بەڵگەی شەرعی یان فەلەکی…. یەکەم ڕۆژی جەژن یەکلا دەکاتەوە؟



ساڵانە لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دواتریش یەکەم ڕۆژی جەژن مشتومڕ و بۆچوونی جیاواز دروست دەبێت، بەشێک لە وڵاتەکان ڕایدەگەیەنن مانگ بینراوە و بەشێکی دیکەش پێچەوانەکەی دەڵێن.

شەرعزان و فەلەکناسەکان بە پشتبەستن بە بەڵگەی شەرعی و زانستی، یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان یاخود جەژن دیاریدەکەن، زۆر جاریش جیاوازی لە دیاریکردنەکە هەیە، ئەمەش موسڵمانان دەخاتە دڵەڕاوکێوە.

ڕابەر جەوهەر، شارەزای فەلەکناسی بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک باس لە بەڵگە زانستییەکان دەکات کە بینینی مانگ پشتڕاست دەکەنەوە، هاوکات نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەو بەڵگە شەرعییانە دەکات کە بۆ بینینی مانگ و دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان و جەژن پشتی پێدەبەستن.

 

فەلەکناسەکان و شەرعزانەکان بۆ بینینی مانگ پشت بە چی دەبەستن؟

ڕابەر جەوهەر: پێشتر بە تەلیسکۆپ چاودێری بینینی مانگمان دەکرد، بەڵام ئێستا پشت بە داتاکانی پەیوەندیدار بە مانگ لە وێبسایتی ناسا دەبەستین، لە ڕۆژی نوێبوونەوەی مانگ، دیاریکردنی تەمەنی مانگ و کاتی ئاوابوونی کە دەبێت بە لایەنی کەمەوە نیو کاتژمێر دوای خۆرئاوابوون مانگ ئاواببێت، ئەمەش یارمەتیماندەدات لەوەی بینینی مانگ پشتڕاستبکەینەوە.

 

نەبەز ئیسماعیل: بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن ئێمە پشتدەبەستین بە بەڵگەی شەرعی بە واتای بینینی مانگ لە ڕێگەی چاو یاخود ئامێری تەلیسکۆپەوە کە لە ناوچەی گڵەزەردەی سلێمانی، چیای زاوای دهۆک و لە ناوچەی حاجی ئۆمەران لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە لە وەزارەتی ئەوقاف چاودێری بینینی مانگی لێوە دەکرێت، هاوکات دەبێت دوو شاهید هەبێت کە بینینی مانگ پشتڕاست بکەنەوە.

 

بۆچی جیاوازی لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان یاخود جەژن هەیە؟

ڕابەر جەوهەر: مانگی عەرەبی ڕاستترین و وردترین ڕۆژمێرە چونکە پشت بە مانگ دەبەستێت، داتا فەلەکی و زانستییەکان یارمەتیدەرێکی باشن لە بینینی مانگ.

چاودێریکردنی بینینی مانگ تەنها بە چاو چەندین کێشەی هەیە، چونکە کاتێک مانگ نوێ دەبێتەوە، چەند خولەکێک دوای خۆرئاوابوون دەردەکەوێت، سەبارەت بەوەی هەتا مانگ بە چاوی ئاسایی نەبینرێت نایکەن بە جەژن یاخود ڕەمەزان، ئەمە بۆ سەردەمی پێغەمبەر (د.خ)  ڕاست بوو، چونکە هیچ تەکنەلۆژیایەک و ئامێرێکی پێشکەوتووی فەلەکی نەبووە، بەڵام ئێستا کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە گۆڕانکارییان لە بینینی مانگ دروستکردووە، بۆ نموونە ئەگەر پشت بە بەڵگەی زانستی نەبەستین لە ڕۆژی باران و کەشوهەوای نا سەقامگیر ناتوانین مانگ ببینین، ئەمەش کێشە دروست دەکات، بەڵام لە ڕێگەی زانستی فەلەکناسییەوە ٪١٠٠ دەتوانین دیاریبکەین.

