هێمن هەورامی: ناچینە هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو کە مەبەست لێی پارچەکردنی هەرێمی کوردستانە



له‌باره‌ی بەشدارینەکردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ڵێت، ئێمه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنێك ناكه‌ین كه‌ به‌ سیسته‌مێكی سه‌پێندراو له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌یه‌كی ناده‌ستووری به‌سه‌ر ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان سه‌پێندراوه‌.

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ میدیای پارتی ڕایگەیاند، وشەی بایکۆت بۆ بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵەیە، بەڵکو ئێمە بەشداری لەم جۆرە هەڵبژاردنانەدا ناکەین کە بە سیستمێکی سەپێندراو بڕیارێکی نا دەستووری بەسەر هەرێمی کوردستان سەپێندراوە، لەلایەن دادگای فیدڕاڵی کە دامەزراوەیەکی “نا دەستوورییە”.

ئاماژەی بەوەکرد، پارتی بۆیه‌ هه‌ڵوێستی وه‌رگرتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا كه‌ ڕێككه‌وتنێكی سیاسی و ئیداریمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌، یاسای دادگای باڵای فیدراڵی له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ به‌پێی مادده‌ی 92ـی ده‌ستوور دادگای باڵای فیدراڵی دروست ببێت.

وتیشی، بڕیارەکەی ئێمە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ڕێڕەوە هەڵە نادەستووریەیە کە عێراقی لە عێراقێکی فرە پێکهاتەوە بردووە بۆ عێراقێکی تاک پێکهاتە.

سەبارەت بە  بەشداری نەکردنەکانی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق ڕایگەیاند، پارتی له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق هێزی یه‌كه‌می بێ ركابه‌ر بووه‌، بەڵام ئێمە ناچینە هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو کە مەبەست لێی پارچەکردنی هەرێمی کوردستانە، ئێستاش بەشداری هەڵبژاردن بکەین دڵنیاین زیاتر لە 44 کورسی بەدەست دەهێنین.

جەختی لەوەشکردەوە، پارتی هەمیشە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام هەڵبژاردنێک کە لەلایەن دامەزراوەیەکی دەستووری بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەڕێوەبچێت، هەر بۆیە ئێمە ناچینە ژێر باری بڕیاری نادەستووری دادگای فیدڕاڵی عێراق.

وتیشی، ئەگەر لایەنەکانی دیکە توانییان بە بێ پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، پیرۆزیان بێت، ئێمە ستۆپ بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوە نین لەگەڵ عێراقدا بیگەیەنینە مریشکە ڕەشە.

باسی لەوەکرد، یەک هەنگاو نانێین هەتا 20 هەنگاوی پێش خۆمان نەبینێت، پارتی دەگلێت، بەڵام ناشکێت 77 ساڵه‌ به‌ پێوه‌ین و کەس ناتوانێت گورزمان لێ بدات.

وتیشی، یەکێتی هەڵەیەکی ستراتیژی کرد کە دۆسیەی هەڵبژاردنی بردە دادگایەکی نادەستووری، دەنگی یەکێتی لە هەڵبژاردنی کەرکووکدا دەنگی سروشتی خۆی نەبوو، بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەیە لەبەردەستی پارتی کە یەکێتی لە بەرامبەر لاوازکردنی پێگەی هەرێم پاداشت کراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات.

بەغدا زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری دیکەی بۆ هەرێم نارد
پێت بەغدا زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری دیکەی بۆ هەرێم نارد
نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە
دوات نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە
پەیوەندیدار