زیاتر لە سێ هەزار کەس چوونەتە عومەرە



لە مانگی ڕەمەزاندا زیاتر لە سێ هەزار کەس چوونەتە عومرە، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومەرە هۆشداری دەداتە لە هاووڵاتیان.

بەپێی ئاماری کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومەرەی سلێمانی، لە مانگی ڕەمەزاندا تەنها لە سلێمانی دوو هەزار هاووڵاتی بە مەبەستی ئەنجامدانی عومرە بە فڕۆکە چوونەتە وڵاتی سعودیە، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەسیش بە ڕێگای ووشکانی ڕۆشتوون.

عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومەرەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نرخی گەشتەکانی بەپێی ماوەی مانەوە و نزیکی ئوتێلەکان لە حەرەمی مەککەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

بۆ گەشتێکی ١٥ بۆ ٢٠ ڕۆژی نرخی گەشتی عومرە لەنێوان ٨٥٠ بۆ هەزار ٤٠٠ دۆلار بووە، ئەمەش بەپێی نزیکی ئوتێلەکان لە حەرەمی مەککەوە.

لە ڕێی وشکانی نزیکی هەزار و ٥٠٠ کەس ڕۆشتوون، نرخی ئەم گەشتە لەنێوان ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ دۆلار بووە.

عەتا ئەنوەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ڕەمەزاندا بەهۆی بەڕۆژووبوون، دووری و ماندووبوونی هاووڵاتیانەوە بە ڕێگای وشکانی، هاووڵاتیان زۆرینەیان پەنایان بۆ فڕۆکە بردووە، بەڵام ئەگەر ئەگەر سەرجەم ئەندامانی خێزانێک بەیەکەوە گەشتی عومرەیان ئەنجامدابێت ئاوا ڕێگای وشکانیان هەڵبژاردووە، چونکە نرخەکەی کەمتر دەبێت.

سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان تا گرێبەستی نوسراو لەنێوان خۆی و کۆمپانیاکە واژۆبکرێت، چونکە چەند کۆمپانیایەک کڕین و فرۆشتنیان بە گەشتیارەکانی عومرەوە کردووە، ماندوویانکردن و بە هیلاکیان بردوون.

“خاوەن پێداویستییەکی تایبەت بە خێری خێرخوازان چووەتە عومرە، لەڕێگای ئەوەنە لە پاسێکەوە بۆ پاسێکی دیکە گواستوویاننەتەوە، ئێستا دەڵێت خۆزگە نەچوومایە زۆر ئەزێتیان دام”.

لەبەرئەوە، عەتا ئەنوەر داوا لە خوازیارانی گەشتی عومرە دەکات، تا نوسراو لەگەڵ کۆمپانیاکە واژۆ بکەن، تا لەکاتی هەر کێشەیەکدا دواتر لێپرسینەوەیان لێبکرێت یاخود کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ئاگاداربکرێتەوە، تا مافەکانیان وەربگیرێتەوە.

 

 

“ساڵانە پارەی سەرفیترە و فیدیە لە هەرێمی کوردستاندا دەگاتە 10 ملیار دینار”
پێشت “ساڵانە پارەی سەرفیترە و فیدیە لە هەرێمی کوردستاندا دەگاتە 10 ملیار دینار”
تەندروستی سلێمانی: 25 تیمی تەندروستی بۆ ڕۆژانی جەژن لە ئامادە باشیدا دەبن
دواتر تەندروستی سلێمانی: 25 تیمی تەندروستی بۆ ڕۆژانی جەژن لە ئامادە باشیدا دەبن
ەیوەندیدار