مەحمود عوسمان: دادگای فیدراڵی بە تەواوی هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە



مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری کورد، پێیوایە کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، هەرێمی کوردستانیان لاواز کردووە و بەرپرسیارێتی دۆخەکەش دەخاتە ئەستۆی پارتی و یەکێتی کە بوونەتەهۆی پەرتەوازەیی لە نێو ماڵی کورددا.

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری کورد لە لێدوانێکیدا بۆ بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند، “بە دڵنیایەوە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بە تەواوی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان لاوازکردووە، چونکە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی نەهێشت و گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن کرد و کۆتاکانی نەهێشت؛ هەر ئەوەندە ماوە بڕیارێک دەربکات و بڵێت هەرێمی کوردستان شەرعی نیە، چونکە لە کاتی سەدام دروستبووە”.

بە بڕوای مەحمود عوسمان، بەردەوامی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێگە خۆشدەکەن بۆ دەستێوەردانی زیاتری دەرەکی.

وتیشی “خوێندنەوەی من بۆ کورد 20 ساڵ لەمەوپێش چۆنبوو ئێستاش بە هەمانشێوەیە و من وتوومە کورد نەگبەتە و دژی یەکن و ڕێکناکەون و یەکناگرن، ئەمەی کە ئێستا بەرۆکیانی گرتووە کێشەکان تەنها خۆیانن، چونکە گەر یەکگرتووبوونایە، نە دادگای فیدراڵ بڕیاری دەردەکرد نە بەغداش دەیتوانی دژی بوەستێتەوە، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق ئەم پەرتەوازەییەی پێخۆشە تا کوردستان لاواز دەربکەوێت”.

مەحمود عوسمان لەبارەی بوونی دەستی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانەوە وتی، “دەستی دەرەکی لە نێو خۆی کوردستان و عێراقدا بە ئاشکرا بوونی هەیە؛ لەلایەن ئێران بە پلەی یەکەم و دواتر دەستێوەردانەکانی تورکیا، بەڵام ئێران لە هەمووی زیاترە و لەم هەڵبژاردنەش بە هەمانشێوەیە”.

بە بڕوای سیاسەتمەدار مەحمود عوسمان، سەرەڕای ئالۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، دەرفەت لە نێوان هەردوو لا هەیە بۆ گەیشتنە سازان و چارەسەر.

مەحمود عوسمان وتی، “پێدەچیت ئەوەی پارتی وتی بەشداری هەڵبژاردن ناکەم، گۆڕانکاری بهێنێتە ئاراوە و گرفتەکان بە ئاڕاستەی چارەسەر بچن، چونکە هەوڵێکی زۆری نێوخۆیی و دەرەکی هەیە بۆ ئەوەی هەموو لایەک بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن”.

مەحمود عوسمان لەبارەی دادگای فیدراڵیشەوە دەڵێت، “ئەم دادگایە دەستوریی نییە کە لە دەستوردا هاتووە. دادگا دەستورییەکە ئەوەبوو کە نەتوانرا لە پەرلەمان لەبەر ڕێکنەبوونی لایەنەکان دروستبکرێت، بەڵام لەسەر یاسای سەردەمی برێمەر دروستبووە و کوردیش خۆی دەنگی بۆداوە؛ ئەوەش هەڵەیەکی کوردە. ئەو دادگایە هەر لەخۆیەوە بڕیار نادات، گەر سکاڵای لەلانەکرێت، بۆیە کورد خۆی دۆخەکە دەشێوێنێت.”

پارێزگایەکی عێراق هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەغە دەکات
پێشت پارێزگایەکی عێراق هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەغە دەکات
پارتی سۆسیال دیموکرات بەبێ عەبدوڵا حاجی مەحمود کۆنگرە دەبەستێت
دواتر پارتی سۆسیال دیموکرات بەبێ عەبدوڵا حاجی مەحمود کۆنگرە دەبەستێت
ەیوەندیدار