مامۆستایانی ناڕازی دوا مۆڵەت دەدەنە یەکێتی و هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن



مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دووپات کردەوە و کۆتا مۆڵەتیشیان دایە یەکێتی کە “هەژماری من” ڕەتبکاتەوە و مووچە دابەشبکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەتکردنەوەی “هەژماری من”یان  ڕاگەیاند و دووپاتیان کردەوە، “تەنها خزمەت بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان دەکات و پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییە”.

هاوکات مامۆستایان پەیامێکی توندیان ئاڕاستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، پێویستە خۆڵەمێشییانە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نەکەن، کە لەلایەکەوە بڵێن لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانداین و لەلایەکی دیکەشەوە داواکارییەکانی پارتی لەبەر بەرژەوەندی حزب جێبەجێ بکەن و بەسەر مووچەخۆراندا بیسەپێنن.

ئەوەشیان خستەڕوو، بڕیاری تایبەت بە بانکی کردنی مووچە و لابردنی کورسی کۆتاکان لە یەک ڕۆژدا دەرکراوە، ناکرێت پابەندی یەکێکیان بن و پابەندی ئەوی دیکەیان نەبن، ڕێگەی دروست لەبەردەمتاندا هاوکاریکردنی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینە بۆئەوەی کی کارد بۆ مووچەخۆران دروستبکەن، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کە لەلایەن هەر سێ حزبی پارتی، یەکێتی و گۆڕان دەستی بەسەردا گیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستبەجی سزاکانی مامۆستایان هەڵبوەشێنرێتەوە.

جەختیان لەوەکردەوە، یەکێتی حوکمڕانی ئەم سنوورەیە هەر بۆیە تا ڕۆژی دووشەممە ٢٥/٣/٢٠٢٤ بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی “هەژماری من” نەدات و لە ئەگەری زیاتر دواکەوتنی مووچە، ئەوا ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر ١١:٠٠ پێشنیوەڕۆ خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە شەقامی مەلیک مەحمودی شاری سلێمانییەوە بەرەو دەباشان ئەنجامدەدرێت، پەیامی ڕاستەوخۆ دەدەینە دەسەڵاتدارانی ئەم سنوورە.

داواشیان کرد لە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان، لە فەرمانبەران و مووچەخۆران و هاووڵاتییان کرد بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن

هەر لە کۆنگرەکەدا مامۆستایان داوایان لەسەرجەم پارتە سیاسییەکانی دیکەش کرد کە بە فەرمی “هەژماری من” ڕەتبکەنەوە.

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت
پێشت ئەندامێکی لیژنەی دارایی: نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت
ئەحمەد حاجی ڕەشید: دەست بەسەر مافی مووچەخۆراندا گیراوە
دواتر ئەحمەد حاجی ڕەشید: دەست بەسەر مافی مووچەخۆراندا گیراوە
ەیوەندیدار