بەهار مەحمود: بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەی مووچەوە ٪١٠٠ دەستوورییە



بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە، ڕەهەند و بۆچوونی جیاوازی سیاسی و یاسایی لە خۆدەگرێت.

بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ٢١ی شوبات لەبارەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارەکە بە نا دەستووری دەزانێت و ڕەتیدەکاتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش پشتگیری بڕیاری دادگاکە دەکەن و پێیان وایە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمدایە.

دکتۆر بەهار مەحمود، پسپۆڕی بواری یاسا ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی ڕاستە دادگایەکی باڵایە لە وڵات، بەڵام مەرج نییە و بەو واتایەش نییە هەموو دەسەڵاتەکانی لابێت، بەڵکو ئەویش وەک هەرکەسێکی مەعنەوی کاتێک هەست دەکات تۆمەتێکی ئاڕاستەکراوە پەنا بباتە بەردەم دادگای تایبەتمەند، هەرچەندە لە ڕاگەیەنراوەکەی دادگا باسی نەکردووە ڕێوشوێنە یاساییەکە، بەڵام من پێم وایە ئەم تۆمەتانە دەچێتە چوارچێوەی ماددە 433ی یاسای سزادانی عێراقی کە (قذف) لە کەدارکردن، دادگای فیدراڵی دەتوانێت وەک کەسێکی مەعنەوی لە بەردەم دادگای کەتندا سکاڵا تۆمار بکات، چونکە ئیختساساتی دادگاکان دابەش کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراقی دەبوو دادگای فیدراڵی نەمایە و یاسای نوێی بۆ دەربچوایە، بەڵام خۆ لەناو دەستووردا هەر ئەم ماددەیە پێشێل نەکراوە بەڵکو چەندین ماددەی تر هەن کە پێشێل کراون.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لایەنەی کە ئێستا تانە و ڕەخنە لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەگرێت، من خۆم وەک (بەهار، وەک کەسێکی یاسایی) بە سەرۆکی فراکسیۆنەکەیانم وت، ئەمە نا دەستوورییە دەنگ بەو یاسایە مەدەن کە بە زۆرینەیەکی سادە تێپەڕێنرێت و دەبێتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام یەکێتیش و پارتیش چوونە ناو کۆبوونەوەکەی پەرلەمان و دەنگیان دا و زۆریش ڕازی بوون لەو بڕیارانەی پێشتریش ڕازی بوون کە دادگاکە دای، ئێمە ئەوکات دەنگمان پێنەدا لەگەڵ هاوڕێم (دکتۆر یوسف) ڕاگەیەنراوێکمان هەیە هی ئەوکاتە و تێیدا مەترسییەکانی پێکهێنانی ئەو دادگایەمان بە زۆرینەیەکی سادە خستبووە ڕوو داواشمان لەلایەنە کوردییەکان کرد کە دەنگی پێنەدەن.

بە وتەی دکتۆر بەهار مەحمود ئەوەی دادگای فیدراڵی ئێستا دەیکات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردی بۆ خۆی فەڕاغی یاسایی و دەستووری داوەتە دەست دادگاکە بۆ نموونە هەر نەبوونی دەستوور وایکردووە کە دادگای فیدراڵی بڕیاربدات.

باسی لەوەکرد، ڕەخنەگرتن لە دادگای فیدراڵی بەوەی نا دەستوورییە لەلایەن لایەنێکی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئێستا دەبینرێت، لەو ڕوانگەیەوە نییە کە خۆی زۆر پابەندە بە دەستوورەوە بەڵکو لەبەرئەوەیە خۆی ئێستا خۆی زیانمەندە لەو بڕیارانەی ئێستا دادگاکە دەیدات واتە پێشتر ئەوەی نەوتووە کە بڵێ دادگاکە نادەستورییە، بۆیە پابەند بوون بە دەستوور ئەوە نییە کە کاتێک لە بەرژەوەندیت بوو قسە نەکەی کە لەبەرژەوەندیت نەبوو بڵێی نادەستوورییە.

جەختی لەوەشکردەوە، هەموو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نا دەستووری نییە، بەڵکو ئەو بڕیارەی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دای سەدا سەد دەستوورییە، بەڵام لە هەندێک بڕیاری تر ڕەنگە کاریگەری سیاسی لەسەر بێت نەک هەر بەرامبەر بەکورد بەڵکو بەرامبەر بەلایەنەکانی تریش.

 

هەڵسەنگاندنی لێدانەکانی دڵ و فشاری خوێن لە جووڵە جیاوازەکانی نوێژدا
پێشت هەڵسەنگاندنی لێدانەکانی دڵ و فشاری خوێن لە جووڵە جیاوازەکانی نوێژدا
ئۆباما ترسی لە شکستهێنانی بایدن هەیە
دواتر ئۆباما ترسی لە شکستهێنانی بایدن هەیە
ەیوەندیدار