پاراستنی بازاڕە میللییەکانی هەولێر دەدرێتە دەست پۆلیسی هەولێر



قائیمقامی هەولێر رایگەیاند، ئەمنیەتی بازاڕە میللییەکانی هەولێر لە کۆمپانیاکانی ئەمنی وەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە دەست پۆلیسی هەولێر، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری لە هەولێر بەردەوامە.

نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە،  لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر، و (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران) جەختیکردەوە بەردەوام بونی کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات، و تائێستاش کارەکانی ئەو لیژنەیە بەردەوامە، ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە یا شۆرتی کارەبایە یا کەمتەرخەمی چەند کەسێک بووە کە لەوێدا کاریان کردووە، بۆیە ئەگەر ئەمجارە گومانێکیشمان هەبێ تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان هیچ قسەیەک لەسەر هۆکارەکان ناکەین هەم بۆ سەلامەتی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان هەم بۆ ئەوەی خەڵک زانیاری نادروستی پێنەگات، بەڵام ئەوەی گرنگە لە بەرزترین ئاستی حکومەت چاودێری لێکۆڵینەوەکان دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەردوو ڕووداوی ئاگرەکەی لەنگە ئەوەی گومانی لەسەر بوبێ یا کەمتەرخەم بوبێ دەستگیرکراون، بەڵام خۆ مەرج نیە ئەوەی گومانی لەسەر بێت یا کەمتەرخەم بوبێ بە ویست و بەرنامە بوبێ، بەڵێ خەڵک لەسەر ئاگری دووەمجاری لەنگە دەستگیرکراون و تائێستاش لەژێر لێکۆڵینەوەدان (٦-٧)کەسن، بەڵام جارێ بۆ ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و ناکرێ باسی وردەکاری ناو لێکۆڵنەوەکان بکرێ،

ڕوونیشیکردۆتەوە، کە باسی شۆرتی کارەبا دەکرێ وەک هۆکاری ئاگر کەوتنەوە، مەرج نیە وەزارەتی کارەبا خەتابار بێ، بەڵکو زۆرجار خودی بەکارهێنەرەکەیە کە کارەبا بە هەڵە بەکاردەهێنێت و دەبێتە هۆی ئاگر کەوتنەوە.

قائیمقامی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، لەمەودوا ئەمنیەتی بازاڕە میللییەکانی هەولێر لە کۆمپانیاکانی ئەمنی وەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە دەست پۆلیسی هەولێر، بازاڕ ڕێکدەخرێتەوە، ڕەنگە کە باسی کەمتەرخەمی دەکەین بەشێکیش بەر هەندێک لەو کۆمپانیایانە بکەون.

شایەنی باسە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بازاڕی قەیسەری لە هەولێر گڕیگرت و زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی بەر خاوەن دوکاندارەکان کەوت، ئەمە وێڕای ئەوەی بەهۆی ئاگرەکەوە سیمای شارستانی و دێرینی ئەو بازاڕەی شاری هەولێر بەتەواوی شێواوە.

کێشەی جووتیارانی کەرکوک چارەسەردەکرێت
پێشت کێشەی جووتیارانی کەرکوک چارەسەردەکرێت
شەقامێكی سەرەكی ناوبازاڕی سلێمانی چەند ڕۆژێك دادەخرێت
دواتر شەقامێكی سەرەكی ناوبازاڕی سلێمانی چەند ڕۆژێك دادەخرێت
ەیوەندیدار