شوقەکانی ئەوقاف هەناسەیەکیان بۆ ژیان نەماوە



سێ باڵەخانەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافن، بەهۆی کۆنی و پشتگوێخستنیان هەناسەیەکیان بۆ ژیان تێدانەماوە، ئەوقافیش دەڵێت هەوڵدەدەن، بەڵام پێناچێت هیچ پلانێک بۆ نۆژەنکردنەوەی بیناکان هەبێت.
لە سلێمانی سێ باڵەخانە هەن، کە سەر بە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانن، شوقەکانی تەکیە ڕووتە لای سەرکارێز، سەید حەسەن لە سابونکەران، قامیشان لە گەڕەکی کانی ئاسکان، کۆی گشتی ٩٥ ماڵ لە شووقەکاندا دەژین.
مێژووی دروستکردنی ئەم بینایانە بۆ ساڵانی حەفتاکان دەگەڕێتەوە، ئێستا زۆرینەیان کۆن بوون، بەشێک لە شوقەکانی بۆ ژیان گونجاو نییە، شیشی پلیکانەکان دەرکەوتوون، ئاوەڕۆکان تەواو خراپن، دیوارەکان شێ دەکەنەوە، ئەوانەی لە شووقەکاندا دەژین زۆرینەیان بە زیاتر لە ١٠ هەزار دۆلار کڕیویانە، بەڵام دەبێت ساڵانە ٧٣٠ هەزار بۆ هەر شووقەیەک بدرێت بە وەزارەتی ئەوقاف.
شووقەکان خزمەتگوزارییان نییە، ئەوانەشی لەوێ نیشتەجێن زۆرینەیان کەمدەرامەتن، لە نەبوونیدا لەو شووقانەدا نیشتەجێن. ئوسامە موزەفەر ماوەی هەشی ساڵە دانیشتووی شووقەکانی تەکیە ڕووتەیە، ئاماژە بۆ خراپی ئاوەڕۆ و سیستمی کارەبا و ئاوی شووقەکە دەکات، هەروەها تەنها یەک قاردمە لە شووقەکەدا هەیە و هیچ ئاسنسۆرێکیش نییە.
لە تەکیە ڕووتە ژمارەیەک دووکانی فیتەر لە نهۆمی یەکی بیناکەدان، وەک خاوەن ماڵەکان باسی دەکەنە دەنگ و بۆنی ناخۆش ژیانیانی قورستر کردووە.
چنور ساڵح دانیشتوویەکی دیکەیە، ئەوەدەخاتەڕوو ، سەرەڕای ئەوەی شووقەکیان کڕیوە بەڵام دەبێت ساڵانە ٧٣٠ هەزار بداتە وەزارەتی ئەوقاف، بەڵام زۆرینەی دانیشتووانی شووقەکە هەژار نشینن، بۆیە ناتوانن لە کاتی خۆیدا کرێکە بدەن، بەڵام فشارێکی زۆریان بۆ وەرگرتنی پارەکە.
نەسرین محەمەد، ٥٠ ساڵە لەو شووقەیەدا دەژی، ڕەخنە و گلەیی زۆری هەیە، شووقەکان بە بێ خاوەن ناودەبات، کە هیچ ژیانێکی تێدا نەماوە، شووقەکە پاکناکرێتەوە و تەواو پشتگوێخراوە، هیچ دەرچەیەکیشیان بۆ ڕزگاربوون نییە.
هاوژین ڕەئوف، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سلێمانی، لەبارەی ئەو شووقانەوە تەنها شتێک کە ئاماژەی پێدەدا، ئەوەیە ئەوان بەردەوام هەوڵدەدەن و داواکاری پێشکەشی وەزارەتی ئەوقاف دەکەن، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ شووقەکان، بەڵام بە بیانووی بوونی قەیرانی دارایی تا ئێستا هیچ نەکراوە و دیاریش نییە کە چارەسەرێک بۆ ئەو شووقانە دەدۆزرێتەوە.
نزیک دەبینەوە لە زستان دیار نییە بۆ ئەم زستانە دانیشتوانی شووقەکان چۆن دەبێت، ئەوان ئێستا لەنێوان دوو دەرچەدا ماونەتەوە، نە دەتوانن لە شووقەکەدا بژین و نە دەشتوانن لە دەرەوەی شووقەکە بژین، بە بیانووی قەیرانیش حکومەت هیچ چارەسەرێکی بۆیان پێنییە.

٢٠٢٢…. ساڵی نەهاتی سەرمایەدارە بەناوبانگەکان
پێشت ٢٠٢٢…. ساڵی نەهاتی سەرمایەدارە بەناوبانگەکان
لە سۆماڵ لە تێكهەڵچوونێكدا 10 كەس كوژران
دواتر لە سۆماڵ لە تێكهەڵچوونێكدا 10 كەس كوژران
ەیوەندیدار