داڕمان و نیشانەکانی داڕمانی حکومەت



داڕمان و نیشانەکانی داڕمانی حکومەت

کاوە شێخ عەبدوڵا

ئایا ئێمەی کورد لە کوردستانی عێراق ئێستا لە لێواری داڕمانداین؟ بۆ هەموو ئەوانەی کە هاوسۆزی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانن و هەموو ئەوانەیشی کە تاسەر ئێسقان دژن و ئاوات بە نەمانی دەخوازن، دیمەنەکە زۆر ڕۆشنە کە بەرەو لێکهەڵوەشانەوەیەکی فیعلی دەچێ.

بەڵام ئایا سروشتی حکومەتی کورد جیاوازە لە سروشتی هەموو حکومەتەکانی ئێستا و مێژووی بەشەریەت؟ هیچ پاکانە و پاساوێک دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەت و حوکمڕانی کورد دانەڕمێ؟

زاناکان.. فەیلەسووفەکان.. سیاسەتمەدارەکان چیان وتووە سەبارەت بە نیشانەکانی هەڵوەشانەوە و داڕمانی ئەزموونەکانی حوکمڕانی؟

لێرەدا ئاماژە بە قسە و لێکدانەوەی چەند زانا و فەیلەسووف و مێژووناسێک دەدەم کە چەند سەد ساڵ و چەند سەدە لەمەوپێش، باسی هۆکار و نیشانەکانی هەڵوەشانەوە و داڕمانی حکومەتەکانیان کردووە، هیچ بۆچوون و لێکدانەوەیەکی خۆمی تێکەڵ ناکەم، ئێوەش بۆ خۆتان بزانن چەند نیشانە و هۆکاری لە کوردستان و حوکمڕانییەکەیدا هەیە.

ـــ ئەریک فرۆم زانای دەروونناس وتوویەتی: هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی دەسەڵاتداران لەگەڵ میللەتدا دەبێتە هۆی داڕمان! هەروەها ڕەنگە هەموو ئەندامانی نەتەوەیەک شێت و شویر ببن ئەگەر هەڵەی هاوبەشیان هەبێ!

یبن خەلدوون دەڵێ: دەسەڵات و حکومەتی خانەدانەکان وەک سوڕی ژیانی ئینسان بریتییە لە: لەدایکبوون، خۆسەپاندن، خۆشژیانی و شەهوەت، پاشان پیربوون و مردن.

ئیبن خەلدوون دەڵێ: لە ئینساندا پیری نەخۆشییەکی کوشندەیە و هەرگیز چارەسەر ناکرێت، چونکە شتێکی سروشتییە. دەسەڵاتێکیش بەهۆی خۆسەپێنی و شەهوەتەکانییەوە پیربێت، چارەسەری نییە و دادەڕمێ!

بەپێی ئەزموونی خۆی، ئیبن خەلدوون دەڵێت: خانەدانەکان هەر سێ نەوە دەتوانن ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی بکەن. دواتر نیشانەکانی: نائارامیی لە وڵاتدا و پاشان هۆشیاریی و بوێری خەڵک زیاد دەکەن، ئەمانەش دەبنە هۆی داڕمانی شانشینی خانەدانە پیربووەکە!

لە کتێبی پیرۆزیشدا ئاماژەیەکی لەمجۆرەی ئیبن خەلدوون هەیە کە دەڵێت: تۆڵەی گوناهی باوکەکان دەکەمەوە لە کوڕەکانیان!

ـ ئەرەستۆ وتوویەتی: ئەگەر هاتوو دەسەڵاتەکان بەڕاستی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ نەکەن، ئەوا ململانێ و پێکادانی نێوان ئەرستۆکرات و هەژارەکان شتێکی حەتمی دەبێ. هەروەها دەرگا بە ڕووی خراپە و گەندەڵیدا دەکاتەوە کە هەردووکیشیان دەبنە باعیسی داڕمان.

جۆن جۆزێف ساوندەرز مێژوونووسی ئینگلیزی بۆچوونێکی زۆر جوان و روونی هەیە سەبارەت بە ستەم و خۆسەپاندنی دەسەڵاتداران بەسەر خەڵکدا.

ئەو دەڵێ: ئەگەر حوکمڕان و گروپە دەسەڵاتدارەکان لە ڕێی جومگەکانی دەسەڵاتەکانیانەوە سوکایەتی بە خەڵک بکەن و بیانچەوسێننەوە، ئەوا خەڵکیش کاردانەوەیان دەبێ.. ئیتر بە شێواز و قەبارەی خۆیان.. بۆ نموونە:  لەناو وڵاتدا بێباکی، پووکانەوەی داهێنان و لێهاتوویی، کەڵەکەبوونی ڕق و هەستی لەناوبردن زیاد دەکەن و باڵادەست دەبن. بە کورتی هەموو شتێک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە فەرمانڕەوا و سیستمەکەیان.

ساوندەرز لەمە جوانتری وتووە کە دەڵێ: ئەگەر مرۆڤ لەژێر بارودۆخێکدا بژی کە پێچەوانەی ژینگەکەی و پێچەوانەی گەشەکردن و واقیعییەتەکەی بێ، بە دڵنیاییەوە کاردانەوەی دەبێ کە هیچ لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارەکانیدا نابێ.

مێژوونووسی بەریتانی پاوڵ کەنەدی، وێنەیەکی زۆرڕرۆشنتری نیشانەکانی داڕمانی حکومەت و حوکمڕانییەک دەکێشێت و دەڵێ: ئەو وڵاتانەی کە لە لێواری داڕماندان، خەرجی زیاتر بۆ ئاسایش و ئەمنیەت تەرخان دەکەن، بەڵام لەبری ئەوەی دەسەڵات مسۆگەر بکەن ئاڵۆزتری دەکەن.

پاوڵ کەنەدی دەشڵێ: بە درێژایی مێژوو هەمیشە دوو ڕێگە هەبووە بۆ مامەڵەکردنی دەسەڵاتداران لەکاتی شکستدا؛ یەکێکیان هەوڵی پاراستن و زیادکردنی و سەروەت و سامانەکەی دەدات، ئەویتریان هەوڵ دەدا سەرۆک ببێتە ئەفسانە!

دارایی عێراق دەستی بەدابەشکردنی مووچەی مانگی سێی خانەنشینان کرد
پێشت دارایی عێراق دەستی بەدابەشکردنی مووچەی مانگی سێی خانەنشینان کرد
داوای پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان دەکرێت
دواتر داوای پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان دەکرێت
ەیوەندیدار