تاڵیبان و حەماس .. دوو ئەزموونی نمونەیی!



د. سەعید علی محەمەد

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر حكومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕایگەیاند كە توانیویەتی كۆتا قەرزی نێودەوڵەتیی بداتەوە ، بەمەش ئەفغانستان دەبێتە تاكە دەوڵەت لە ناوچەكەدا كە هیچ قەرزێكی دەرەكی لەسەر نەبێت! دانەوەی قەرزەكانی سەر ئەفغانستان دوای دوو ساڵ و نیو دێت لە گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ سەر تەختی دەسەڵات!

پرسیار ئەوەیە : تاڵیبان چۆن توانی ئەم هەنگاوە گەورە بنێ ؟ چۆن توانی ئەم دەستكەوتە ئابووریە گەورە بۆ گەلی ئەفغانستان بەدەست بهێنێ ؟!

ماوەیەكی دوورودرێژە مەكینەی ئیعلامی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا و تەنانەت عەرەبییش ( تاڵیبان )ی لەشێوەی تاقم و كۆمەڵە كەسانێك وێنا كردووە كە تەنها شوانی نێو شاخەكانن و زۆر دواكەوتوو و نەزان و بێ عەقڵن ، ئەوان لە ئەشكەوتەكاندا ژیان بەسەردەبەن و بەهیچ شێوەیەك ئاگایان لە جیهانی ئەمڕۆ نیە و، هیچ شتێك لەبارەی سیاسەت و ئابووریی و زانست و مەعریفە و فێركردن و سەردەم نازانن !

میدیاكانی خۆرئاوا و هاوئاوازەكانیان دەڵێن : ئەوانە تاقمێكی ( بەربەریی )ن و،  لە هیچ بوارێكدا بیركردنەوەیان نیە و ئەوەی دەیزانن تەنها لولەی تفەنگەكانیانە ! لەبیرمان نەچوە چۆن شانۆو دراما میسریەکانیش مرۆڤە باوەڕدارو دیندارەکانیان وەک تاقمێکی تیرۆرستی مێشک پووچ وەسف دەکرد ! چەندین جار (عادل ئیمام) هەموانی دەکردە پێکەنین کاتێک ( دینداریی ) و ( دواکەتوویی ) لە زهنییەتی بینەردا وەک دوو ڕوی یەک دراو وێنا دەکرد ! لە بیرمانە دراما سووریە کان دیندارەکانیان وەک کۆمەڵە سواڵکەرو دەروێشێک نیشان دەدا  کە هیچ پیشەیەکیان نیە تەنها مانەوە نەبێ لە تەکیەو مزگەوت و خانەقاکاندا !!

لەبەرانبەردا – بە بۆچوونی ئەوان – تۆش پێویستە لەسەرت باوەڕ بەو قسە و گێڕانەوەو و شیواندنانە بكەیت ، ئەگەرنا تۆش یەكێكی لە هەوادارانی تیرۆر و تۆقاندن ، ئەگەرچی پڕوپاگەندە و گێڕانەوەكانیشیان لە پارچە پسكیتێك كە بخرێتە نێو قاپێك ئاوەوە یان قاوەوە پووچتر و لاوازتر و لەرزۆك تریشن!

ئەوان وا وێنای خۆیان دەكەن گوایە :  پێشڕەویی شارستانیین و خاوەن پلان و بەرنامە و پەیامن ،  دەتوانن وڵاتێك داگیربكەن و حكومەتەكەی بڕوخێنن ، گەلەكەی بكوژن و دانیشتوانەكانیشی ئاوارە بكەن ، داهات و سەروەت و سامانەكەشی بدزن و تاڵانی بكەن ،  دەسەڵاتێكیش دیاری بكەن كە هەموو ئەوانەیان بۆ ئاسان بكات!

خۆ ئەگەر كەسێكیش تفەنگێك هەڵبگرێ و بەرگریی لە خاك و نیشتمان و نەتەوە و نامووس و شەرەف و كەرامەت و ئایین و شكۆی گەلەكەی بكات ئەوا – بەلای ئەوانەوە –  بەبێ یەك و دوو كەسێكی تیرۆریست و ئاژاوەگێڕو دژ بە یاساو ئارامیی و دواكەوتووە!

