ئەلمۆنیتۆر: ئێران بە ئەنقەست ئامانجی “ئاسان”ی لە هەولێر هەڵبژارد



ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر)ی ئەمریكی بڵاویکردەوە، ئێران بە ئەنقەست ئامانجی ئاسانی لە هەولێری عێراق هەڵبژارد، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی ململانێكانی توندتر نەبێتەوە، کە تاران تۆمەتباری کردووە بەوەی لە پشت هێرشەکانی “کرمان”ەوە بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەرە ئەمریكییەكە، “گفتوگۆکان لەسەر ئەوە پەرەی سەندووە، کە هێرشەکە تەنها بۆ پڕوپاگەندەی ناوخۆیی و دڵخۆشکردنی ناوخۆیی ئێران و نیشاندانی تۆڵەسەندنەوەی بەڵێندراو بووە، کە پێدەچێت لەسەر ئامانجێکی هەڵە و ئاسان ئەنجام درابێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ئەو ئامانجەی تێکشکێنراوە بە هەڵدانی ١١ مووشەکی بالیستی بووە لە دوو شوێن لە ناوچەی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران بۆ بنکەیەکی سیخوڕی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی ئیسرائیلی مۆساد، كە لە هەولێر بەڕێوەی دەبرد.

سوپای پاسدارانی ئێران ئەو هێرشانەی بە “وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی ئێران” وەسف کردووە، کە دیارترینیان دوو بۆردومانەکەی کرمان بوو، کە داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ گرت و تیایدا لانیکەم ٩٤ کەس کوژران، کە لە یادی چوارەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا لە دەرەوەی بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجام درا.

لای خۆیەوە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو تۆمەتانەی ئێران ڕەتدەكەنەوە و ئاماژە بەوەدەكەن، مووشەکەکان بەر شوێنی نیشتەجێبوونی بازرگانێکی دیاری کورد “پێَشڕەو دزەیی” کەوتووە، کە لەگەڵ 3 کەسی دیکە کوژراون، کە کچە یەک ساڵانەکەیشی تێدایە.

ئەلمۆنیتۆر لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، “هێرشەکانی ئێران لە پلەی یەکەمدا گرژیی هێنایەوە سەر پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران، هەروەها کاریگەری لەسەر لایەنی ئیسرائیلی نەبووە، کە تا ئێستاش سەرقاڵی شەڕی غەززەیە”.

دوو شەو لەمەوبەر لە ڕێگەی مووشەكی بالستییەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران بۆردومانی ماڵی گەورە بازرگانێكی لە هەولێر كرد و بەهۆیەوە ئەو بازرگانە و كچە یەك ساڵانەكەی گیانیان لەدەستدا و هاوسەر و دوو منداڵی بریندار بوون.

بۆردومانەكەی سەر شاری هەولێر كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و ئەمڕۆش كۆمكاری عەرەبی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام دەدات بۆ ئیدانەكردنی ئەو بۆردومانە.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سەرۆكی شاندی لێكۆڵینەوەی عێراق دوای سەردانی شوێنی بۆردومانەكە لە هەولێر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) ڕایگەیاندووە، به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چوونەتە ماڵی ئەو سەرمایەدارەی شەوی ڕابردوو لە هەولێر كرایە ئامانج.

ڕاشیگەیاندووە “دەرکەوت ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ی باس لەوە دەکەن بارەگای مۆسادە، ڕاست نین”.

بۆردومانەکانی تورکیا کارەبا و ئاو و غازی لە ڕۆژئاوا بڕیوە
پێشت بۆردومانەکانی تورکیا کارەبا و ئاو و غازی لە ڕۆژئاوا بڕیوە
عێراق فۆڕمی دامەزراندن ڕادەگەیەنێت و دەرچووانی هەرێم دەگرێتەوە
دواتر عێراق فۆڕمی دامەزراندن ڕادەگەیەنێت و دەرچووانی هەرێم دەگرێتەوە
ەیوەندیدار