(یاری تۆپی پێ) ئەفیونی گەلان و هێزی نەرمی وڵاتان



د. سەعید عەلی محمد

ڕۆژی شەممە لە وڵاتی قەتەر پاڵەوانێتی یاری تۆپی پێی جامی ئاسیا كۆتایی هات و هەڵبژاردەی قەتەر سەرجەم خەڵاتەكانی پاڵەوانێتی یەكەی كۆنتڕۆڵ كردو بۆ جاری دووەم لە مێژووی خۆیدا هەڵبژاردەكە بووە پاڵەوانی ئاسیا!

یاری تۆپی پێ یەكێكە لەو وەرزشە زۆرانەی, كە لە جیهاندا ئەنجام دەدرێن و بەشی شێری هەیە لە گرنگی پێدان و پارەداركردن، زۆرجار یانەیەك لە یانە گەورەكان نرخی یاریزانەكانی یاریەكی هەڵبژاردەیەكی تۆپی پێ تێیدا زۆر لە بودجەی یەكێك لە وڵاتە بچوكەكان یان وڵاتە هەژارەكان زیاترە ، و كێ بەركێ ی وە دەستخستنی پاڵەوانێتی یەك لە پاڵەوانێتی یەكانی یاری تۆپی پێ زۆر توندو سەختترە لە كێشمەكێش و شەڕكردن لەپێناو پرسە چارەنووسسازەكان لە هەندێ وڵاتدا!

ئەگەر (كارل ماركس) ژیانێكی تری پێ ببەخشرابا ئەو وتەیەی خۆی كە دەڵێ: (ئایین ئەفیونی گەلانە) دەیگۆڕی و دەیكردە (یاری تۆپی پێ ئەفیونی گەلانە) هەروەك هەندێك ڕۆشنبیرو كۆمەڵناس وەسفی دەكەن، چونكە ئەم یارییە بۆتە ئەفیون و ماددەی بێ هۆشكەری گەلان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو، لە وڵاتانی دەوڵەمەند و هەژار بۆتە قسە و باس و بەزم و چیرۆكی ماڵەكان و نوسینگەكان و چایخانە و قاوەخانەكان و شوێنە گشتییەكان!

هەوەسی ئەم یاری یە مەعشوقە ئەوەندە بێ سنوورە كە لە پێناویدا بەرژەوەندییەكان دەوەستێنرێن، کات و وادە پێشتر دیاری كراوەكان هەڵدەوەشێنرێنەوە، بۆنەكان لەبیردەچنەوە ، بڕیارە چارەنوسسازەكان دوادەخرێن، پەیوەندی و سەردانەكان دەبچڕێندرێن، ئاگری كێشە و ناكۆكیەكان بڵێسە دەگرێ، فرمێسكەكان دەڕژێنرێن و هەناسەكان حەپس دەكرێن، پیرۆزییەكان دەبەزێنرێن و نەریتەكان ژێر پێ دەخرێن، پەرستشەكان و دروشمە ئاینییەكان پشت گوێ دەخرێن! هەموو ئەمانە لەپێناو یارییەكی تۆپی پێدا كە لە یاریگایەك ئەنجام دەدرێ!

(یۆرگن کلوپ)ی ڕاهێنەری ئەڵمانی كاتێك باسی گرنگی یاری تۆپی پێ دەكات دەڵێ: (یاری تۆپی پێ زۆر گرنگ نیە، خۆ ئێمە گیانی خەڵك ڕزگار ناكەین، ئەركی ئێمە تەنها ئەوەیە بۆ ماوەی سێ كاتژمێر كێشەكان لە بیر خەڵك دەبەینەوە).

نوسەری فەڕەنسی (ئیتیان دۆلا بواسیە) لە كتێبەكەیدا (العبودية الاختيارية: پەرستنێكی ئارەزوومەندانە) دەڵێ: (لە یاری تۆپی پێدا هاووڵاتی كەمێك ئەو شتانەی بۆ قەرەبوو دەكرێتەوە كە لە ژیانی ڕۆژانەیدا لێ ی مەحروم و بێ بەش كراوە، ئەم یاری یە خەمەكان لەبیردەباتەوە، بۆ ماوەی سێ كاتژمێر دادگەری لە یاریگادا بەسەر هەمواندا دەسەپێنرێ و پیشان دەدرێ).

هێز و كاریگەری ئەم جۆرە ئەفیونە لەچی دایە؟!