لە ڕاستیدا خۆرئاوا زۆریی ژمارەی مزگەوتەكان نایترسێنێ و نایلەرزێنێ ئەگەرچی سەربانی هەموو ماڵێك مزگەوتێكی لەسەر دروست كرابێ ،  بیرمەندەكان و شارەزایانی بواری سیاسەت و مێژوو دەڵێن :  خۆرئاوا كاتێك دەترسێ ئیسلام دەوڵەت بێ و دەسەڵاتی هەبێ و فەرمانڕەوایەتی بكات ، چونكە لە حاڵەت و بارودۆخێكی ئاوادا شوێنكەوتووەكانی لە پەراوێزەوە دەبنە بڕیاردەر، لە كۆمەڵێ مەڕو ئاژەڵی دەستەمۆ و ڕاهێنراوەوە كە بە قامچییەك بەڕێ دەخرێن دەبنە خاوەن  (دان و كەڵبەی تیژ) كە توانای پارچە پارچەكردن و هەلا هەلاكردن و هەڵلوشینی هەركەس و لایەن و هێزێكیان هەیە پەلاماریان بدات و زەرەریان پێ بگەیەنێ و دەستدرێژیی بكاتە سەریان !

کەسمان گومانمان نیە كاتێك ئیسلام بە دادوەریی و میانڕەویی و تێگەیشتنی جوان و مومارەسەكردنی عاقڵانەو زیرەکانە و حەکیمانەی ڕاست و دروست و پاك و بێگەردەوە دەبێتە دەسەڵات ، بەرهەم و داهێنان و بوژانەوە و پێشكەوتن و ئارامیی و دەستكەوتی گەورە و بێ وێنە پێشكەش دەكات ! زەقترین و سادەترین و نزیكترین بەڵگەش ئێمە بیهێنینەوە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە : ئابووریی ئەفغانستانە لەژێر سایەی دەسەڵاتی تاڵیباندا !!

ئەگەر بەراوردێك بكەین لەنێوان ئابووریی ئێستای ئەفعانستان كە قەرزە دەرەكیی و نێودەوڵەتیەكانی لە كۆڵ خۆی كردەوە و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتە توانیان ئەفغانستان لە كۆت و بەندی (بانكی دراویی نێودەوڵەتیی) ڕزگارو ئازاد بكەن ، لەگەڵ ئابووریی وڵاتانی هەریەك لە میسرو ئوردون و لوبنان و سووریا و عێراق و چەندین وڵاتی تر كە گەلەكانیان و دانیشتوانەكانیان بەهۆی هەڵاوسان و هەرەسهێنان و داتەپینی ئابوورییەكانیان و كەڵەكەبوونی قەرزە دەرەكیەكانەوە خنكێنراون و ماڵوێران كراون ، زۆر بەڕوونی دیمەن و وێنە ڕاستەقینەكەمان بۆ ئاشكرا دەبێ و ڕاستی و حەقیقەتی ئەم بۆچوونەشمان بۆ هەموو لایەك دەردەكەوێ و دەسەلمێنرێ! یەكێك لەو وڵاتانەی كە بە نمونە دەهێنرێتەوە وڵاتی ( میسر)ە كە لە سەردەمی (یوسف) پێغەمبەردا – سەلامی خوای لەسەر بێت – دانیشتوانەكەی هەمیشە و بەردەوام حەزو ئارەزووی خواردنی گۆشتیان دەكرد ، ئەو وڵاتەی كە ئەگەر تەنها دەشتی بەرفراوانی ( نیل)بچێنێ لە گەنم بە گوڵە كەنمەكانی دەبێتە زلهێزێكی گەورەی ناوچەكە و جیهان!

