قوباد تاڵەبانی: دواخستنی هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت



جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت و هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ڕەتدەكەینەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولایان كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، باڵیۆزی بەریتانیا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە پرسیاری لە جێگری سەرۆك وەزیران كرد و لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی، جەختیكردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا.

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت و هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ڕەتدەكەینەوە”.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە هێرشكردنەسەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر كرا، كە چەند رۆژێك پێش ئێستا كرایە ئامانج، جێگری سەرۆك وەزیران نیگەرانی خۆی نیشاندا و وتی، “بەردەوامبوونی ئەمجۆرە هێرشانە زیان بە سەقامگیریی عێراق و كوردستان دەگەیەنێت”.

وتیشی، “لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لایەنە عێراقییەكان لەسەر هێڵین بۆ دۆزینەوەی جێبەجێكارانی ئەو كردەوەیە و كاریش لەسەر كۆتاییهێنان بەم جۆرە هێرشانە دەكەن”.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی كوردستان و عێراق كرا و جەخت لە گرنگی چارەسەركردنی هەر گرفتێكی سیاسی كرایەوە لە رێگای گفتوگۆوە.

عێراق گۆڕانكاری لە مووچە و پلەبەرزكردنەوە و خانەنشینی دەكات
پێشت عێراق گۆڕانكاری لە مووچە و پلەبەرزكردنەوە و خانەنشینی دەكات
چوار حزبی کوردی دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانن
دواتر چوار حزبی کوردی دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانن
ەیوەندیدار