لای جەماوەر سەركەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان هەموو شتێكە و ئیتر هیچ كێشە و گرفتێكی تر لە ئارادا نیە، هەندێك خۆیان دەكوژن كاتێك هەڵبژاردەكە دەیدۆڕێنێ، هەندێ دەڵێن: ئەگەر پیلانێكی دەرەكی نەبوایە هەڵبژاردەكەیان نەیدەدۆڕاند، هەندێك دوای دۆڕانی یارییەكە ڕاهێنەری هەڵبژاردەكە جنێو باران دەكەن، ئەگەر كارتێكی سوور بدرێتە یەكێك لە یاریزانەكان، یان توشی بەركەوتنێك ببێتەوە هەمووان هەڵدەچن و تووڕە دەبن، لە كاتی یارییەكەدا مزگەوتەكان و پەرستگاكان و ڕێگاوبان و شوێنە گشتییەكان چۆڵ دەكرێن وەك ئەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ دەركرابێ، قاوەخانەكان و چاپخانەكان و یاریگاكان جمەیان دێت!

هەندێك دروشمی سەیرو سەمەرەو بێ مانا دەوترێ و بەرگری یان لێ دەكرێ وەك ئەوەی چەند ویردو دەقێكی ئایینی پیرۆز بن و قسەیان لەسەر نەكرێ، هەندێ جار دەست لە بنەما نیشتمانیی و نەتەوەیی یەكان هەڵدەگیرێت و هەڵبژاردەیەك لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتی داگیركەردا یاری دەكات و ئاشتبوونەوەی وەرزشیی ئەنجام دەدات!

دەپرسین: ئەمانە هەمووی لەپێناو چی ؟ ئایا گەلە هەژارو ستەمدیدە و ژێر دەستەكان چیان لە یاری تۆپی پێ ی كۆمەڵێك ملیۆنێر یان ملیاردێر دەست دەكەوێت؟!

ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین نەمانبینیوە یاریزانێكی جیهانی یان ناوخۆیی تۆپی پێ لەبواری زانست و خوێندن دا كەسێكی نمونەیی و زیرەك و لێهاتوو بوو بێت، زۆربەیان بەزۆر مومارەسەكردنی ئەو یارییە لە كوچە و كۆڵان و ڕێگاوبان و شوێنە گشتییەكاندا دروست بوون و مەقام و سامانێكی ئەوتۆیان دەستكەوتووە، كە ئەو كەسانەی چاوەكانیان و ووزە زیهنییەكانیان لەبواری پزیشكی و ئەندازیاری و زانست و توێژینەوەكاندا كزو ماندوو بووە دەستیان نەكەوتووە!

ئاساییە مرۆڤ لە پزیشكیی و ئەندازیاریی و زانست و سیاسەت و فیكرو فەلسەفە و كۆمەڵناسی و ئابووریدا قاڵ و پسپۆڕ بێت و قازانج و سوود و خزمەتێكی گەورە پێشكەش بە گەل و نیشتمانەكەی بكات، بەڵام دەبێ دەستكەوتی گەورە چی بێت لە كەسانێكدا كە هەموو زانست و تواناو لێهاتویی یەكیان زانینی ئەنجامی یارییەكان و ناوی یاریزانەكان و توانای داوەریی كردن بێت؟!

یاری تۆپی پێ هێزی نەرمی وڵاتان و چەكی دەستی ڕژێمە دیكتاتۆرەكان :

وڵاتان و دەسەڵات و ڕژێمە دیكتاتۆرەكانیش پارە و بوودجەیەكی خەیاڵی بۆ یاری تۆپی پێ سەرف دەكەن، كە بۆ توێژینەوە و بواری زانستی ئامادەی سەرف كردنی نین، بەشێوەیەك كە ئەم یارییە بووەتە بازاڕێكی گەرمی بازرگانی و سیستەمێكی ئابووری گەورە كە یانەكان و كۆمپانیاكان و كەناڵەكان و ئاژانسەكانی هەواڵ و یاریزانەكان و سەرپەرشتی كاران و تەنانەت چایخانە و قاوە خانەكانیش قازانجی دارایی گەورەی لێ دەكەن و، بۆ ئەوان بە وەرزی وەدەستخستن و كۆكردنەوەی پارە و سامان لە قەڵەم دەدرێ!