ئەوەی ئاشكرایە وڵاتانی ئیسلامیی بەهیچ جۆرێك بەدەست كەمی داهات و سەروەت و سامانەوە ناناڵێنن ، گەلان و وڵاتانی ئیسلامی خاوەن گەورەترین سەروەت و سامان و داهاتن ، ئەوەی تەنها گەلانی موسڵمان بەدەستیەوە دەناڵێنن و گیرۆدەی بوون : گەندەڵی و  نەبوونی ئەمانەت و نەزاهەت و دڵسۆزیی و عەقڵیەتی (ئیدارە) و، (ویست و ئیرادە)ی بەهێزی ڕاستگۆیانەیە!

دەوڵەتانێك كە دانیشتوانەكانیان موسڵمان بن بەڵام دەستوور و یاساو ڕێسایان بۆ هاوردە و ئامادەكرابێ ، ڕاگەیاندنەكانیان كۆیلە كرابن و، ئابوورییەكانیان بە نەختینەی ( بانكی نێودەوڵەتیی ) یەوە  پەیوەست كرابن و مل پەت كرابن ، دەبێ چاوەڕێی چ گۆڕانكاریی و وەرچەرخان و دەستكەوت و داهێنانێكیان لێ بكرێ ؟!

هەموان دەزانین دوای چەندین سەدە لە لادانی ئیسلام لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتانە و گەلەكانیان بە چ ئاكامێك گەیشتووە ، نە ئابووریی بەهێز ،  نە پێشكەوتنی زانستیی و مەعریفی و تەکنۆلوژیی هاوچەرخ ، نە توانایەكی گەورەی سەربازیی نەوعیی ، نە دام و دەزگاو دامەزراوەی دەستووریی و یاسایی تۆكمە و كاریگەر!

ئەزموونی بزووتنەوەی حەماس :

بێجگە لە ئەزموونی حكومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان ، ئەزموونی (بزووتنەوەی حەماس)یش لە فەلەستین نمونەیەكی تری زیندووە كە زۆر بە ئاسانی دەكرێ پێمان بڵێ : ئیسلام چی پێدەكرێ ؟ چ دەستكەوتێكی دەبێ كاتێك دەبێتە دەسەڵات ؟

سوپاكانی وڵاتانی عەرەبیی سەرجەمیان پێكەوە نەیانتوانی تەنها بۆ ماوەی شەش كاتژمێریش لەبەردەم جولەكەدا بەرەنگاریی بكەن ، لە كاتێكدا ( قەسام ) ماوەی زیاتر لە دوو سەد ڕۆژە لەسەرپێی خۆی وەستاوە و، بەجۆرە چەكێك لێی دەدرێ نەك تەنها وڵاتان دەڕوخێنێ بەڵكو زلهێزو ئیمپراتۆریەتە گەورەكانیش لەنێو دەبات !! (غەززە)ش هیچ  جۆرە توانایەكی ئەوتۆی لەبەردەستدا نیە كە وڵاتانی وەزیفی ناوچەكە لەبەردەستیاندایە ، نە نەوت ، نە ئاڵتوون ، نە فڕۆكەخانە ، نە بەندەری ستراتیژی گەورە!! ئەوەی كە (غەززە) بەدەستیەوەیەتی تەنها و تەنها (دین و باوەڕ)ێكی ڕاست و دروست و چەسپاوو و( ئیرادەو ورە ) یەکی پۆڵایین و ڕاستگۆیانەیە !

دەمێك بوو كەرەستەكانی كاولكاریی زایۆنیزم گۆرانییان بە شان و باڵی تانكی (میركافا)دا دەووت ، گوایە چەندین سەدەیە بەرانبەر هەموو جۆرە چەكێكی دژە تانك و زرێپۆش لە هەموو جیهاندا وەستاوەتەوە ، بەڵام سەیركەن ئەوانەی كە چەندین ساڵە گەمارۆدراون و، هەموو جۆرە كەرەستە و كەلوپەلێكی مەدەنیی و سەربازیی سەرەتاییشییان لێ قەدەغەكراوە ، ئەوانە دێن و ڕۆكێتی (یاسین – 105 ) بەرهەم دەهێنن و تانكی (میركافا) دەشكێنن و زەلیل و ڕیسوای دەكەن ، نەك تەنها بەس ئەوە  بەڵكو قەسابخانەیان بۆ (میركافا) نایەوە!!

