کیێڤ؛ ڕووسیا خۆی بۆ هێرشێکی توند و فراوان ئامادە دەکات



 

هۆشدارییەکانی ئۆکراین ئەوە دەخەنە ڕوو؛ لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا و لە بەرزترین ئاستدا، ڕووسیا ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی سەربازی بەرفراوان دەکات.

 

دوایین هۆشداری، کە لەلایەن ئۆلێکسی ڕێزنکۆف وەزیری بەرگری ئۆکراین و فەرماندەی سوپای ئۆکراین و ئەفسەرە باڵاکانییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەمجارە هێرشەکانی مۆسکۆ، کیێڤی پایتەختیش دەگرێتەوە.

 

ئەو بەرپرسە سەربازییانەی کیێڤ، پێشبینی دەکەن لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی نوێدا مۆسکۆ دەستپێکێکی چڕ لە هێرشەکانی گور پێبداتەوە.

 

هاوکات  لەگەڵ ئەم هۆشدارییانە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشەوەی شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ئۆکراین کرد، کە سەرجەم لقەکانی بەشدار لە شەڕەکەدا دەگرێتەوە، کە چاودێران، ئەمە بە نیشانەی خۆ سازدان بۆ هێرشێکی فراوان دەبینن، کە شەڕ لە ئێستاوە لە لێواری هەڵکشانێکی گەورەدایە.

 

فەرماندەی سوپای ئۆکراین، ڤالێری زالوژنی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەفتەنامەی (زە ئیکۆنۆمیست)ی بەریتانی، ئاماژەی بەوەداوە؛ “ئەرکێکی ستراتیژی زۆر گرنگ لەپێش بەرپرسانی سەربازی وڵاتەکەیەتی، ئەویش دروستکردنی هێزی یەدەگ و ئامادەکارییە بۆ شەڕێک کە دەکرێت لە مانگی شوباتدا ڕووبدات”.

 

شارەزایان پێیان وایە، بەردەوامیی ئەم هۆشدارییانەی کیێڤ زۆرجار لە ئەنجامی زانیاریی دروستی پەیوەست بە پەرەسەندنەکان ڕوودەدەن، لەڕووی جموجۆڵ و خۆ کۆکردنەوەی هێزەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەڕاستی ڕووسەکان لە پرۆسەی چڕکردنەوەی هەڵمەتە سەربازییەکانیاندان کە بۆ ماوەی ١٠ مانگە بەردەوامی هەیە و میکانیزم و تاکتیکی نوێ دەگرنەبەر لە کاتێکدا شەڕەکە خەریکە لە ساڵی یەکەمی خۆی نزیک دەبێتەوە.

 

شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم هۆشدارییانەی ئۆکراین، دەکەونە چوارچێوەی کۆکردنەوەی پشتیوانیی ڕۆژئاواییەکان بۆ کیێڤ، و مەرج نییە ڕەنگدانەوەی واقیعی دۆخەکە بن.

 

تیمۆر دوویدار، توێژەری ستراتیژی و پسپۆڕی ڕووسیا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاندووە: هیچ ئاماژەیەک نییە لە ڕووی کەرەستەی سەربازیی و جموجۆڵەکانی ڕووسیا بەرەو خۆئامادەکردن بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر کیێڤ، چونکە ئامانجی سەرەکی ڕووسیا بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵی دۆنباسە، کە کۆمارەکانی لوهانسک و دۆنێتسک لەخۆدەگرێت.

 

دوویدار دەشڵێت: “لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سیناریۆیە بەدوور دەزانرێت بۆ ڕووسیا و زۆرجاریش ئەوەی دەوترێت پڕوپاگەندە و پەرەسەندنێکی میدیاییە لەلایەن ڕۆژئاوا و حکومەتەکەی زێلێنسکیەوە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و هەوڵدان بۆ کەمەندکیشکردنی رۆژئاوا بەرامبەر پلانەکانی ڕووسیا.

 

لە ئەگەری ئەوەی جارێکی دیکە مەودای هێرشی ڕووسیا لە ئۆکراین فراوانتر بکرێت و ئامانجەکە چاو بخاتە سەر کیێڤ، ئەو شارەزایە دەڵێت؛ کاردانەوەی ڕۆژئاوا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، تەنیا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی کەرەستە و چەک بۆ هێزەکانی ئۆکراین، تەنها فشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەسەر مۆسکۆ زیاد دەبن.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نەتەوەکانی حکومەتی ئۆکراین، عیماد ئەبو ئەلروب، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی دەڵێت: لە زۆر بەرەدا ئۆکراین توانی ڕووسەکان ناچار بکات پاشەکشە بکەن، لە سەرەتای جەنگدا لە کیێڤ، بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکان بۆ گەمارۆدان و کۆنترۆڵکردنیمان بینی، پاشان شکستی ڕووسیاشمان لە خێرسۆن بینی، ڕەنگە مۆسکۆ پەنا ببات بۆ فروانکردنی هێرشەکانی و توندکردنەوەی، وەک جۆرێک لە تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر ئەم شکستانەی.

 

ئەبو ئەلروب، دەشڵێت: کیڤ لە بەرامبەر ئەم مەترسییە نزیکەدا، گرەو لەسەر پاڵپشتیکردنی جیهان دەکات، بەو پێیەی تەنها بەرگریی لە سەروەری و خاکەکانی دەکات و داوای دابینکردنی ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە و سیستمی بەرگری پێشکەوتوو دەکات کە بتوانێت بەرگەی هێرشی داهاتووی ڕووسیای پێبگرێت و تەنیا بەرپەرچ بداتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا مافی ئۆکراینە قووڵایی ڕووسیا بکاتە ئامانج بەرامبەر بەرگریکردن لەخۆی و سنووردارکردنی بەردەوامیی هێرشەکانی مۆسکۆ لە دژی.

 

بەبڕوای عیماد ئەبو ئەلروب، لەساڵی نوێدا، پەرەسەندن و ڕووبەڕووبوونەوەکان گەرمتر دەبن، بەتایبەتی لە دەوروبەری شاری مێلیتۆبێل، کە ئەم ناوچەیە دەبێتە هۆی دابڕینی ئۆکراین بە گەڕاندنەوەی هێڵی وشکانی کە ڕووسیا و نیمچە دوورگەی کریما بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش وا دەکات ڕێگاکانی دابینکردنی لۆجستی و سەربازی بۆ هێزەکانی ڕووسیا پەک بخات”.

ئەوروپا لە هەنگاوەکانی ئەردۆغان نیگەرانە
پێشت ئەوروپا لە هەنگاوەکانی ئەردۆغان نیگەرانە
بەهای دۆلار جێگیردەبێتەوە
دواتر بەهای دۆلار جێگیردەبێتەوە
ەیوەندیدار