عێراق بۆ پرسی ئاو لەگەڵ تورکیا و ئێران ڕێکدەکەوێت



دەسەڵاتدارانی عێراق تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی ئاوی لەگەڵ تورکیا و ئێران، ڕێککەوتنێکی نوێ واژوو دەکەن، بۆئەوەی پشکی پێویستی ئاو بگاتە عێراق.

دەسەڵاتدارانی عێراق لە بەغدای پایتەخت، جوڵەیەکی نوێیان سەبارەت بە پرسی ئاو لەگەڵ تورکیا و ئێرانی دراوسێ دەستپێکردووە، مەبەستیان لێی گەیشتنی بڕێکی پێویستی ئاوە لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، لەکاتێکدا لە چەند ساڵی ڕابردووەوە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانی ژینگەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە شارە جیاوازەکانی عێراق.

هەفتەی ڕابردوو عەون ذیاب عەبدوڵا، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، جوڵەیەکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو لەگەڵ تورکیا و ئێران ئاشکرا کرد، کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر سەردانێکی بۆ سوریا ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی ئاو لە هەردوو وڵات لە ئاوی ڕووباری فورات.

عەون ذیاب عەبدوڵا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاندووە، عێراق هەوڵدەدات بگاتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە پشکی ئاوی عێراق، هیوادارین لە سەردانەکەی داهاتووی ئەردۆغان بۆ عێراق واژۆی لەسەر بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وڵاتی ئێرانمان لە پێویستی هەماهەنگی سەبارەت بە سەرچاوە ئاوییەکانی ڕووباری دیجلە ئاگادار کردووەتەوە، هەوڵدەدەین لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران لەبارەی پرسی ئاوەوە بگەینە ڕێککەوتن.

سائیر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق بە ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، هەنگاوەکەی عێراق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا و ئێران، بۆ دڵنیابوونەوەیە لە پشکی ئاوی پێویست بۆ وەرزی هاوین لە عێراق.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، عێراق بەهۆی وشکەساڵییەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە، هەر بۆیە دەبێت بە خێرایی بەرەو چارەسەری قەیرانەکان هەنگاو بنێت.

جبوری هۆشداریدا لەوەی، بەردەوامی قەیرانی وشکەساڵی بەبێ چارەسەری ڕاستەقینە و خێرا دەبێتە هۆی کێشە و قەیران، دیارترینیان کۆچکردنە لە ناوچە گوندنشینەکانەوە بەرەو شارەکان، هەروەها زیان بە کشتوکاڵ دەگەیەنێت، مەترسییەکانی پەیوەست بە ژینگە زیاد دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمان کاردەکات بۆ میوانداریکردنی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو بۆ زانینی وردەکارییەکانی جوڵە نوێیەکەی عێراق بەرەو ئێران و تورکیا، ڕێککەوتن و هەماهەنگییەکان بۆ بەدەستهێنانی پشکی دادپەروەرانەی ئاو لە عێراق.

لای خۆیەوە عادل موختار پسپۆڕی کاروباری ئاو بە ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، عێراق ماوەی پێنج ساڵە لەسەر یەک بە قەیرانی ئاودا تێدەپەڕێت، ئەمەش لە ئەنجامی کەمی ڕێژەی بارانبارین، بەرنەدانەوەی پشکی ئاوی عێراق لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، هاوکات دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووباری دیجلە لەلایەن تورکیاوە.

 

ناوبراو باسی لەوەشکرد، لە ئێران ٤٢ ڕووبار هەن کە بە تەواوی بڕدراون و بڕی ئاویشیان سفر بووەتەوە، لە نێو ئەو ڕووبارانەشدا ڕووبارەکانی کەرخه و کارون هەن کە لە نێو ڕووبارە گەورەکان دادەنرێن.

قەبارەی ئاو لە ڕووباری کەرخە ٤ ملیار مەتر سێجا، کارونیش ١١ ملیار مەتر سێجایە، واتە بۆ سەرچاوەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات گرنگن و ئێستا بە تەواوی بڕدراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم وشکەساڵییە کاردانەوەی جددی لێکەوتووەتەوە، بووەتە هۆی لەناوچوونی ئاژەڵ، کەمبوونەوەی زەوی کشتوکاڵی لە سی و دوو ملیۆن دۆنم زەوی کە گونجاوە بۆ کشتوکاڵ بۆ دوو ملیۆن دۆنم.

قەیرانی وشکەساڵی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی وڵاتەکە بۆ ١٧ ملیار مەتر سێجا، ئەمەش بە یەدەگێکی زۆر کەم دادەنرێت، ئەم دۆخەش بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی پیسبوونی ژینگەدا مەترسیدارە، بەو پێیەی ئاستی نزم بووە، هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیسبوون بەتایبەتی لە بەسرە و پارێزگاکانی باشوور.

ئەوەشی خستەڕوو، قەیرانی وشکەساڵی وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە جووتیاران لە لادێکانەوە بەرەو شار کۆچ بکەن، هەروەها ژمارەی ئاوارەکان لە حەوت ملیۆن هاووڵاتی نزیکبوەتەوە بەهۆی قەیرانی وشکەساڵییەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە پێویستە عێراق کار بۆ کاراکردنی ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنە بکات کە لە ساڵی 2014 واژۆ کرا و لە ساڵی 2019 کاراکرا، ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە و باس لە زیانەکانی عێراق دەکات لە ئەنجامی بەرنەدانەوەی پشکی پێویستی ئاو لەلایەن تورکیا و ئێران بۆ عێراق.

جێگای سەرنجە لە ڕاپۆرتێکی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئاسایشی ئاوی عەرەبی ئاماژەی بەوە کردووە،  ١٧ وڵاتی جیهانی عەرەبی لەسەر هێڵی هەژاری ئاون، لەوانە ١٢ وڵات کە لە ئێستاوە لە ژێر هێڵی هەژاریی ئاوەوە دەناڵێنن، لەنێویاندا عێراق هەیە.

لە ساڵانی 2019 و 2020 عێراق سەرکەوتوو بوو لە گەیشتن بە خۆبژێوی لە زیاتر لە 10 بەروبومی کشتوکاڵیدا، دیارترینیان گەنم و جۆ بوو، دوای ئەوەش بەهۆی پاشەکشەی ئاوی ناوچە کشتوکاڵییەکان بڕەکەی کەمبوونەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی دەربارەی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا بڵاوکردەوە
پێشت سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی دەربارەی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا بڵاوکردەوە
دەنگدانی ئەزموونیی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت
دواتر دەنگدانی ئەزموونیی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت
ەیوەندیدار