حكومەتی عێراق كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای ڕاگەیاند



وتەبێژی حكومەتی عێراق ئاشكرای دەكات، محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی داوە لەگەڵ كۆتاییهاتنی كابینەكەی، ئەركی هاوپەیمانان لە عێراق كۆتایی بێت و دەشڵێت: ئەم هاوپەیمانییە ناتوانێت تا کاتێکی نادیار بمێنێتەوە.

دوێنێ‌ شەممە، 27ی 1ی 2024، سودانی سەرۆكایەتی یەكەمین كۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان عێراق و ئەمریكای كرد بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، كە لە ساڵی 2014 لەسەر داوای حكومەتی ئەو كاتەی عێراق هاتنە ناو عێراق و هەرێمی كوردستان و لە ساڵی 2018 كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان هێنا دژی داعش.

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق ئەمڕۆ یەك شەممە بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، “كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یەكێكە لە بڕگەكانی كارنامەی ئەم حكومەتە و كۆتاییهاتنی ئەو ئەركەش لە یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران دەستی پێكرد.”

ڕاشیگەیاند، محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی داوە، كە لەگەڵ كۆتاییهاتنی تەمەنی كابینەكەی، ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆتایی بێت و ئەوەش بەدی دەهێندرێت.

وتیشی، “كاتی ئەوە هاتووە دەست بكرێت بە تاوتوێكردنی ئایندەی كاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دانانی نەخشە ڕێگەیەك بۆ ئەوەی هەنگاو بنرێت بەرەو قۆناغێكی نوێ لە هاریكاری دوو قۆڵی نێوان ئەمریكا و عێراق”.

عەوادی ئاماژەی بەوەشدا، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە ساڵی 2014ـەوە دانیان بە بوونی هێزی شەڕكەردا نەنانەوە لە خاكی عێراقدا، بەڵكو وەك ڕاوێژكار مامەڵەیان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كردووە.

وتەبێژی حكومەتی عێراق وتیشی، ” دوای ساڵانێک لە ئازادكردنی عێراق، ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێویستی بە گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە هەیە لە ڕووی ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشکەشی کردووە لەسەر ئاستی لێکۆڵینەوە لە هەڕەشە و مەترسییەکان و پەرەپێدانی تواناکانی شەڕ و ڕاهێنان و هەواڵگری و چەکسازیی هێزە عێراقییەکان تاوەكو ئەرکی نیشتمانی خۆیان بۆ پاراستنی خاکی عێراق جێبەجێ بکەن”.

جەختیشی كردەوە، “ئەم هاوپەیمانییە ناتوانێت تا کاتێکی نادیار بمێنێتەوە” و وتیشی، “بەشێک لە گەیشتن بە کۆتایی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان بریتییە لە نەهێشتنی هیچ هێزێک لەسەر خاکی عێراق و هەنگاونان بۆ قۆناغێکی نوێی هاوکاری سەربازی و ئەمنی”.

تەمەنی ئەم كابینەیەی حكومەت لەگەڵ كۆتاییهاتنی تەمەنی پەرلەمان كۆتایی دێت، كە لە تشرینی یەكەم (11)ی 2025 دەبێت.

بارزانی و كاڵن كۆبوونەوە
پێشت بارزانی و كاڵن كۆبوونەوە
ژنێکی کورد نوێنەری عێراقە لە جیهاندا
دواتر ژنێکی کورد نوێنەری عێراقە لە جیهاندا
ەیوەندیدار