چارەسەرکردنی گریانی منداڵی تازە لە دایکبوو چۆن دەکرێت؟



پزیشکێکی منداڵان باس لە مەترسییەکانی ئەنجامدانی باژەڵە بۆ منداڵان دەکات و دەڵێت، ” ژیانی چەندین منداڵی نازداری ئەم ووڵاتەی کۆتایی پێهێناوە”.

د. پشدەر عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان سەبارەت بە تەندروستبوونی باژەڵە بۆ چارەسەرکردنی گریانی منداڵی تازە لە دایک بوو ڕایگەیاند، کردارێکی درووست نیە بەڵکو ژیانی چەندین منداڵی نازداری ئەم ووڵاتەی کۆتایی پێهێناوە، بەداخەوە سکی ئەو منداڵە بە مووس دەبڕێت تەنها لەبەر ئەوەی منداڵەکە حاڵەتێکی ئاسایی هەیە کە پێی دەوترێت غازاتی منداڵ.

ئاماژەی بەوەکرد، کرداری باژەڵە هەندێکجار ئیلتیهابێکی زۆری خوێن دروستدەکات کە چارەسەرەکەی زۆر گرانە و لەوانەیە بە مردنی منداڵەکە کۆتایی پێبێت، تا ئێستا لەم شارەدا چەندین منداڵ بە ئازارێکی زۆرەوە مردووە لەبەر باژەڵە .

غازاتی منداڵ چییە؟

کۆلیک یان غازاتی منداڵی تازە لەدایک بوو چیە؟ هۆکارەکەی دەبێ چی بێت؟ چۆن بتوانین ئەم گریان و غازاتە کەم بکەینەوە؟

ئەو پزیشکە باسی لەوەکرد، گریانە بۆ زیاتر لە ۳ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، زیاتر لە ۳ ڕۆژ لەهەفتەیەکدا و بۆ ماوەی زیاتر لە ۳ هەفتە، نزیکەی ۲٥٪ منداڵ تووشی ئەم غازات و گریانە دەبێت، زۆربەی کات لە ئێوارەو شەودا پێش نیوە شەو ڕوودەدات، لە تەمەنی ٦ بۆ ۸ هەفتە بڕی ئەو گریان و غازاتە دەگاتە لووتکە.

هۆکارەکەی چییە؟

د.پشدەر عەبدوڵا هەرچەندە هیچ هۆکارێکی دیاری کراوی نیە، بەڵام ئەم شتانەی کە لە خوارەوە باسی دەکەین لەوانەیە ئەو غازاتە زیاد بکەن:

۱-باش پێنەگەیشتنی سیستەمی مێشکو دەمار.

۲-هەستیاری زۆر بۆ دەست لێدان و دەنگە دەنگ ئەگەر هەیبێت.

۳-ئەو منداڵانەی کە شیری دایکیان دەخۆن لەوانەیە هەندێک خواردن کە دایکی دەیخوات هۆکار بێت بۆ زیاد بوونی غازات.

٤-ئەو منداڵانەی کە شیری قووتو دەخۆن لەوانەیە هەندێ پڕۆتینی ناو شیرەکەیان پێ نەکەوێت.

٥-زۆر شیر خواردن یان خێرا شیر خواردن.

٦-ئەو دایکانەی کە جگەرە لە کاتی سکپریەکە دەکێشن ڕێژەی غازات لە منداڵەکانیاندا دوو ئەوەندە زیاد دەکات.

۷-ئەگەر دوای شیر خواردنەکە نۆشی نەکات واتە نەی خەیتە سەر شانت بۆ نۆش کردن.

۸- منداڵێک کە کێشی کەم بێت لەکاتی لە دایک بووندا.

۹-ئەگەر منداڵەکە برسی بێت.

۱۰-ئەگەر منداڵەکە ترشیەتی گەدەی بگەڕێتەوە سوڕێنچکی.

 

چۆن بتوانین ئەم غازاتە کەم بکەینەوە؟

۱-پێویستە منداڵەکە زۆر لە باوەش بگریت تەنانەت ئەوکاتانەی کە نەشگریەت.

۲-دەتوانی بتڵێک ئاوی گەرم یان مەمەشوشە ئاوی گەرمی تێدا بێت ( بە مەرجێک زۆر گەرم نەبێت زیان بە منداڵەکە بگەیەنێت) ، لەسەر سکی منداڵەکە دابنێ.

۳-دایکی شیردەر هەوڵ بدە منداڵەکە و لایەکی سنگت بەتاڵ بکاتەوە ئینجا بیبەیتە سەر لاکەی تر.

٤-هەوڵ بدە دەست بەسەر سکی منداڵەکەتدا بهێنیت لە شێوەی میلی کاتژمێر.

٥-ئەو منداڵانەی کە شیری قووتو دەخۆن باشترە جۆری شیرەکە بگۆڕن نەوەک هەستیاری هەبێت بە پڕۆتینی ئەو شیرە.

٦-زوو زوو منداڵەکەت بخەرە سەر شانت.

۷-دەتوانیت منداڵەکەت لەسەر سکی بیخەیتە سەر قاچەکانت، وەجووڵە بە قاچەکانت بکەیت بۆ ئەوەی ماساج بە سکی بکرێت.

۸-زۆر جار منداڵ کاتێک دەیخەیتە ناو سەیارە و لەکاتی ڕۆیشتنی سەیارە منداڵەکە بێ دەنگ دەبێت، بۆیە دایک و باوک سوودی زۆر لە سەیارە ئەبینن.

چ کاتێک پێویستە ترسمان هەبێت و پێویستی بە بینینی پزیشک بێت(ئەوانە نیشانەی غازات نین)؟

۱-ئەگەر تای هەبێت.

۲-پیساییەکەی خوێن یان لیمانی لەگەڵدا بێت.

۳-ڕشانەوە بەتایبەتی ئەگەر زۆر و بە قوڵپ بێت.

٤-ئەگەر ئارەزووی شیر خواردنی کەمی کرد.

بۆرد(دکتۆرا) لە نەخۆشیەکانی منداڵان و تازە لەدایک بووان

بەکالۆریۆس لەپزیشکی هەناوی و نەشتەرگەری گشتیدا

 

حکومەتی هەرێم دەربارەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت کۆدەبێتەوە
پێشت حکومەتی هەرێم دەربارەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت کۆدەبێتەوە
ژینگەی هەولێر: هەوڵێکی پیسکردنی ژینگەمان پووچەڵ کردەوە
دواتر ژینگەی هەولێر: هەوڵێکی پیسکردنی ژینگەمان پووچەڵ کردەوە
ەیوەندیدار