواستیان لەسەرە، بە تایبەتی سێوی ناوچەی بەروار. بەڵام وەك باسمانكرد ئەمە سەرەتاییە و تا دەستپێكی چنینەوەی بەروبوومی كشتوكاڵی لە كوردستان و پێش دەستپێكردنی وەرزەكەی، دیاریدەكەین كە چۆن كڕیار و خواستمان بۆی دۆزیوەتەوە، چ لە وڵاتانی كەنداو یان وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بێت، كە ئێمە ئێستا كاری لەسەر دەكەین.”

لەبارەی چۆنیەتیی پێشوازیكردن و بوونی خواست لەسەر هەنار لەدەرەوەی كوردستان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەكردنی هەنار لە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی:”بەر لە هەناردە كردنی هەناری كوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات و وڵاتانی كەنداو، توێژینەوەمان كرد، تا بزانین ئەو هەنارەی ئێمە هەمانە بەپێی ئەو خەسڵەتانەی كە هەیەتی، كە لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر یان كیشوەرێك بۆ كیشوەرێكی تر جیاوازە و تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆی هەیە، لە ئەنجامدا ئەو توێژینەوەیەی كردمان و بە پێی دانیشتووانی وڵاتانی كەنداو، كە تاچەند خواستیان لەسەر هەناری كوردستان هەبێت، بۆمان دەركەوت كە هەناری ئێمە كێبڕكێی هەناری وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا دەكات و خەسڵەتەكانی نزیكن لە هی ئەوانەوە، هەروەك هەناری ئیسپانی كە لە وڵاتانی كەنداو خواستی لەسەرە، بەو پێیە بۆمان ڕوونبووەوە كە خواستێكی بۆ درووستدەبێت و خۆشبەختانە ئەو توێژینەوەی كردمان دەرئەنجامەكەی بەرجەستە بوو.”

لەبارەی مەبەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاندانی جووتیاران و پەرەپێدان و فراوانكردنی كارەكانیان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەكردنی هەنار لە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا:”بەشێكی گرنگی ئەجێندای كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهەمەچەشنكردنی داهاتی هەرێمەكەیە و جەنابی سەرۆكوەزیران و تیمەكەی لە نوسینگەی سەرۆكوەزیران، زۆر بە گڕوتینەوە خەمخۆری جوتیارانی خۆمانە، و ئەم هەوڵەی ئێستا داومانە گەواهیدەری ئەوەیە كە یارمەتیدەری جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەبین و بەبەردەوام هەوڵدەدەین بۆ بە بازاڕكردنی ئەو بەروبوومانەی هەیانە و ئەو ئەزموونە نەخوازراوانەی پێشتر هەیانبووە، دووبارە نەبێتەوە و ئەزموونێكی زۆر باشتریان بۆ درووست بكەین لە داهاتوودا. و دەرگای هەناردەكردنی بەروبوومەكانیان بەرەو وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت وڵاتانی كەنداو و یەكێتیی ئەوروپا بە ڕوویاندا بكەینەوە.”

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و گرنگیدان بە سێكتەری كشتوكاڵی، كار بۆ دۆزینەوەی بازاڕی جیاواز بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دەكات و لە پاڵپشتیكردنی جووتیارانیش بەردەوام دەبێت.

پێكهاتەی هەڵبژاردەی عیراق بەرامبەر بە عومان
پێت پێكهاتەی هەڵبژاردەی عیراق بەرامبەر بە عومان
یاریزانێكی تۆپی پێ‌ بە 100 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركرا
دوات یاریزانێكی تۆپی پێ‌ بە 100 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركرا
پەیوەندیدار