 

نەبەز ئیسماعیل: کاتی واهەبووە کە کەشوهەوا پیسبووە یاخود نا سەقامگیر بووە، وەقفی سوننی عێراقی لە بەغدا هەماهەنگیان لەگەڵ ئێمە کردووە، پشتیان بە بینینی مانگ لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی هەرێمەوە بەستووە، چونکە لێرە ژینگە پاکتر بووە، بەپێی شەرع لە کاتێکیشدا هەور و باران بوو نەتوانرا مانگ ببینرێت، بە پشبەستن بە فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) ڕاستەوخۆ ٣٠ ڕۆژی ڕەمەزان بە تەواوی دەگیرێت.

 

بەڵگەی زانستی یان شەرعی یەکەم ڕۆژی جەژن یەکلا دەکاتەوە؟

ڕابەر جەوهەر: ئەگەر پشت بە زانست ببەستن هیچ بەڵگەیەک نامێنێت بۆئەوەی جیاوازی دروستی ببێت لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن، پێش سەردەمی زانست دەکرا پشت بە بەڵگەی شەرعی ببەستین لەوەی کەسێک مانگ ببینێت و دوو شاهید هەبێت لەوەی مانگ بینراوە، بەڵام لەم سەردەمەی ئێستا بەهۆی پیسبوونی ژینگە و کەشوهەوا، مانگ لە کاتی نوێبوونەوەدا بە ئەستەم دەتوانرێت ببینرێت، هیچ ساڵێک بە ڕاست و دروستی دیاری نەکراوە، تەنانەت تەلیسکۆپەکانیش کێشەیان هەیە، بۆیە لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە دیاریدەکرێت، بەڵام ئەگەر پشت بە زانست ببەسرێت ئەو کاتە هیچ جیاوازییەک لە دیاریکردنی ڕەمەزان نابێت

نەبەز ئیسماعیل: ناوەندە فەلەکناسەکان پشت بە پێشبینی دەبەستن بەو داتا و زانیارییانەی کە لەبەردەستیاندا هەیە و بە تەواوی ڕاست نین، بەڵام لە شەرعدا دەبێت ئەو کەسەی بڕیار لە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان و جەژن دەدات موفتی بێت و بڕواپێکراو بێت، لەگەڵ ئەوەشدا شاهیدی هەبێت، هەر بۆیە دیاریکردنەکەی وەزارەتی ئەوقاف متمانەپێکراوە.

 

وڵاتانی موسڵمان بۆچی لە یەک ڕۆژدا نایکەن بە جەژن لە کاتێکدا مانگ دەبینرێت؟

ڕابەر جەوهەر: زۆرجار لە نێوان وڵاتەکان یاخود مەزهەبی شیعە و سوننە ڕکابەری دروست دەبێت، ئەگەر یەکێکیان بیکات بە جەژن ئەوی دیکەیان نایکات، هەموو ساڵێک جیاوازی لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان و جەژن هەیە، هەردوولاشیان وشەی ئاین و شەرع لە دژی یەک بەکاردەهێنن، بۆ نموونە ئەگەر سعودیە بیکات بە ڕەمەزان ئێران ڕۆژێک دواتر دەیکات و تەنانەت مانگ ئەگەر لە ئاسمانیش بێت، دەڵێت مانگمان نەبینیوە.

نەبەز ئیسماعیل: لە ڕاستیدا هیچ وەڵامێکی دیاریکراوم بۆ ئەوە نییە، بەڵام ئێمە وەک وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان خۆمان لیژنەی باڵای بینینی مانگمانن هەیە و پشت بە هیچ ناوەندێکی فەلەکناسی یاخود وڵاتێکی دیکە نابەستین.

بۆ ئەمساڵیش ئێوارەی ٢٩ی مانگ لیژنەی باڵای بینینی مانگ چاودێری بینینی مانگ دەکەن بۆئەوەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریبکەن، لە ئێستاشدا هەر پێشبینییەک هەبێت ڕاست نییە و هەڵەیە.

سەبەتەیەکی تری خۆراک دابەشدەکرێت
پێشت سەبەتەیەکی تری خۆراک دابەشدەکرێت
دارایی عێراق 130 ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد
دواتر دارایی عێراق 130 ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد
ەیوەندیدار