تەرمی یەکێک لە قوربانییەکانی لافاوەکەی دهۆک دۆزرایەوە، ئاماری زیانەکانیش بڵاوکرایەوە



پاش نزیکەی 10 ڕۆژ لە گەڕان تەرمی یەکێک لە قوربانییەکانی لافاوەکەی دهۆک دۆزرایەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە لافاوەکەش ئاماری زەرەر و زیانەکانی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ڕایگەیاند، تەرمی یەکێک لە قوربانییەکانی لافاوەکەی دهۆک دۆزرایەوە.

هاوکات عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، گەڕان بە دوای تەرمی قوربانییەکەی دیکە بەردەوامە.

ماوەی نزیکەی 10 ڕۆژ دەبێت هەڵمەتی گەڕان بە دوای دۆزینەوەی تەرمی قوربانییانی لافاوەکەی دهۆک لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی بەردەوامە، ئەمڕۆ توانرا تەرمی یەکێکیان بدۆزرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە شەوی دووشەممە 18ی ئازار شەپۆلێک بارانبارین پارێزگای دهۆکی گرتەوە و بە هۆی دروستبوونی لافاوەوە سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و 11ی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئاماری زیانەکان کە لەلایەن لیژنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بۆ لێکۆڵینەوە لە لافاوەکەی دهۆک پێکهێنرا، لە پارێزگای دهۆک 13 کەس برینداربوون 264 کەسیش ڕزگارکراون، لە زاخۆش 500 کەس ڕزگارکراون.

ژمارەی ئەو کەسانەی لە هۆتیلەکاندا نیشتەجێکران لە پارێزگای دهۆک ژمارەیان 1049 کەس و لە زاخۆ 530 کەس بوون، لە پارێزگای دهۆکیش 35 کەس لە خنکان ڕزگارکران.

لە پارێزگای دهۆک 77 خانوو و لە زاخۆ 3 خانوو بە تەواوی وێرانبوون، هاوکات 1315 خانوو لە دهۆک و 410 خانووش لە زاخۆ زیانیان بەرکەوتووە.

213 ئۆتۆمبیل لە دهۆک و 35 ئۆتۆمبیل لە زاخۆ، لەگەڵ 15 پڕۆژەی حکومی لە هەر یەکە لە دهۆک و زاخۆ زیانیان بەرکەوتووە.

61 بازاڕ لە دهۆک، 51 دوکان و مۆڵێک لە زاخۆ زیانیان بەرکەوتووە، 33 شەقامیش لە پارێزگای دهۆک زیانیان بەرکەوت، 400 سەر ئاژەڵیش لە زاخۆ خنکان.

ترەمپ “ئینجیل” دەفرۆشێت
پێت ترەمپ “ئینجیل” دەفرۆشێت
عێراق دەیەوێت غازی کوردستان بکڕێتەوە
دوات عێراق دەیەوێت غازی کوردستان بکڕێتەوە
پەیوەندیدار