شوێنی ئەو زەویانەی دەدرێنە فەرمانبەرانی سلێمانی دیاریكرا



شارەوانی سلێمانی شوێنی ئەو زەویانەی دیاریكرد، كە دەدرێتە فەرمانبەران و ئاماژە بەوەشدەكات، زەوییەكان 200 مەترین و بڕی یەك ملیۆن دینار لە فەرمانبەران وەردەگیرێت.

زەردەشت ڕەفیق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاندووە، لیژنەیەک لە شارەوانی پێکهێندراوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات ڕێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران تەواو بکرێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو زەوییانەی لە سنوورەکە بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادە کراون، نزیکەی 17 هەزار دۆنم دەبن و سەرجەمیان دەکەونە نێو ماستەرپلانی شاری سلێمانییەوە و ئەگەر زەویەکان موڵکی حکومەت بن، ڕێکارەکانی ئاسانن، بەڵام ئەگەر موڵکی هاووڵاتیان بن، دەبێ سەرەتا خاوەنەکانیان قەرەبوو بکرێنەوە، کە ئەوەش پێویستی بە بودجەیە.

وتیشی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان لە جێبەجێکردنی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا جیدین و بەپێی بەرنامە دیاریکراوەکان دەچنە پێشەوە”.

ئاشكراشی كرد، ئەو زەوییانەی بڕیارە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن، دەکەونە سنووری ناوچەکانی تاسڵوجە، سۆتکە و تانجەرۆی شارەکە و زەوییەكان 200 مەترین ‌و بۆ هەر مەترێكیش 5 هەزار دینار لە فەرمانبەران وەردەگیرێت،‌ واتە نرخی هەر زەوییەک دەگاتە یەک ملیۆن دینار.

بەشێک لە فەرمانبەران گلەیی لە شوێنی زەوییەکان دەکەن و دەڵێن، ”شوێنەکانیان زۆر خراپە و پارە ناکەن”. بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی لەوبارەوە دەڵێت: ”ئەمە پەیوەستە بە نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان. ئەگەر ئاوەدان بکرێنەوە و خزمەتگوزارییان بۆ بچێت، بێگومان نرخیان بەرز دەبێتەوە.”

 

وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی وانەبێژانی هەرێم دا
پێشت وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی وانەبێژانی هەرێم دا
ئەپیكۆر زیانی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات
دواتر ئەپیكۆر زیانی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات
پەیوەندیدار