دەكرێ بپرسین : چ وڵاتێك لە وڵاتانی ناوچەكە سەرەڕای ئەو هەموو توانایەی لەبەردەستیاندایە دەتوانێ چەكی پێویستی خۆی دروست بكات و بەرهەم بهێنێ؟ وەڵام : هیچ وڵاتێك!

ئەڵبەت هۆكار ئەوەیە كە ناتوانن ، هەروەها لەبەرئەوەی لێشیان قەدەغەكراوە دروستی بكەن ، قەدەغەیە زۆریش قەدەغەیە دەستت ببەی بۆ شتێك كە بتوانێ تەرازووی هێزەكان تێكبداو هەڵیبگێڕێتەوە ! پێویستە لەسەر تۆ هەمیشە بە بارمتەیی بمێنیتەوە ، ئەگەر چەكیشت هەبێ نابێ كەتەلۆكی بەكارهێنانەكەییت هەبێ!

جگە لەوە دەبێ تۆ بڕوا و بۆچوونت وابێ كە ئیسلام شیاوو گونجاو نیە بۆ فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵاتداریی! ئەوانەیش كە لێرەو لەوێ دەیانەوێ یاسا و ڕێساكانی یارییەكە بگۆڕن هیچ نین تەنها كۆمەڵە كەسێكی تیرۆریست و تۆقێنەرو ئاژاوەچی و دواكەوتوو!

هەموو مرۆڤێكی ڕاستگۆ و بەویژدان و هۆشیار دەزانێ (حکومەتی تاڵیبان ) بە شایەتی و دانپیانانی زۆرێک  لە ڕێکخراوە جیهانیی و نێودەوڵەتیەکان  لەماوەی ئەو دوو ساڵ و نیوەی دەسەڵاتیاندا لەبواری ئابووریی و بوژاندنەوەی وڵات و دانەوەی قەرزە دەرەكیەكان و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و باشتركردنی بژێویی ژیانی هاونیشتمانیان و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامیی لەو وڵاتە دا موعجیزەی گەورەیان خولقاندووە كە دەكرێ وانەیەك بێ بۆ دەسەڵاتە گەندەڵ و شكستخواردووەكانیش بۆ ئەوەی بەخۆیاندا بچنەوە! سەیركەن گرفت و قەیرانە ئابوورییەكانی وڵاتانی ئێمە كە تەمەنی دەسەڵاتە فەرمانڕەواكانیان چەندین سەدەیە ڕۆژ بەڕۆژو ساڵ بە ساڵ گەورەترو بەرفراوانتر دەبن!

سەرنج بدەن حەماس تەنها لە سنووری ناوچەیەكی جوگرافی بچوكی گەمارۆدراودا كە لە هەموو پایتەختە بچووكەكانی وڵاتانی تر بچوكترە چ جۆرە موعجیزەیەكی خولقاندووە! چ جۆرە تواناو هێزێكی سەربازیی تۆكمە و كۆڵنەدەرو بەسام و هەیبەتی بەرهەم هێناوە! سەیركەن چ جۆرە ژینگەیەكی شۆڕشگێڕی ئازاو نەترس و نیشتمانپەروەرو خۆڕاگرو قوربانیدەری پەروەردە و ئامادەكردووە كە پێش ئەوەی جیهان سەرسام بكات ئێمەی سەرسامكرد!

لە كۆتاییدا دەڵێم : لەڕاستیدا كاتێك ئیسلام دەسەڵاتە و فەرمانڕەوایەتی دەكات موعجیزە دەخولقێنێ ، ئاسوودەیی و ئارامیی و داهێنان و دەستكەوتی گەورە پێشكەش بە مرۆڤایەتی دەكات!

موڵکەکانی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێم چییان لێ هاتووە؟
پێشت موڵکەکانی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێم چییان لێ هاتووە؟
مەلا بەختیار: بە بێ پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن ناکرێت
دواتر مەلا بەختیار: بە بێ پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن ناکرێت
ەیوەندیدار