خەڵاتی ئازادی ڕاگەیاندنی یونسکۆ بەخشرایە ڕۆژنامەنووسانی غەززە



خەڵاتی ئازادی ڕاگەیاندنی یونسکۆ بەخشرایە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە غەززە تاوانەکانی جەنگی ئیسرائیل بە بەڵگە دەکەن

خەڵاتی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندنی گویلێرمۆ کانۆ، کە لە ساڵی ١٩٩٧ەوە لەلایەن ڕێکخراوی پەروەردە، زانست و کلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)وە دابەش دەکرێت، ئەمساڵ بەخشرایە ئەو ڕۆژنامەنووسە فەڵەستینییانەی لە غەززە تاوانەکانی جەنگی ئیسرائیل تۆمار دەکەن و بە جیهانی ڕادەگەیەنن.

یونسکۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە دەستەی داوەری، کە پێکهاتوون لەو شارەزا نێودەوڵەتییانەی میدیا کە لە چوارچێوەی کۆنفرانسی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن لە ڕۆژانی ٢-٤ی ئایار لە شاری سانتیاگۆی شیللی ساز دەکرێت دیاریکراون، ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینییان لە غەززە بە شایستەی ئەم خەڵاتە دانا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا لێدوانی سەرۆکی دەستەی داوەری، ماوریسیۆ بیبیل خراوەتەڕوو کە ئاماژە بەوە دەکات ویستوویانە لە کاتە تاریک و بێ ئومێدەکاندا پەیامێکی هاودەنگیی بەهێز و دەستخۆشی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی بەش بکەن، کە لە هەلومەرجێکی وا سەختدا دۆخی غەززە دەگوازنەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ، ئاودری ئازۆولای ئاماژەی بەوە کرد کە خوازیارن هەموو ساڵێک بە خەڵاتی گویلێرمۆ کانۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانە شەرەفمەند بکەن کە بوێرانە لە هەلومەرجە سەخت و مەترسیدارەکاندا کار دەکەن، ڕایگەیاند، “خەڵاتەکە ئەمساڵ جارێکی دیکە گرنگی کاری بەکۆمەڵمان بیردەخاتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهاندا دەتوانن بەردەوام بن لەسەر کارەکانیان”.

 

تۆڕی مافی مرۆڤی سووریا: لە دەستپێكی شەڕەوە 717 رۆژنامەنووس کوژراون
پێشت تۆڕی مافی مرۆڤی سووریا: لە دەستپێكی شەڕەوە 717 رۆژنامەنووس کوژراون
کەشناسی بڕی بارانبارینی ١٢ کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە
دواتر کەشناسی بڕی بارانبارینی ١٢ کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە
ەیوەندیدار