ڕواندا دەبێتە مەترسی بۆ سەر پەنابەران؟



پەنابەران لە مەترسییەکانی نێو وڵاتەکانیان هەڵهاتوون و لە بەریتانیا چاوەڕوانی وەرگرتنی مافی پەنابەرین، بەڵام بڕیاری ناردنیان بۆ ڕواندا بووەتە هەڕەشەیەکی دیکە و دووچاری شڵەژانی کردوون.

بەپێی ئامارەکان، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەریتانیا ٦٧ هەزار و ٣٣٧ داواکاری پەنابەری تۆمارکردووە، لە نێوان مانگی تەمموزی ٢٠٢٢ و حوزەیرانی ٢٠٢٣دا  ٪٤١ی داواکاریی ئەو کۆچبەرانە بووە کە بە بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە ئەودیوی کەناڵی ئینگلیزەوە.

بڕیاری ناردنی پەنابەران لە بەریتانیا بۆ ڕواندا لە ٢٣ی نیسان لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، تەواوکەری ئەو یاسایە کە ڕێگەدەدات بە دەرکردنی کۆچبەران بۆ وڵاتی ڕەسەن یان بۆ وڵاتی سێیەمی سەلامەتی وەک ڕواندا، پێشکەشکردنی داواکاری پەنابەری بۆ ئەو کۆچبەرانە قەدەغە دەکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەنە خاکی بەریتانیا.

ماردین حامید، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی دەزگای لوتکە وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیای خەڵک دەداتەوە، لەبارەی ڕەوشی پەنابەرانی بەریتانیا.

خەڵک: بەریتانیا لە بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا ئامانجی چییە ؟

ماردین حامید: ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ئەمساڵ، بڕیاری ناردنی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندوا، بوو بە یاسا و لە پەرلەمانی بەریتانیا دوای دوو ساڵی دەنگی لەسەر درا.

ئێمە وەکو دەزگای لوتکە بە شێوەیەکی ورد چاودێری دانیشتنی پەرلەمانمان کردووە، ئامانجی ڕیشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بڕیارەکە، وەستاندنی کۆچی نا یاساییە بۆ وڵاتەکەی لە ڕێگەی بەلەمە بچووکەکانەوە.

دەیویست بە هەر ڕێگایەک بووە، ڕێڕەوی کۆچبەران بە ئاڕاستەی بەریتانیا بگۆڕدرێت تا ڕێگری لە هەڵکشانی ژمارەی پەنابەر لە وڵاتەکەیدا بکات، دوای ئەوەی هەواڵی گۆڕانی ڕێڕەوی کۆچبەران بڵاوبووەوە، ڕیشی سوناک ڕایگەیاند، “ئامانجەکەمان بەدیهات”.

 

خەڵک: ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا تا چ ڕادەیەک مەترسیدار دەبێت؟

ماردین حامید: سەبارەت بەوەی کە ئەم بڕیارە مەترسی بۆ ڕەوشی پەنابەران دروست دەکات یاخود نا، ئێمە تا ئێستا نازانین ڕەوشی ژیانکردنی پەنابەران لە ڕواندا بە چ شێوازێک دەبێت، بێگومان ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانیشی نەبێت، بەڵام هەر کەسێک بە بێ ویستی خۆی و بە زۆرەملێ بچێت بۆ وڵاتێک مەترسی دەروونی بۆ سەر دروست دەبێت.

لە کاتێکدا پێشتر هیچ یاسایەکی ئەوەنە توند نەبووە لە دژی پەنابەران، کە ڕاستەوخۆ دیپۆرتبکرێنەوە یاخود بنێردرێن بۆ ڕواندا، وەکو دەزگای لوتکە بەردەوامدەبین لە هەوڵەکانمان تا بتوانین هاوکاری پەنابەران بکەین.

 

خەڵک: لە دوای بەریتانیا پەنابەران پەنادەبەنە بەر وڵاتی جێگرەوە؟

ماردین حامید: دەتوانین بڵێین وڵاتی جێگرەوە ئیرەلەندا و فەڕەنسایە، بڕیارەکەی بەریتانیا وایکردووە ئێستا ئاڕاستەی کۆچبەرەکان بەرەو ئیرلەندا بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجی کۆچبەران بەریتانیایە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرۆک وەزیرانی ئیرلەندا ڕایگەیاند، “ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر هاتوونەتە وڵاتەکەمەوە، ئەمەش مەترسیی ئابووری دروست دەکات”، هاوکات چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە نیگەرانی خەڵکیشی لێکەوتووەتەوە.

 

خەڵک: وەک دەزگای لوتکە تا چەندێک ئاگاداری ڕەوشی پەنابەرانن؟

ماردین حامید: لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی پەنابەرانی بەریتانیاین، لە ڕاستیدا بڕیارەکە بووەتە هۆی شڵەژانی دەروونی پەنابەرەکان، یەکەم فڕۆکە بۆ ناردنی پەنابەران لە بەریتانیەوە بۆ ڕواندا ئامادەکراوە، بەڵام تا ئێستا یەکلای نەبووەتەوە کە کۆمپانیا گەشتییارییەکان بەشداردەبن یاخود نا.

وەک دەزگای لوتکە هیچ ئامارێکی فەرمیمان لانییە، کە ژمارەی ئەو پەنابەرە کوردانەی لە بەریتانیان چەندە کە ئێستا بەهۆی بڕیاری ناردنیان بۆ ڕواندا مەترسییان لەسەرە، بەڵام سەرقاڵی سەرژمێرین.

بە گشتی ١٣٨هەزار کەس داوای مافی پەنابەرییان لە بەریتانیا کردووە کە نەتەوەی سەرەکی ئەفغانییەکانن، دواتریش هیندی، ئێرانی و سوورییەکان، بەڵام ڕێژەی پەنابەری عێراقی بەراورد بە ڕابردوو کەمیکردووە.

وەزارەتی ناوخۆی هه‌رێم هەلی کاری ڕاگه‌یاند
پێشت وەزارەتی ناوخۆی هه‌رێم هەلی کاری ڕاگه‌یاند
پارێزگاری هەولێر: پشتیوانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەکەین لە تورکیا
دواتر پارێزگاری هەولێر: پشتیوانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەکەین لە تورکیا
ەیوەندیدار