لە سەرانسەری جیهاندا، ڕۆژانە یەک ملیار ژەمە خۆراک فڕێ دەدرێت



“هەموو ئەوانەی کە برسێتی تینی بۆ هێناون، دەکرێت بەو بڕەی لە سەرانسەری جیهاندا فڕێ دەدرێت، ڕۆژانە یەک ژەم خۆراکیان پێ بدرێت”.

 

ڕاپۆرتی پێوەرەکانی پاشەڕۆی خۆراک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت؛ ئەم بەفیڕۆدانە تەنها شکستێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو “شکستی ژینگەیی”شە.

 

ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو ٢٧ – ٣ – ٢٠٢٢  نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی ٢٠٢٢دا خێزانەکان لە تەواوی جیهاندا، ڕۆژانە ملیارێک ژەمیان فڕێداوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم برەی لە بەهەدەردان و خەسارکردنی خواردن بە “کارەساتێکی جیهانی” لە ڕووی بەفیڕۆدانی خۆراکەوە وەسفکردووە.

ڕاپۆرتی پێوەرەکانی پاشەڕۆی خۆراک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە، خۆراکی فڕێدراو، لە لایەن خێزان و کۆمپانیاکان بە بەهای زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار مەزەندە کراوە، لەکاتێکدا نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن کەس بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە یەک ملیار تەن خۆراک، واتە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی ئەو بەرهەمانەی کە لە بازاڕدا بەردەستن، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەفیڕۆچووە.

 

ئینگەر ئەندەرسۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: بەفیڕۆدانی خۆراک کارەساتێکی جیهانییە، “ئەمڕۆ ملیۆنان کەس برسین، چونکە خۆراک لە هەموو جیهاندا بەفیڕۆ دەچێت”.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم بەفیڕۆدانە تەنیا شکستێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو “شکستێکی ژینگەیی”شە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی “یەک ملیار ژەم” “خەمڵاندنێکی تەقلیدییە” و “ڕەنگە ژمارەی ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاتر بێت کە خراوەتەروو”.

 

لای خۆیەوە ڕیچارد سوانێل، سەرۆکی یەکێک لە رێکخراوە بەشدارەکانی راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە بە یەک ژەم لە ڕۆژێکدا لەو خۆراکانەی کە ساڵانە فڕێدەدرێن دەتوانرێت خۆراک بدرێت بە هەموو ئەوانەی لە ئێستادا بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن لە جیهاندا، کە نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن کەس دەبن.

 

کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری خۆراک وەک چێشتخانە و هۆتێلەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە لەسەدا ٢٨ی خۆراکی بەفیڕۆدراو بەرپرسیار بوون، لەکاتێکدا بازرگانی تاکەکەسی وەک قەسابخانە و فرۆشگاکانی خۆراک و میوە و سەوزە لەسەدا ١٢ بەرپرسیار بوون، بەڵام گەورەترین لایەنی بەفیڕۆدەر، ئەو خێزانانە بوون کە لەسەدا ٦٠ی کۆی پاشماوەی خۆراکیان فڕێداوە، ئەمەش دەکاتە نزیکەی ٦٣١ ملیۆن تەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەیەکی تر لە بەفیڕۆدانەکان، بەروارەکانی بەسەرچوونە؛ هەندێک کەس بەرهەمە بەکارهێنراوەکان فڕێدەدەن و پێیان وایە تێکچوون و شیاوی خواردن نین.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەهەمانشێوە بڕێکی زۆر خۆراک بەفیڕۆچووە بەهۆی خراپ بوونی خۆراکەکان لەکاتی گواستنەوە یان فڕێدانی بەهۆی نەبوونی ساردکەرەوە خراپ بوون بەتایبەت لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا.

 

بە پێچەوانەی ئەو باوەڕە باوەوە، بەفیڕۆدانی خۆراک تەنیا لە “وڵاتانی دەوڵەمەند”دا کێشە نییە و دەتوانرێت لە هەموو جیهاندا ئەم دۆخە بەدی بکرێت، بەپێی ئەوەی ڕاپۆرتەکە دەریخستووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە گۆڕینی ئیکۆسیستمی سروشتی بۆ زەوی کشتوکاڵی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوون (زەوی گونجاو بۆ ژینگە)، لەکاتێکدا پاشماوەی خۆراک یەکسانە بە لەسەدا ٣٠ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی جیهان.

 

سوانێل دەڵێت: “ئەگەر بتوانین بەفیڕۆدانی خۆراک لە سەرانسەری زنجیرەی دابینکردندا کەم بکەینەوە، دەتوانین پێویستی تەرخانکردنی زەوی بۆ گەشەپێدانی ئەو بەرهەمانە کەمبکەینەوە کە هەرگیز بەکارناهێنرێن”.

ئایا خواردنی شەکر تینووت دەکات؟
پێشت ئایا خواردنی شەکر تینووت دەکات؟
“گەیشتینە ڕۆژگارێک پاش 55 ڕۆژ هەواڵی مووچە بە مژدە بڵاو دەکرێتەوە”
دواتر “گەیشتینە ڕۆژگارێک پاش 55 ڕۆژ هەواڵی مووچە بە مژدە بڵاو دەکرێتەوە”
ەیوەندیدار