سەرۆك كۆمار: دوو بەنداو بۆ سوود وەرگرتن لە ئاوی باران دروستدەكرێن



سەرۆك كۆماری عێراق لە میانەی پێشوازیكردنی لە باڵیۆزی ئێران ڕایدەگەیەنێت، كار بۆ بنیاتنانی دوو بەنداو دەكات لەپێناو رێكخستنی بەكاربردن و سوودوەرگرتن لە بڕی بارانبارین

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، د.لەتیف جەمال ڕەشید پێشوازیكرد لە محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و باس لە پەیوەندیی قوڵی نێوان كۆماری عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران كرا و گرنگی فراوانكردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە بواری هاریكاری دوو قۆڵی دوپاتكرایەوە، بەجۆرێك لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێ و گەلانی تەواوی ناوچەكەدا بێت.

سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە، دیداری لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران لە پەراوێزی حەوتەمین لوتكەی كۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەكاری غاز لە جەزائیر، بەرهەمداربووە بۆ گرتنەبەری ستراتیژێك، كە هاوسەنگی لەنێوان ئاسایشی وزە و كەمكردنەوەی دەردانی غاز بەدیبهێنێت، كە كاریگەری لەسەر ژینگە دەبێت.

سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق چاوی لە هاریكاری زیاتر و سودوەرگرتنە لە شارەزایی و ئەزمونەكان، بەتایبەتی لەبواری دروستكردنی بەنداو و بەڕێوەبردنی ئاو. هەروەك كارەكان بەردەوامن بۆ دروستكردنی دوو بەنداو بۆ سودوەرگرتن لە بڕی بارانبارین و رێكخستنی بەكارهێنانی ئاو.

لەبەرامبەردا محەمەد كازم ئال سادق هەڵوێستی وڵاتەكەی بۆ پشتیوانیكردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دوپاتكردەوە و جەختیشیكردەوە لەسەر پەرۆشی سەركردایەتی ئێران بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكاندا و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی هاوبەش بەشێوەیەك كە خواستەكانی گەلانی عێراق و ئێران بەدیبهێنێت.

باڵیۆزی ئێران دوپاتیكردەوە، كە شاندێكی ئێرانی سەردانی عێراق دەكات بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە سوودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی و باران و دروستكردنی بەنداو، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ چەسپاندنی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات بۆ روبەڕوبونەوەی رەوشی ژینگەیی و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا.

خانووە زیادەڕۆكانی چەند ناوچەیەكی دیكەی سلێمانی تاپۆ دەكرێن
پێشت خانووە زیادەڕۆكانی چەند ناوچەیەكی دیكەی سلێمانی تاپۆ دەكرێن
كاتی دابەشكردنی بەشەخۆراكی ڕەمەزان دیاریكرا
دواتر كاتی دابەشكردنی بەشەخۆراكی ڕەمەزان دیاریكرا
ەیوەندیدار