زمانی زبر



زمانی زبر

ئەرسەلان ڕەحمان

زمانی ڕاگەیەندراوی حکومەت، دەبێت زمانێکی باڵا بێت، زمانێک بێت لە شکۆی حکومەت و بەرپرسیارێتییەکەی بوەشێتەوە و ئەنگێزەی حزبی و شەخسی تێکەڵ نەبێت، حکومەت تەنیا موڵکی ئەندامانی حزبی پێکهێنەری نییە، دەبێت نوێنەرایەتی ماف و بەرژەوەندی گشتی هەمووان بکات، بەوانەشەوە کە ئۆپۆزیسیۆنن، یان ڕەخنەی لێدەگرن.

نابێت زمانی گوتاری هێندە زبر و ڕقئامێز و دەمارگیرانە بێت، وەرگر بێزار بکات.. ژینگەی میدیایی پیس بکات، باری دەروونی خەڵک بشێوێنێت.

دەکرێت زۆر شت بوترێت، بەڵام بە زمانێکی شایستە بە دەوڵەتداری.

زمانی هەندێک لە ڕاگەیەندراوەکانی حکومەت لە دەستپێکەوە تا ئێستا وەک پێویست نییە، زمانێکی سیاسیی شایستە بە حکومەت نین، هەندێکجار زمانەکە دادەبەزێت بۆ زمانی پەیج و ئەکاونتی بێ ناسنامە.

ئەمە زیانی پترە و ڕێ خۆش دەکات بۆ ئەوەی تاکەکانیش بەو زمانە وەڵامی بدەنەوە، چ جای لایەنەکان.

بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکانی حکومەت ژاوەژاو دروست دەکەن و ژینگەی میدیایی پیس دەکەن، لە کابینەکانی پێشوو هاوشێوەی ئەم حاڵەتە تێبینی نەکراوە، لە سەردەمی کابینە چل وەزارەتییەکە، وتەبێژێک هەبوو، خەریک بوو گوتاری حکومەتی دەشێواند، زوو بێدەنگ و پاشان لابرا.

لە دوو ساڵی ماوەی بەڕێز د. بەرهەم چی ناشایستە بوو بە حکومەت وترا، بەتایبەت لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی شوباتدا، بەڵام حکومەت دانەبەزییە ئاستی موهاتەرات، لە سەردەمی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەهەمان شێوە.. بەڵام ئێستا ڕەخنەگرێ لە سویدەوە پۆستێک بکا لێرە بەیاننامەیەکی لە دژ دەردەکرێ.. کێشە ناوخۆییەکانیش بەلایەک.

بەهیوای ئەوەی حکومەت دەستبەرداری عەقڵ و گوتاری پەرچەکردارانە بێت و بە سینگێکی فراوان و دوور لە هەڵچوون و تەسکبیری پەیام و گوتاری دابڕێژێت و زمانێکی باڵا بترازێ، پەیام و گوتاری بڵاو نەکاتەوە لە پێناو پاراستنی ژینگەی میدیایی و ئاسایشی دەروونی هاووڵاتییان.

بۆ ئەوەش پێویستە خەڵکی شایستە وکارامە لە ڕاگەیاندنی حکومەت بن و تیمی شارەزای میدیایی و کۆمەڵناس و زمانزان هەبن و لە داڕشتنی پەیام پشتیان پێ ببەسترێت، نەک ئەو تیمەی بە عەقڵی نووسینی مانشێت بۆ ڕۆژنامە شت دەنوسن و پێیان وایە تا زبرتر بن، فرۆشی ڕۆژنامەکەیان زیاتر دەبێت، یا ئەمنین و پێیان وایە تەنیا ڕێگە زمانی زبرە بۆ شکاندنی بەرامبەرەکانیان، یاخود جیلی سەردەمی سۆشیالمیدیان و پێیان وایە تا کۆمێنتی دژوێن و ئیمۆجی پێکەنین زیاتر بن، کاریگەری پۆستەکانیان زیاترە.

بیریشمان نەچێ گوتاری ڕەسمی دەبێت لە ڕێگەی کەناڵی ڕەسمییەوە بڵاوبکرێتەوە، نەک کات و ساتی نەبێ و پارشێوان و لە ڕێی ئەکاونت و پەیجەوە بێت، ئەمە شکۆی گوتارەکە ناهێڵێت.

 

داوای خەرجکردنی 100 هەزار دینار وەک جەژنانە بۆ خانەنشینان دەکرێت
پێشت داوای خەرجکردنی 100 هەزار دینار وەک جەژنانە بۆ خانەنشینان دەکرێت
ئەنجومەنی وەزیران پرسی مووچەی یەکلاکردەوە
دواتر ئەنجومەنی وەزیران پرسی مووچەی یەکلاکردەوە
ەیوەندیدار