جۆرێكی ڤاكسینی كۆرۆنا لە جیهاندا دەكێشرێتەوە



كۆمپانیا ئەسترازێنیكای سویدی و بەریتانی ڤاكسینەكەی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا كشاندەوە و هۆكارەكەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی “پێكوتەی پێشكەوتووتر و كاراتر لە بازاڕەكانی جیهاندا هەیە”.

مانگی ئازاری ئەمساڵ، كۆمپانیای ئەسترازێنیكا، كە كۆمپانیایەكی هاوبەشی (سویدی- بەریتانی)یە و بە یەكێك لە كۆمپانیا گەورەكانی جیهان لەبواری دەرمانسازی دادەنرێت داوای لە یەكێتی ئەوروپا كرد ڕەزامەندی پێبدات لەسەر كشانەوەی پێكوتەكانی “ڤاكسین” لە وڵاتانی ئەوروپادا. دەزگای دەرمانسازی ئەوروپی دوێنی 7ـی ئایار بە فەرمی ڕێگەپێدانی بۆ ڤاكسینی ئەسترازێنیكا ڕاگرت.

كۆمپانیای ئەسترازێنیكا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڤاكسینە نوێیەكانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە هۆی دابەزینی خواست لەسەر پێكوتەی كۆمپانیاكەیان و لە ئەنجامدا كۆمپانیاكە بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ڤاكسینەكەی وەستاندووە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەفتەی ڕابردووش كۆمپانیاكە ڕایگەیاند، ڤاكسینی ئەسترازێنیكا كاریگەرییەكی لاوەكی دەگمەنی هەیە، كە دەبێتە هۆكاری خوێن مەین و كەمبوونەوەی پەڕەكانی خوێن. پێشتریش بەهۆی كاریگەرییە لاوەكییەكانەوە داوای یاسایی دژی كۆمپانیاكە تۆماركرابوو .

دوابەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە بووە هۆی قەدەغەی هاتووچۆی گشتی لە سەرتاسەری جیهاندا و پەككەوتنی ژیانی گشتی و مردنی ملیۆنان هاووڵاتی، چەندین كۆمپانیا كەوتنەخۆیان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسین دژی ئەو ڤایرۆسە (كۆڤید19) و لەو نێوەندەشدا ڤاكسینی “ئەسترازێنیكا (سویدی-بەریتانی) و فایزەر (ئەمریكا) و جۆنسن ئاند جۆنسن (ئەمریكا) و سینۆفارم (چین) و سپۆتانیك-ڤی (ڕوسیا)” بەرهەمهێنران.

ڕاگەیەندراوێک لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمەوە
پێشت ڕاگەیەندراوێک لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمەوە
پێشەوا هەورامانی زانیاری لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست و مووچە ئاشکرا دەکات
دواتر پێشەوا هەورامانی زانیاری لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست و مووچە ئاشکرا دەکات
ەیوەندیدار