وڵاتان چۆن ئەم هێزە نەرمە بەكاردەهێنن؟

كاتێك ئیتاڵیا میوانداری پاڵەوانێتی جامی جیهانی ساڵی 1932 یاری تۆپی پێی كرد (مۆسۆلینی) سەركردەی فاشی ئەو ووڵاتە ووتی : نەمدەزانی خۆشەویستی و دۆستایەتی ئیتاڵییەكان بۆ یاری تۆپی پێ زۆر لە دۆستایەتی و خۆشەویستییان بۆ ئیتاڵیا زیاترە! بۆیە هەرچیەكمان پێ بكرێ ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی میوانداری پاڵەوانێتی ساڵی داهاتوو بكەین، دواتر ئیتاڵیا میوانداری پاڵەوانێتی ساڵی 1938ی كردو مۆسۆلینی نازناوی (سەربازانی پرسی نیشتمانی) بەخشییە یاریزانانی یانەی ووڵاتەكەی!

سوپای ئەرژەنتین كاتێك كودەتای سەربازی ئەنجامدا، هەموو هەوڵێكی دا میوانداری پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێی ساڵی 1978 بكات تەنها بۆ ئەوەی ئەو هەموو تاوان و خوێن ڕشتنەی ئەنجامی داوە پەردەپۆش بكات!

كاتێك جیهان سەرگەرمی بەڕێكردنی پاڵەوانێتی جیهانی ساڵی 1982 بوو ڕژێمی جولەكە هەلەكەی قۆستەوە و قەسابخانەی خێوەتگای سەبراو شاتێلای ئەنجامدا.

ساڵی 2019 دەسەڵاتی كۆدەتای میسر بۆ ئەوەی ڕووی دەسەڵاتەكەی لای جیهان جوان بكات و كودەتاكەی پەردەپۆش بكات هەوڵیدا پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەفریقا ڕێكبخات و، میوانداری پاڵەوانێتی جیهانی یاری باسكەی ساڵی 2020ی گرتە ئەستۆ!

گومانی تێدا نیە وەرزش و یاری تۆپی پێ دەكرێ خاڵی نزیك كەرەوەی گەل و نەتەوە جیاوازەكان بێت و، پاڵپشتییەكی گەورە بۆ شۆڕشەكان و گەیاندنی ئازارو مەینەتییەكان بە جیهان دەستەبەر بكات و، هۆكارو پاڵنەرێكی گرنگ و سەرەكی بێت بۆ موسڵمان بوونی هەزاران مرۆڤی غەیرە موسڵمان و، فاكتەرو ئامڕازێكی سەركەوتوو بێت بۆ بەهێزكردنی گیانی خۆشەویستی نێو خێزان و تاكەكانی كۆمەڵگە و، ڕێگەیەكی گونجاویش بێت بۆ پەرەپێدان و هاندانی هاریكاریی و كاری خێرخوازی!

هەموومان كۆكین لەسەرئەوەی وەرزش نەك پڕۆسەیەكی خراپ نیە، بەڵكو زەرورەتێكی ژیانی مرۆڤەكانە و كۆمەڵگە و وڵاتان لێی بێ نیاز نین، بەڵام كاتێك ئەم مەیدانە لە ئامڕازی تەرفیهی و خۆشی وەرگرتن و بەهێزكردن و تەندروست كردنی لاشەوە دەبێتە ئامڕازێك بۆ كێ بەركێ یەكی گەرمی ناشیرین و، خەسارکردنی كات و تەمەنی مرۆڤەكان و، بە هەدەردانی پارە و سەروەت و سامانی وڵات و بەدیهێنانی پلانی دوژمنان، لێرەوە ماڵ كاولیەكە دەست پێ دەكات و ڕۆح و ویژدان و دەروونمان ئازار دەچێژێ… بۆیە دەبێ بزانین وڵاتان بە قاچ و پێی وەرزشەوان و یاریزانەكانیان پێشنەكەوتوون، بەڵكو بەتواناو داهێنان و مەهارەت و عەقڵە گەورەكان پێشكەوتوون و گەشەیان كردووە!

ئایا ئێمە لەم ئاستە دواكەوتووەی سیاسەت و ئابووری و هێزو گەشەی زانستیدا چیمان دەست دەكەوێت، چ گۆڕانكارییەك دێتە ئاراوە ئەگەر جامە جیهانییەكەش بەدەست بهێنین؟!

پەنابەرێكی عێراقی لە ئەمریكا “هەوڵی كوشتنی” جۆرج دەبلیو بوش دەدات
پێشت پەنابەرێكی عێراقی لە ئەمریكا “هەوڵی كوشتنی” جۆرج دەبلیو بوش دەدات
رەنگە بڕوا نەکەیت وڵاتێک هەبێت خزمەتگوزاری نامەناردنی تێدا قەدەغەبێت
دواتر رەنگە بڕوا نەکەیت وڵاتێک هەبێت خزمەتگوزاری نامەناردنی تێدا قەدەغەبێت
ەیوەندیدار