نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین گرانبوو



لە شاری سلێمانی جارێکی دیکە نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین گرانبوو، هۆکارەکەی بۆ نەبوونی بەنزینی پاڵپشتیکراو دەگەڕێنرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، لە دوێنێ ئێوارەوە نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین (نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر) لە شاری سلێمانی گرانبووە و ٢٥ دینار چووەتە سەر.

ئێستا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ ٨٧٥ دینار، موحەسەن ١٠٧٥ دینار و بەنزینی سوپەر ١٢٢٥ دینارە، بەردەوام گرانبوونی نرخی بەنزین ناڕەزایەتی و گلەیی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە، چونکە لە ماوەی سێ مانگدا ئەمە سێیەم جارە نرخەکان گرانببن.

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی خەڵکی ڕایگەیاند، هۆکاری گرانبوونی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی خواستی هاووڵاتییان لەسەر بەنزین لە وەرزی هاوین.

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی ساڵێک دەبێت، بەنزینی پاڵپشتیکراو لە شاری سلێمانی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشناکرێت، کە بە نرخی ٧٥٠ دیناربوو و لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دابیندەکرا.

ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەین بۆئەوەی بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ سلێمانی دابینبکرێت وەک شاری هەولێر، کە تا ڕادەیەکی باش دەتوانێت کۆنترۆڵی نرخی بازاڕ بکات.

پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ڕۆژانە پێویستییان بە  ٢ ملیۆن و ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ لیتر بەنزین هەیە، بۆ پڕکردنەوەی خواستی هاووڵاتییان، بەڵام ئەو بڕەی کە دابیندەکرێت کەمترە.

“نابێت ڕێژەى کرێکارى خۆماڵى لە %75 کەمتر بێت”
پێشت “نابێت ڕێژەى کرێکارى خۆماڵى لە %75 کەمتر بێت”
پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە
دواتر پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە
پەیوەندیدار