هاوسەری یەکەمی بەغدادی: خەلافەت ببوو بە دەوڵەتی ژنان و کەنیزەک



ئوم حوزەیفە هاوسەری یەكەمی ئەبوبەكر بەغدادی (خەلیفەی داعش) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، کۆمەڵێک نهێنی سەبارە بە ژیانی کۆمەڵایەتی بەغدادی ئاشکرا دەکات کە لە 26ی تشرینی یەکەمی 2019دا لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی، خۆی تەقاندەوە.

ئەسما محەمەد هاوسەری یەکەمی بەغدادی کە بە ئوم حوزەیفە ناسراوە دەڵێت: لەو سەردەمەدا هەوای ژن و كەنیزەك لە کەللەی دابوون و خەلافەتەكە لە دەوڵەتی ئیسلامیەوە گۆڕابوو بۆ دەوڵەتی ژنان.

وەك خیزانی بەغدادی ئێمە لە حەشارگە نەبووین و لە ماڵەوە ئاسایی دەژیاین. لە ناوچەی تاجی لە عێراق تاڕادەیەك سەقامگیر بووین.

دەشڵێت، ئەو كاتەی بەغدادی وتاری هەینی بەئاشكرا لە موسڵ دا، من لە گەڵ منداڵەكانم لە شاری ڕەقە بووم. پێش ئەو وتارە هاتەوە بۆ ماڵەوە و وتی منداڵە بچووكەكان لە گەڵ خۆی دەبات و دەچن بۆ مەنسورە لە نزیك ڕەقە و، فێری مەلەیان دەكات. دوای چەند ڕۆژێك تووشی شۆك بووم بەدەركەوتنی لە تەلەفیزیۆن و وتار دانەكەی.

ڕاشیگەیاند، من و منداڵەکانم ئەو كاتە لە تارمییە بووین. ئەو پیاوەی میوانخانەكەی خاوێن دەكردەوە لە ڕێگەی ژنەكەیەوە پێی ووتم دەچین بۆ ناوچەیەكی دیكە. پێی نەووتم بۆ كوێ دەچین، بەڵام بەسەرنجدان لە تابلۆكانی هاتووچۆ زانیم بەرەو موسڵ دەڕۆین. لە دەشتی نەینەوا ڕادەستی ماڵێكی دیكەی كردین و، لەوێ چەند ڕۆژێك ماینەوە.

هەروەها دەڵێت، خاوەن ماڵەكە پێی ووتم دەبێ بڕۆین بۆ جێگەیەكی تر. ڕۆیشتین و لە ڕێگا ژنێكی دیكە لە گەڵمان سەركەوت. دواتر زانیم ئەو ئافرەتە ژنی یەكێك لە سەركردەكانی داعشە بەناوی محەمەد حدود. لەوێش وتیان دەبێ ئێوە لێرە بڕۆن. كەس پێی نەدەووتم بۆ كوێ، بەڵام ژنی ماڵەكە پێی ووتم دەچێت بەرەو هەولێر. بەلامەوە سەیر بوو. باشە ئێمە لە هەولێر چی بكەین. لە كاتی ڕۆیشتندا ڕێمان كەوتە خاڵێكی پشكنینی پێشمەرگە. لەوێ دابەزین و شۆفێرەكەمان قسەی لە گەڵ ئەفسەرێكی كورد كرد و بڕێك دۆلاری دا بەئەفسەرەكە. بەردەوام بووین لە ڕۆیشتندا و، لە كۆتاییدا بۆم دەركەوت چووینەتە ناو خاكی سوریاوە.

 

ئوم حوزەیفە دەڵێت، تاكە كەسێك كە دەهات ناوی مەنصور بوو و، بەردەوام لە گەڵ بەغدادی بوو. بەغدادی كچەكەی خۆی كە 13 ساڵان بوو دابوێ. كوڕەكە تەمەنی 23 ساڵ بوو. لە ماوەیەكی زۆردا تەنها جارێك محەمەد عەدنانی سەردانی بەغدادی كردوە. لەو قۆناغەدا ڕێکخراوی دەولە (داعش) تووشی “غرور” ببوو.

سەبارەت بە هاوسەرەكانی، ئوم حوزەفە دەڵێت: پێش ڕایگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەت ژنێكی سوری خواست كە خەڵكی حەلەب بوو. ئەو ژنە پێشتر شووی كردبوو و پێنج منداڵی هەبوو. ئەو ژنە پێش ئەوەی مێردی پێشووی بكوژرێ، لە سعودیە ژیابوو. لە سعودیەوە هاتبووە سوریا بۆ ئەوەی شوو بە بەغدادی بكات. دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەت ژنی سێیەمیشی هێنا كە عێراقی بوو و تەمەنی (١٤) ساڵ بوو. ژنێكی چیچانیشی لە ساڵی ٢٠١٥دا هێناوە.

سەبارەت بە کەنیزەک ئوم حوزەیفە لە ژمارەكەی دڵنیا نیە و دەڵێت بەغدادی 9-10 کەنیزەکی هەبووە و هەموویان ئێزیدی بوون، ڕەنگە زیاتریش بووبن، چونكە لەو سەردەمەدا هەوای ژن و كەنیزەك لە كەللـەی دابوون. ئوم حوزەیفە دەڵێت: بەڕای من لە دەوڵەتی ئیسلامییەوە گۆڕابوو بەدەوڵەتی ژنان. سەبایا لە قورئاندا باس كراوە و ئەوە لە سەردەمەكانی كۆندا بووە، بەڵام ئێستا من قەناعەتم وایە وەك كویلایەتییە.

باس لەوەش دەکات جارێك بەغدادی لەسەر ڕەخنەگرتن لە پرسی کەنیزەک، داوێتی بەدادگای شەڕع گوایە نكوڵی لە شەرع دەكات.

ئەوەش دەخاتە رِوو کە تەنها كەنیزەكێكی منداڵی ئێزیدی كە منداڵیشی هەبوو و ناوی “ڕیهام” بوو نزیكەی مانگێك لە گەڵ ئوم حوزەیفە ژیاوە.

دەشڵێت؛ ئەوەندەی من بزانم هەموو سەركردەكانی دەولە كەنیزەكی ئێزیدیان هەبووە. لەو سەردەمەدا هەموو ڕێکخراوەکە وەك دڕندە وابوون بۆ ژن..

سەبارەت بە خۆپاراستنی سەركردەكانی داعش و منداڵەكانیان و بەرەڵا كردنی ژن و منداڵی خەڵكی سادە، ئوم حوزەیفە دەڵێ: بەڕاستی پەڵەیەكی ڕەشە بەناوچەوانی ئەو ڕێكخراوەوە. بەڕاستی ئەو ڕێكخراوە مێژوویەكی رەش بوو.

ئوم حوزەیفە رۆژی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی بەبیردەهێنێتەوە و دەڵێت: كوڕە بچكۆلەكەم و بەغدادی لەگەڵ دوو ژنیدا بەدەستی بەغدادی خۆی تەقێندراونەتەوە.

بوومەلەرزەیەكی بەهێز شارێکی کوردستانی هەژاند
پێشت بوومەلەرزەیەكی بەهێز شارێکی کوردستانی هەژاند
شاندێکی هونەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد گەڕانەوە
دواتر شاندێکی هونەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد گەڕانەوە
ەیوەندیدار