مامۆستایانی ناڕازی مەرجی شكاندنی بایكۆت ڕادەگەیەنن



سەرەڕای بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و كۆیە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، تەنها چەند خوێندنگەیەك دەوامیان دەستپێكردۆتەوە و زۆرینەی مامۆستایان سوورن لەسەر بایكۆت، هاوكات مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن، تا وەڵامێکی کرداریی دڵنیاکەرەوە وەرنەگرین، بەردەوام دەبین و لە نزیکترین دەرفەتدا لە شەقام دەبین.

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئیرادەی بەهێزی مامۆستایان و پێداگرییان لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان، هەنگاوێکی تری فشارەکانی دەسەڵات بۆ بە زۆر کردنەوەی دەرگاکانی خوێندن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان، شکستی پێهێنرا.

جەختیشی كردۆتەوە، “ئێمە بایکۆتمان کردووە تا جارێکیتر بایکۆت نەکەینەوە. بۆیە تا وەڵامێکی کرداریی دڵنیاکەرەوە وەرنەگرین، بەردەوام دەبین و لە نزیکترین دەرفەتدا لە شەقام دەبین”.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
فشارەکان شکستییان هێنا لە دوای ئەوەی دەسەڵات هەموو هەوڵە حیزبیی و ئیدارییەکانی خۆی لەمڕۆدا بۆ کردنەوەی دەرگای خوێندگەکان چڕکردبۆوە، هەر لە ئاگادارکردنەوەوە تا زمانی هەڕەشە و سزادان بەرامبەر مامۆستایان و بەڕێوبەرە بەهەڵوێستەکان.
لە هەمان کاتیشدا، وەك بەشێك لە فشارەکان، میدیا فەرمیی و سێبەرەکانی دەسەلات چاوەڕێی ڕووماڵی کردنەوەی دەرگاکانی خوێندن بوون. بەڵام خۆشبەختانە ئیرادەی بەهێزی مامۆستایان و پێداگرییان لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان، هەنگاوێکی تری فشارەکانی دەسەڵات بۆ بە زۆر کردنەوەی دەرگاکانی خوێندن لەسەرجەم شاروشارۆچکەکان، شکستی پێهێنرا.
لێرەوە جارێکی تر بە دەسەڵات دەڵێینەوە، ڕێگای کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان فشار و هەڕەشە نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانە.
ئێمە بایکۆتمان کردووە تا جارێکیتر بایکۆت نەکەینەوە. بۆیە تا وەڵامێکی کرداریی دڵنیاکەرەوە وەرنەگرین، بەردەوام دەبین و لە نزیکترین دەرفەتدا لە شەقام دەبین.
لە کۆتاییشدا سوپاسی هەڵوێستی مەردانە و بوێرانەی مامۆستایان و بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانییان دەکەین.
شەکاوە بێت ئاڵای خەباتی مەدەنیی
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی
٩ / ١ / ٢٠٢٤

ژنێك كوڕێك و دوو كچی بە یەك سك بوو
پێشت ژنێك كوڕێك و دوو كچی بە یەك سك بوو
چۆن دەرمانەکان لە ماڵەوە هەڵبگرین؟
دواتر چۆن دەرمانەکان لە ماڵەوە هەڵبگرین؟
ەیوەندیدار